ڤایزەر و مۆدێرنا نرخی پێكوتەی كۆرۆنا گران دەكەن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ڤایزەر و مۆدێرنا نرخی پێكوتەی كۆرۆنا گران دەكەن

هەردوو كۆمپانیای بەرهەمهێنی پێكوتەی دژە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا نرخی فرۆشتنی پێكوتەكانی ڤایزەر و مۆدێرنایان گران كرد.

ئەمڕۆ یەكشەممە ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز" بڵاو كردەوە كە هەردوو كۆمپانیای ڤایزەر و مۆدێرنا لە نوێترین گرێبەستەكانیاندا لەگەڵ وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا، نرخی پێكوتەی دژە كۆرۆنایان گران كردووە.

بەپێی رۆژنامەكە، نرخی نوێی یەك ژەمە پێكوتەی ڤایزەر 19.50 يۆڕویە كە دەكاتە نزیكەی 23.15 دۆلاری ئەمریكی، ئەمەش لە كاتێكدایە پێشتر نرخی یەك ژەمە پێكوتەی ڤایزەر تەنها 15.50 يۆڕۆ بووە.

هەروەها بەپێی گرێبەستە نوێیەكان، نرخی یەك ژەمە پێكوتەی مۆدێرناش بووەتە 25.50 دۆلاری ئەمریكی، لە كاتێكدا لە گرێبەستەكانی سەرەتادا نرخەكەی 22.50 دۆلاری ئەمریكی بووە.

ڕۆژنامەكە هۆكاری گرانكردنی نرخی هەردوو پێكوتەكەی بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی داواكاری بازاڕ لەسەر هەردوو پێكوتەی كۆمپانیاكان گەڕاندووەتەوە، بەتایبەتییش كە ئێستا یەكێتیی ئەورووپا لەوە نزیك بووەتەوە 70%ی دانیشتوانی پێكوتەكان وەربگرن.

جێی باسە ماوەی چەند هەفتەیەكە جۆرە نوێیەكەی پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بە "دەلتا" ناسراوە، بەشێوەیەكی خێراتر و مەترسیدارتر بە وڵاتانی جیهاندا بڵاو بووەتەوە و ئێستا تەواوی وڵاتانی جیهان هەوڵ دەدەن بە پەلە زۆرترین پێكوتەی كۆرۆنا بەدەست بێنن.