بەوێنە.. خانەی کولتووریی لەپ زێڕین لە کۆیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

بەوێنە.. خانەی کولتووریی لەپ زێڕین لە کۆیە

یەکێک لە خانووە کۆن و کەلەپوورییەکانی کۆیە هەر بە کەلوپەلی ناوەوەی لە لایەن خاوەنەکەیەوە کراوەتە مۆزەخانە و رۆژانە بە رووی گەشتیاران کراوەیە، (خانەی کولتووریی لەپ زێڕین)ە، یەکێک لە شوێنە کەلەپووری و کولتوورییەکانی کوردییە کە لە ٢٨/٥/٢٠١٥ لە گەڕەکی بەفرقەندی شاری کۆیە دامەزراوە.

ئەم مۆزەخانەیە لەناو دوو خانووی لە یەکدراودا دامەزراوە کە خاوەندارییەتی بۆ بنەماڵەیەک دەگەڕێتەوە کە لە بنەماڵە ڕەسەن و بەناوبانگەکانی ئەو شارەن و بەهۆی گرنگیدانیان بە کاری کەلەپووری و بڵاوکردنەوەی فەرهەنگی کوردی و ناساندنی بە خەڵکانی تر ئەم مۆزەخانەیەیان دامەزراندووە.

مۆزەخانەی لەپ زێڕین پێکهاتووە لە چوار بەشی سەڕەکی کە بەشی یەکەم ژوورێکە وەک پێشوازی و ئۆفیسی بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە بەکار دێت، بەڵام هەر لەم ژوورەش کۆمەڵێک پارچە و کەلوپەلی کۆن و کەلەپووری دانراوە کە پێکدێت لە چەندین پارچە فەرش و جاجیمی کۆن کە نەخشی کوردییان پێوە دیارە، هەروەها چەندین وێنە و تابلۆی کۆن و وێنە و نەخشی ئاڵا و نەخشەی کوردستان دانراوە.

 بەشێک لەم ژوورە تایبەت کراوە بە کۆکردنەوە و هەڵواسینی جۆرەها مودیلی جلی کوردی کە بە رەنگ و نەخشی جوان و جیاوازەوە خراوەتەوە بەر دیدی بینەران و سەردانیکەران.

دوو بەشی دیکەی ئەم خانوو کولتوورییە کە پێکهاتووە لە دوو هۆڵی گەورە و کراوە کە شوێنێکە بۆ کۆکردنەوەی جۆرەها کەلوپەلی کۆنی میژوویی و کەلەپووری وەک سەماوەر و قاپوقاچاخی مس و کەرەستە و پێداویستیی کشتوکاڵ کە لە کۆنەوە لە لایەن خەڵکەوە بەکار هێنراوەن وەک داس و تەوەر و بێژەنگ و...

بەشێک لە دیوارەکانی دیوی ژوورەوەی هۆڵەکان بە کۆمەڵێک ملوانکە و مت و مورو و بابەتی جوانکاریی ئافرەتان وەک ئێکسسوارات رازێنراوەتە کە بە گوتەی بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە چەند پارچەیەکیان هی خاوەنی مۆزەخانەکە، واتە دکتۆر عەتیەیە.

لە کەلوپەلە سەرنجڕاکێشەکانی ناو ئەم مۆزە کەلەپوورییە کورسییەکی سەرتاشێن کە وەک یەکەم کورسی سەرتاشینی مودێرن کە هاتبێتە شاری کۆیە تۆمار دەکرێت و لەوێ دانراوە. بێجگە لەم کورسییە ئامێرێکی سەرەتایی چێشتلێنان (تەباخ) لەوێ هەیە کە لە مەخزەنەکەی تەنیشتییەوە دیارە کە ئەم ئامێرە بە نەوت کاری کردووە و لە تەباخە پێشکەوتووەکانی کۆنی ئەو سەردەمەیە کە بۆ داگیرساندنی ماددەی نەوتی بۆ بەکار هێناوە.

