بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە دەست پێدەکاتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بە نێوەندگیریی ئەمریکا گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان ئەنەکەسە و پەیەدە دەست پێدەکاتەوە

”خاڵی گرنگی دانوستانەکان بەشداریی ئەنەکەسە لە ئیدارەی خۆسەر و گەڕانەوەی لەشکری رۆژ دەبێت بۆ رۆژئاوای کوردستان“

بە نێوەندگیریی ئەمریکا، وا بڕیارە لە سەرەتای ئەم مانگەوە، گەڕێکی دیکەی دانوستانەکانی نێوان (ئەنەکەسە) و (پەیەدە) دەست پێ بکاتەوە.

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا ئاشکرای دەکات، خاڵی گرنگی دانوستانەکانی ئەمجارەیان بریتییە لە بەشداریی ئەنەکەسە لە ئیدارەی خۆسەر و گەڕانەوەی لەشکری رۆژی پێشمەرگە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان.

عیماد برهۆ، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا، بۆ (باسنیوز) ئاشکرای کرد ”وا بڕیارە گەڕێکی دیکەی دانوستان لەنێوان ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکراتی (پەیەدە) دەست پێ بکاتەوە”.

گوتیشی ”دانوستانەکان لە ڕابردوو هەنگاوی زۆریان نا، بەڵام کۆمەڵێک پێشهاتی خراپ لەلایەن هێزەکانی (یەپەگە)وە ڕووبەڕووی کادیرانی ئەنەکەسە بوونەوە کە ئەوەش بووە هۆی لێکترازانی نێوانمان، بەتایبەتی دەستگیرکردنی ژمارەیەک کادیری ئەنەکەسە و میدیاکار، کە لەگەڵ ئێمەدا کار دەکەن و تاوەکوو ئێستاش ئازاد نەکراون و بێسەروشوێنن، کە ژمارەیان ١٤ کادیر و میدیاکار دەبێت، هەروەها داخستنی بارەگاکانی ئەنەکەسە، ئەوانە پێویستە بەر لە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان، زەمینەی گونجاویان بۆ بڕەخسێنرێت، بە ئازادکردنی ئەو کادیر و میدیاکارانە و ئازادبوونی ئەندامانی ئەنەکەسە لە کاری سیاسی“.

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا گوتیشی: ”دانوستانەکان، کە بڕیارە بە ئامادەبوونی نوێنەری ئەمریکا تیایدا دەست پێبکەنەوە، زیاتر پەیوەستە بە دوو بابەتی سەرەکی، یەکەمیان، بەشداریی ئەنەکەسە لە ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوای کوردستان، هەروەها بوونی لەشکری هاوبەش، کە ئەوەش پەیوەندیی بە گەڕانەوەی پێشمەرگەی لەشکری رۆژەوە هەیە بۆ رۆژئاوای کوردستان“.

جێی باسە، لە سەرەتاکانی ئەمساڵ (ئەنەکەسە و پەیەدە) لێکتێگەیشتنێکی هاوبەشیان راگەیاند، بەڵام دواتر بەهۆی دەستوەردانی پەکەکە لە گفتوگۆ و دانوستانەکان، خاڵەکانی لێکتێگەیشتنەکە لەلایەن پەیەدەوە جێبەجێ نەکران.