لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان: یاسای مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەك زۆر توند دەكرێت
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان: یاسای مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەك زۆر توند دەكرێت

هەوڵی هەموارکردنەوەی یاساکە دەدرێت

ئەندامێكی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی كوردستان رای گەیاند لە چوارچێوەی چاكسازیەكانی كابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لە ھەماھەنگیدان بۆ ھەمواركردنەوەی یاسای ھەڵگرتنی چەك و رێكارەكان توند دەكرێن و سزای ھەڵگرتنی چەكی نایاسایی لە چاو یاسای ئێستە زۆر توندتر دەكرێن.

نزار مەلا غەفار، ئەندامی لیژنەی ناوخۆ و ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان لە پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ لە ھەماھەنگیداین بۆ  ھەمواری یاسای مۆڵەتی ھەڵگرتنی چەك و ئەو یاسایە پێوستی بە ھەمواركردنەوە ھەیە و لە چوار چێوەی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا ئەو رێكارانە توند دەكرێن و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەڵگرتنی چەكی بێ مۆڵەت توندت دەكات".

لەبارەی ئەو مادانەی ھەموار دەكرێنەوە، ئەو پەرلەمانتارە گوتیشی: "لە ھەمواری یاساكەدا رێكارەكانی پێدانی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک زۆر توند دەكرێن، لەوانە سزای ھەڵگرتنی چەكی نایاسای دەگۆڕدرێن و زۆر توند دەكرێن و ئەو كەسانەش مۆڵەتیان پێ دەدرێت، دەبێ لەلایەن لیژنەی پزشكییەوە پشكنینی دەروونییان بۆ بكرێت".

پرسی بنبڕكردنی چەكی بێ مۆڵەتە لە دوایەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا گفتوگۆ لەسەر ھەمواری یاساكە كرا و سەرۆكی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئاماژەی بەوە دا کە ئەم دیاردەیە زۆر مەترسیدارە و پێویستە بە زووترین کات کۆتایی پێ بهێنرێت و نابێت بە هیچ شێوەیەک، ڕێگەی پێ بدرێت و دەبێ هەڵگرتنی چەک و فرۆشتنی چەک، بەپێی مۆڵەت بێت و لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بە یاسا ڕێگەپێدراو بێت.