جارێ ئێوە تیرۆركردنی ھەڤاڵانی خۆتان لە لایەن خۆتانەوە ڕابگەیەنن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 31/07/2021

جارێ ئێوە تیرۆركردنی ھەڤاڵانی خۆتان لە لایەن خۆتانەوە ڕابگەیەنن

لەسەر دیارنەمانی سێ چەكداریان لەنێوان خەلیفان و گوندی بێخمە، لە ماوەی ھەفتەیەكدا ھەپەگەی سەر بە پەكەكە، دوو ڕاگەیەندراویان بڵاو كردووەتەوە و داوا لە پارتی دەكەن چارەنووسی ئەو سێ چەكدارەیان پێ بڵێت.

لە بەشێكی ناو دووەم ڕاگەیەندراوی ھەپەگەدا ھاتووە: ”ئەو پۆلە گەریلایە لە سێ گەریلا بە ناوەکانی فەرماندە (سەروەر سەرحەد)، فەرماندەی ئەیالەتی خواکوڕک، (وارگەش چراڤ) و (دژوار بەرخۆدان) پێکدەهاتن و.... بڕیار بوو بۆ بەجێهێنانی ئەرکێک لە خەلیفانەوە بڕۆنە هەرێمی بادینان کە لە ئەنجامی هێرشێکدا لە گوندی بێخمەی خەلیفان لەلایەن هێزەکانی پەدەکەوە، په‌یوەندیمان بەو سێ هەڤاڵەمانەوە نەماوە".

لەبەر ئەوەی زۆر درۆیان كردووە، نازانم ئەو زانیاریانەی ھەپەگەی سەر بە پەكەكە لەبارەی دیارنەمانی ئەو سێ چەكدارەیان ھەتا چەند ڕاستە و پارتییش ڕاگەیاندن و وتەبێژی فەرمیی خۆی ھەیە بۆ وەڵامدانەوە، بەڵام لەدەرەوەی گشت حزبەكان و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و تەنیا وەك ھاووڵاتیەكی كوردستان، ئەم پرسیارانەم بۆ پەكەكە و گشت ھێزە چەكدارەكانی سەر بە پەكەكە لا دروست بووە:

1- كوان ڕوفاتی ئەو دەیان فەرماندە و ھەڤاڵانەی خۆتان كە لە ماوەی نزیكەی 40 ساڵ چەكداربوونی خۆتاندا و ھەر لای خۆتان و بە فەرمانی خۆتان یان لە ئەكادیمیای سەربازیی مەعسوووم كۆركوماز لە دەشتی بیقاعی لوبنان، یان لە لۆلان و زەڵێی سەر سنوورەكانی باشووری كوردستان تیرۆرتان كردوون؟

2- كوان چارەنووسی ئەو منداڵانەی كە بە قسەی بریقەداری ناو ئایدۆلۆژیا دیكتاتۆریانەكەی خۆتان، لە ھەموو بەشەكانی كوردستاندا ھەڵتان خەڵەتاندوون و ڕفاندووتانن و لای خۆتان كردووتانن بە چەكدار و ئینجا كاتێكیش باوك و دایك یان كەسانی نزیكی خانەوادەكانیان بۆ سەروسۆراخكردنیان دێنە لاتان و داوای چارەنووسی كوڕ و كچە منداڵەكانیانتان لێ دەكەن، پێیان دەڵێن لای ئێوە نین و ئەگەریش باوك و دایك و كەسوكاری نزیكی ئەو كوڕ و كچە ڕفێندراوانە زۆری لەسەر بڕۆن، ئەوانیش دەگرن و سەرنگومیان دەكەن؟

3- پێم بڵێن ئێوە لە ڕاگەیەندراوەكەی خۆتاندا بۆچی ھاتوون و ڕێك بە گوێرەی سیستەمی ئیداریی توركیا و بگرە سیستەمی ئیداریی كۆنی عوسمانیەكان خواكوڕكتان كردووە بە ئەیالەت واتە ویلایەت؟ پێدەچێت والییشتان بۆ ئەیالەتی خواكوڕك دانابێت! ئەوە لە كاتێكدایە خواكوڕك بەشێكە لە ھەرێمی كوردستان و دەكەوێتە ناو سنووری ئیداریی ھەرێمی كوردستانەوە.

4- ئەوەشم پێ بڵێن بۆچی ھەر لەو ڕاگەیەندراوەی خۆتاندا، بادینانتان كردووە بە ھەرێم و دەڵێن (ھەرێمی بادینان!) لە كاتێكدا بادینانیش بەشێكە لە ھەرێمی كوردستان و دەكەوێتە ناو سنووری ئیداریی ھەرێمی كوردستان؟ بێزەحمەت ئەوەشم پێ بڵێن كە لەسەر داوا و تەكلیفی كێ و بۆچی لای خۆتانەوە خواكوڕكتان كردووە بە ئەیالەت و بۆچی بادینانتان بەتەنیا دابڕیوە و كردووتانە بە ھەرێم؟

لەمێژە لەوانە تێگەییشتووم كە بۆچی داوای ھەرێمی سلێمانیان دەكرد و داواكردنی ھەرێمی سلێمانی داوا و تەكلیفی كێ بوو! بەڵام پێویستم بەوەیە كە بزانم ئەی ھەرێمی بادینان و ئەیالەتی خواكووڕك، تەكلیف و داوای كێیە؟