كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

وەزارەتی دەرەوەی عێراق كاتی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكای راگەیاند

ئەمڕۆ پێنجشەممە گوتەبێژی فەرمیی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕای گەیاند لە كۆتایی ئەمساڵدا هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكشێنەوە.

ئه‌حمه‌د سه‌حاف گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق بە كەناڵی (كوردستان24)ی راگەیاند خولی چواره‌می دانوستاندنی ستراتیژیی نێوان به‌غدا و واشنتۆن گرنگ و هه‌ستیار بوو، گەیشتوونەتە ئه‌و ئه‌نجامه‌ی كه‌ له‌ 31ی كانوونی یه‌كه‌می ئەمساڵدا، واتە دواهەمین ڕۆژی ساڵ، ته‌واوی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق دەكشێنه‌وه‌.

جێی باسە ڕێككەوتنەكە بە جۆرێكە كە هێزە شەڕكەرەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق دەكشێنەوە، بەڵام چەند هەزار سەربازێكیان بە ناوی ڕاهێنەر و ڕاوێژكاری سەربازی لە عێراق دەمێننەوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە هێشتا زۆرێك لە هێزە شیعییەكانی عێراق باوەڕ ناكەن هێزەكانی ئەمریكا بكشێنەوە و دوێنێ قه‌یس خه‌زعه‌لی ئه‌مینداری گشتیی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق گوتبووی بۆیان روون نه‌بووه‌ته‌وه‌ داخۆ مەبەست لە كشانەوەی هێزه‌ شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئەمریكا چیە، نەوەك مەبەستیان تەنیا فریودانی خه‌ڵك و رای گشتی بێت و ئه‌‌مریكا به‌ نیاز نەبێت له‌ عێراق بكشێته‌وه‌.