ژوورێکی ئەم مۆزەخانەیە تایبەت کراوە بۆ ئەو کەلوپەلانەی کە لە سەرەتای لەدایکبوونی منداڵ بۆی بەکار هاتووە هەتا ئەو کاتەی کە منداڵەکە پێ گرتووە، لەوێ وەک یەکەم شت سەبەتەیەکی خوری کە بەدەست چندراوە و دانراوە و دواتر جۆرەکانی جۆلانێ و لانکە و جۆرێک لە رەورەوە کە تایبەتە بۆ ئەوکاتەی کە منداڵ فێری رۆیشتن دەبێت کە ئەمیش بەشێکی گرنگی ژیانی هەموو مرۆڤێکمان بیر دەخاتەوە کە بریتییە لە پێگرتن و رۆیشتن.

لە بەشی پێشەوە و چوونە ژوورەوەی هۆڵی ژمارە دوو ئامێرێکی کۆنی فۆتۆگرافی دانراوە و بە گوتەی بەڕێوەبەری مۆزەخانەکە ئەمە لە یەکەم ئامێرە فۆتۆگرافرییەکانی شاری کۆیە بووە کە وێنەی کەسایەتییە بەناوبانگ و کاریگەرەکانی ئەم شارەی پێ گیراوە.

کەسایەتیی دامەزرێنەر و خاوەن مۆزەخانەکە دکتۆر عەتیە حەمە سەعیدە کە پسپۆری تایبەت بە نەخۆشیی ئافرەتان و منداڵبوونە، هەر ئەمەشی وای لێکردووە پسپۆڕییەکەی کاریگەری لەسەر رێکخستن و جۆری کەلوپەلەکانی ناو مۆزەخانەکە بکات و لە بەشێک لە هۆڵی دووەمی مۆزەخانەکە چەندین شووشەی تایبەتی پزیشکی (کەمولە) دانراوە کە لەناو هەر کامیانەوە کۆرپەلەیەکی ناکام لەناو شلەی فۆرمالین دانراوە کە ئەم ماددەیە رێگری دەکات لە شیبوونەوە یان تێکچوونی کۆرپەلەکە. بۆیە ئەمە شتێکی تایبەت و جیاوازە لەناو ئەم مۆزەخانەیە.

بەشی چوارەمی ئەم خانوو کەلەپوورییە بریتییە لەو کەلوپەلانەی کە پیشتر لە لایەن خاوەن ماڵەکەوە بە تایبەتی خاتوونی ماڵ بەکار هاتووە وەک کۆمەڵێک قاپ و قاچاخ و جلوبەرگ و دۆلاب و کانتۆر و چەندین وێنەی کۆن.

ئەم مۆزەخانە تایبەتە تەنها مۆزەخانەی کەلەپوورییە کە مۆلەتی فەرمی لە وەزارەتی رۆشنبیری هەیە بۆ کار و چالاکی، بێجگە لە شوێنێک بۆ کۆکردنەوە و نمایشکردنی کەلوپەلی کەلەپووری وەک ناوەندێکی رۆشنبیری بۆ ناساندنی کولتووری کوردی بەشداری لە چەندین میهرەجانی ناوخۆیی و دەرەکی کردووە و چوار ژمارە لە گۆڤاری (کەلتووری کورد)ی چاپ و بڵاو کردووە کە تایبەتە بە کولتووری کوردی.

بە گوتەی دێدەوان یەعقووبی بەڕێوەبەری ئەم مۆزەخانەیە ناوی لەپ زێڕین بۆ رێزگرتن لە کەسایەتی مێژوویی کورد خانی "لەپ زێڕین" لەسەر ئەم خانووە دانراوە، هەروەها بە گوتەی خاوەنی مۆزەخانەکە رەگ و رەچەڵەکی ئەو بنەماڵەیە بۆ ئەو کەسایەتییە مێژووییە دەگەڕێتەوە کە پاش روودانی چەندین بەسەرهات و رووداوی مێژوویی بەرەبەرە هاتوونەتەوە ناوچەی کۆیە و لەوێ نیشتەجێ بوون.