فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە: ئەنفالى بارزانییەکان پرۆسەیەکى ترسناکى پاکتاوى ڕەگەزی دژى گەلى کوردستان بوو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە: ئەنفالى بارزانییەکان پرۆسەیەکى ترسناکى پاکتاوى ڕەگەزی دژى گەلى کوردستان بوو

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بۆنەی ٣٨مین ساڵوەگەڕی جینۆسایدی بارزانییەکان لەسەر دەستی ڕژێمی بەعس ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە جەختی کردووەتەوە حکومەت بە ئەرکى خۆى زانیوە بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت تەواوى ئەو تاوانانەى دەرهەق بە هاووڵاتییانى کوردستان کراون، بخاتە بەردەم کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ.

لە بەشێک لەو ڕاگەیەندراوەدا هاتووە: "ئەنفالى بارزانییەکان یەکێک لە تاوانە گەورەکانى بەعس و پرۆسەیەکى ترسناکى پاکتاوى رەگەزی بوو دژى گەلى کوردستان، ئەمڕۆ لەم یادەدا، سەرى رێزو نەوازش بۆ قوربانیان و ئەو دایک و خوشک و خێزان و کچانە دادەنوێنین کە هاوکات لەگەڵ باوک و براو کەس و کاریان بوونە قوربانى و رووبەڕووى ئایندەیەکى نادیار بوونەوە".

دەقی ڕاگەیەندراوەکە:

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە هەموو هەوڵێکى دەخاتە گەڕ بۆ بە جینۆسایدناساندنی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، هەموو ئەو تاوانانەی دژی گەلەکەمان ئەنجام دراوە.

ئەمڕۆ گەلى کوردستان بە ڕێز و نەوازشەوە یادى رۆژێکى پڕ لە ماتەمینى دەکاتەوە، بەرەبەیانى رۆژێکى وەک ئەمڕۆ ساڵى ١٩٨٣ هێزە سەربازى و ئەمنییەکانى رژێمى پێشووى عێراق هەڵمەتێکى فراوانى رەشبگیرییان لە دەوروبەرى هەولێر ئەنجام دا و هەڵیان کوتایە سەر کۆمەڵگە زۆرەملێکان و زیاتر لە هەشت هەزار پیاو و کوڕى گەنج و مێردمنداڵی بارزانییان دەستگیر کرد. لەو ساوە تاکوو ئێستاش ئەو بارزانییانە نەگەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان و رژێمى سەددام لە بیابانەکانى عێراق بە دڕندانەترین شێوە قەتڵوعام و زیندەبەچاڵی کردن.

ئەنفالى بارزانییەکان، یەکێک لە تاوانە گەورەکانى بەعس و پرۆسەیەکى ترسناکى پاکتاوى رەگەزی بوو دژى گەلى کوردستان، ئەمڕۆ لەم یادەدا، سەرى رێز و نەوازش بۆ قوربانییان و ئەو دایک و خوشک و خێزان و کچانە دادەنوێنین کە هاوکات لەگەڵ باوک و برا و کەسوکاریان بوونە قوربانى و رووبەڕووى ئایندەیەکى نادیار بوونەوە.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت بە ئەرکى خۆى زانیوە بە بەڵگە و دۆکیۆمێنت تەواوى ئەو تاوانانەى دەرهەق بە هاووڵاتییانى کوردستان کراوە جا چ لەلایەن رژێمى پێشووى عێراق بێت وەک ئەنفال و راگواستنى کوردانى فەیلى، ئەنفالى بارزانییەکان، پرۆسەى بەدناوى ئەنفالى گەرمیان و بادینان، کیمیابارانکردن و خاپوورکردنى گوندەکان یان قەتڵوعامی کوردانى ئێزیدى لەلایەن تیرۆریستانى داعش، بخاتە بەردەم کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوەکانى مافى مرۆڤ.

ئێستا زۆرێک لە پەرلەمان و حکوومەتەکانى دونیا لەوە ئاگادارن کە گەلى کوردستان لە مێژووى نزیکیدا چەندین جار دووچارى پاکتاوى نەژادى و کۆمەڵکوژى و بە سوتماککردنى خاکەکەى بۆتەوە. لەم یادەدا وێڕاى سەرى رێزو نەوازش بۆ شەهیدانى جینۆسایدى بارزانییەکان، جەخت دەکەینەوە کە لە هەوڵەکانمان بەردەوام دەبین بۆ ئەوەى کۆمەڵگاى نێودەوڵەتى لەو تاوانانە ئاگادار بکەینەوەو نەهێڵین جارێکى دیکە گەلى کوردستان دووچارى کۆمەڵکوژى و جینۆساید ببێتەوە.

فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکوومەت