مووسا یان مۆشێ.. كوڕی ئاو
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەبار جەمال غەریب 29/07/2021

مووسا یان مۆشێ.. كوڕی ئاو

مووسا یان مۆشێ، گرینگترین پێغەمبەری جووەكانە، لای كرستیان و موساڵمانیش پەیامبەرێكی گرینگ و ڕێزلێگیراوە. مووسا واتا كوڕی ئاو، یان كوڕی لە ئاو دەرهاتوو.
{ كاتێك منداڵەكە گەورە بوو بۆ كچی فیرعەونیان هێنایەوە، ئیتر بوو بە كوڕی ئەو، ناوی لێ نا مووسا، گوتی چونكە لەناو ئاو هەڵمگرتووەتەوە، تەورات، دەرچوون، ٢}

دەركەوتنی مووسا لە قوڵایی كێشەكانەوە
چیرۆكی لەدایكبوونی مووسا دەشێ پڕكێشەترین لەدایكبوون بێ كە مێژوو بە خۆیەوە دیبێ، پێش ئەوەی لەدایك بێت فەرمانی كوشتنی دراوە، چیرۆك یان موعجیزە ڕزگاری دەكات، دەبێ كێشەكان قورس بن، چارەسەریان ئەستەم بێت، تا ئەفسانە گەورەیی خۆی بسەلمێنێ و دەرگا داخراوەكان بكاتەوە.

سروشتی مووسا یان مۆشێ
{كاتێك مووسا گەورە بوو، ڕۆژێك لە ڕۆژان چووە دەرەوە بۆ لای براكان... بینی پیاوێكی میسری لە پیاوێكی عیبرانی دەدات كە لە براكانیەتی. ئەویش تەماشای ئەملاو ئەولای كرد، بینی كەسی لێ نیە، ئیتر میسریەكەی كوشت و لەناو لم شاردییەوە. تەورات، پەیدابوون، ٢}

تێكەڵكردنی ئەفسانە و ئوستووڕە و واقیع
لەو بەشەی چیرۆكەكەدا، ڕووداوەكە بەتەواوی دادەبەزێ بۆ ئاستی حیكایەتی ڕۆژانە، مووسا دەچێتە دەرێ، بۆ لای براكان، دەبینێ میسرییەك لە عیبرانییەك دەدات.
- ڕووداوەكە ئاساییە، كەسێك لە كەسێك دەدات، دەكرێ دڵنیاش بین كە غەدری لێ دەكات، یەكەم لەبەرئەوەی پەنای بۆ لێدان بردووە، دووەم لەبەرئەوەی عیبرانی و بێگانەیە و غەیرەدینیانە.

- ئەوەی ئاسایی نییە، هەڵوێستی مووسایە، ئەو تۆڵەی براكەی بە هەمان شێوە ناكاتەوە، بەڵكوو بە كوشتن تۆڵەی دەكاتەوە، ئەوەش لەبەرئەوەیە كە لە كۆشك گەورە بووە و كوڕی كچی فیرعەونە.
. ئایا كەسێك بەوە ئامادە دەكرێ كە هەم ببێتە نێردراوی خودا و هەم ڕزگاركەری قەومەكەی كە پیاوێك بكوژێ، ئایا هەوڵی كوشتن دەبێتە هۆی ڕزگاری.

. پێش ئەوەی بیر لەوە بكەینەوە ئایا ئەو كوشتنە دادپەروەرانەیە یان نا؟ كە هیچ كوشتنێك دادپەروەرانە نییە، دەبێ بیر لەوە بكەینەوە كە میسرییەكە هەوڵی كوشتنی كابرای عیبرانیی نەداوە، بەلای كەمەوە بەپێی گێڕانەوە تەوراتییەكە، واتا مووسایە سەرنجی هەموان بۆ كوشتن ڕادەكێشێ.

{ ڕۆژی دووەم چووە دەرێ و بینی دوو پیاوی عیبرانی شەڕ دەكەن، لە خەتابارەكەی پرسی ”بۆچی لە هاوەڵەكەت دەدەی؟
ئەویش گوتی: كێ تۆی كردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێ بمكوژی هەر وەك میسرییەكەت كوشت؟ ئنجا مووسا ترسا و گوتی ”بێگومان ئەو كارە زانراوە.“ تەورات، دەچوون.}

- مووسا ڕۆژی دووەم بە هەمان هەوای ڕۆژی یەكەم دەچێتە دەرێ.
- ئەو جارەش هەر شەڕ دەبینێ.
- شەڕی ئەو جارە لەنێوان دوو عیبرانیدایە.
- هەوڵی كوشتنی هیچیان نادات.
- بەڵكوو هەوڵی ڕاگرتن و دادپەروەری دەدات لەنێوانیاندا ئەویش بە پرسیاركردن.
- براكانی خۆی واتا عیبرانییەكان (نێوەندگیریەكەشی) لێ قبووڵ ناكەن.
- پەردە لەسەر تاوانەكەی ڕۆژی یەكەمی هەڵدەماڵێت.
- بەوە دەزانێ كە كوشتنەكەی ئاشكرا بوو.

