مه‌لا عه‌بدوڵا وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایان: ئه‌و فه‌توایانه‌ی به ‌ناوی ئێمه‌وه‌ لە شوێنە نارەسمیەكان بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ ڕاست نین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

مه‌لا عه‌بدوڵا وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایان: ئه‌و فه‌توایانه‌ی به ‌ناوی ئێمه‌وه‌ لە شوێنە نارەسمیەكان بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌ ڕاست نین

 سه‌رۆكی یه‌كێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی، له‌باره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ فه‌توا به‌ ناوی ئه‌وانه‌وه‌، دووپاتی ده‌كاته‌وه‌ سه‌رجه‌میان ناڕاستن و ته‌نیا ئه‌و فه‌توانایانه‌ جێی باوه‌ڕن كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی خۆیانه‌وه‌ بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 31/7/2021، مه‌لا عه‌بدوڵا وه‌یسی، سه‌رۆكی یه‌كێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی كوردستان، له‌باره‌ی بڵاوكردنه‌وه‌ی چه‌ند فه‌توایه‌ك به‌ناوی لیژنه‌ی فه‌توای سه‌ر به‌ یه‌كێتییه‌كه‌یان، به‌ (باسنیوز)ی ڕاگه‌یاند: ”ئه‌و فه‌توا دروستكراوانه‌ی له‌ په‌یج و تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بڵاو ده‌كرێنه‌وه‌، ته‌نیا بۆ چه‌واشه‌كردنه‌ و هیچ راستییه‌كیان تێدا نییه‌، هه‌ر شتێكی فه‌رمی له‌ سایتی یه‌كێتیی زانایان بڵاو بكرێته‌وه‌، ئێمه‌ لێی به‌رپرسین، به‌ده‌ر له‌وه‌ و هه‌ر فه‌توا و شتێكی تر جگه‌ له‌وه‌، به‌ ناوی ئێمه‌‌ بڵاو بكرێته‌وه‌، دووره‌ له‌ راستی“.

ئاماژه‌ی به‌وەش‌ كرد، خه‌ڵكێك به‌بێ هه‌ستكردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تی و دوور له‌ نه‌ریت و ئاكاری پیشه‌یی، یان به‌شێك له‌ میدیاكان به‌بێ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌، هه‌ندێ هه‌واڵ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ته‌نیا له‌ راستگۆیی خۆیان كه‌م ده‌كه‌نه‌وه‌، یه‌كێتیی زانایان نه‌ لێدوانی وای داوه‌، نه‌ قسه‌ی وای كردووه‌.

مه‌لا عه‌بدوڵا وه‌یسی، سه‌رنجی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، بڵاوكردنه‌وه‌ی ئه‌و بابه‌تانه‌ به‌ ناڕاستی، بڕیاردانه‌ له‌بری ئایین، له‌بری خه‌ڵكێك كه‌ ڕاسپێردراوه‌ بۆ فه‌توادان، ئه‌مه‌ش به‌رپرسیاریه‌تییه‌كی ئایینی و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئاكارییه‌، زیان به‌ ئاشتیی كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گه‌یه‌نێ، هیوادارین ئه‌و كه‌سانه‌ وه‌كوو بابه‌تێكی گاڵته‌ئامێز مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م بواره‌دا نه‌كه‌ن، چونكه‌ بابه‌تی فه‌توا زۆر هه‌ستیاره‌، ده‌بێ به‌وپه‌ڕی به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ سه‌رچاوه‌ی فه‌رمی گوێیان لێ نه‌بێ و وه‌ری نه‌گرن، بڵاوی نه‌كه‌نه‌وه‌.

دووپاتیشی كرده‌وه‌: ئێمه‌ هه‌ر فه‌توایه‌ك بده‌ین، له‌ ماڵپه‌ڕی ئه‌لیكترۆنیی فه‌رمیی یه‌كێتیی زانایان بڵاوی ده‌كه‌ینه‌وه‌، هه‌ر فه‌توایه‌ك له‌وێ بڵاو كرابێته‌وه‌، جێی متمانه‌ و باوه‌ڕه‌، جگه‌ له‌وه‌ هیچیان ڕاست نین و جێی باوه‌ڕ نین.