سەرنج:
- ئەوانە هەموو ئامادەكارین بۆ خەمڵاندنی كەسایەتیی مووسا، بۆ ئامادەكردنی بۆ پێغەمبەرایەتی و ڕابەرایەتیی قەومەكەی.
- دەكرێ یەكەم كاری (ڕابەر) كوشتن بێ، جا شاردنەوەشی لەژێر لم.
- ئایا میسرییەكان بەرانبەر ئەوان تاوانی گەورەتر لە كوشتنیان كردووە؟
مووسا، میسرییەكە دەكوژێت، بەپێچەوانەوە بە زمانێكی گلەیی ئامێز لە لە عیبرانییەكە دەپرسێ: (بۆچی لە هاوەڵەكەت دەدەی؟)
لە بەرانبەر ئەو نەرمییەی، برا عیبرانییەكەی سەرزەنشتی دەكات و هەڕەشەشی لێ دەكات.
{ئەویش گوتی: كێ تۆی كردووە بە گەورە و دادوەر بەسەرمانەوە؟ ئایا دەتەوێت بمكوژی هەر وەك میسرییەكەت كوشت؟}

ئەو پیاوە عیبرانییە دوو ڕستەی پێ دەڵێ
١. كێ تۆی كردووە بە گەورەی ئێمە؟ كە ئەوە گومان دەخاتە سەر كەسیەتیی مووسا، ئەوەش نیشاند ەدات كە مووسا جۆرێك لە بەرپرسیاریەتیی ئەوانی هەڵگرتووە.
٢. پیاوە میسرییەكەت كوشت. بەو ڕستەیە هەم ئاشكرای دەكات و هەم جۆرێك لە تاوانباركردنیشی تێدایە.
- سەرجەمی قسەكانی كابرای عیبرانی، ئەوە نیشان دەدات كە ئەوان نایانەوێ دەسكاریی ژیانی كۆیلانەی خۆیان بكەن.

بۆ وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە دەبێ چاوەڕێی گەورەبوونی مووسا و حیكمەتی گێڕانەوە و هونەری گێڕەڕەوە بكەین.
بەشی سەرەتای چیرۆكی مووسا زۆر خێرا تێدەپەڕێت، لەدایك دەبێت، بڕیاری كوشتنی هەموو قەومەكەی هەیە، سەرەڕای ئەوانە مووسا گەورە دەبێت، كچی فیرعەون دەیكاتە كوڕی خۆی، پیاو دەكوژێت، فیرعەونی دەزانێت و ئەو ڕادەكات.
{ كاتێك. فیرعەون گوێی لەمە بوو، هەوڵی دا مووسا بكوژێت. مووسا لە دەستی فیرعەون هەڵات و لە خاكی میدیان جێگیر بوو}

یەكەم ئاوارەبوونی مووسا
چۆن یاقووبی باپیری، دوای ئەوەی بە فێڵ بەرەكەتی پێغەمبەرایەتیی لە ئیسحاقی باوكی وەرگرت، كە مافی عیسۆی برا گەورەی بوو، لە ترسی براكەی هەڵات و چووە لای بیرێك و یارمەتیی دوو كچی دا تا مێگەلەكەیان ئاو بدەن، ئەوەش دەبێتە سەرەتای ژنهێنان و كاركردنی لە ئاوارەیی.

مووساش بە هەمان سیناریۆ دەست پێدەكات
{كاهینی میدییانیش حەوت كچی هەبوو، هاتن و ئاویان هەڵكیشا، ئاخووڕەكانیان پڕ كرد بۆ ئاودانی مەڕەكانی باوكیان، لەو كاتەدا شوان هاتن و دەریانكردن، بەڵام مووسا هەستا و فریایان كەوت و مەڕەكانی ئاودان. تەورات، دەرچوون}
تێبینیەكی زمانەوانی: ئاخووڕ بۆ ئاودان بەكار نایە ئەوە (كۆل)ە پڕ ئاو دەكرێت.