كەی چاكسازی لە قسەوە بوو بە كردار؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 29/07/2021

كەی چاكسازی لە قسەوە بوو بە كردار؟

ئەوەندەی بەبیرم بێت، ھێشتا یەكەم كابینەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دروست نەبووبوو، خاڵی پشكنینی نایاسایی و خاڵی گومرگیی نایاسایی لە چەندین شوێنی ھەرێمی كوردستان ھەبوو، ھەر گرووپ و دەستە و تاقمێك بۆ خۆیان دەچوون لە شوێنێكی سنوور خاڵێكی گومرگییان دادەنا و بە ڕێنمایی خۆیان سەری بازرگانەكانیان دەقەبڵاند.

كەسێك دەناسم كۆتایی ساڵی 1991 بوو خۆی و شەش حەوت برادەری چەكداری خۆی بە ناوی پێشمەرگەوە چوون لە یەكێك لە گوندەكانی سەر سنووری سلێمانی - ئێران، خاڵێكی گومرگییان دانابوو ئەوەندەی پێیان كرابوو گومرگیان لە كاسبكار وەرگرتبوو، دوای كەمتر لە ھەفتەیەك ھاتەوە ناو شاری سلێمانی، لە دەرفەتێكدا ئەو كەسەم بینی و پێمگوت: ”مەرحەبا ئەم ھەفتەیە لەناو شار نەمبینییت!“ لە وەڵامدا گوتی: ”لە فڵان شوێنی سنوور بووم و لەگەڵ چەند برادەرێكدا گومرگمان دانا و دواتر پارەكەیمان بەش كرد و ھەر یەكێكمان 70 ھەزار دینارمان بەركەوت (مەبەست دیناری چاپی سویسریە كە ئەو كاتانە مووچەی مانگانەی مووچەخۆرێكی ئاسایی 150 ھەتا 170 دینار بوو).

كەواتە ئەو كەسە بە تەنیا و ھەر لە یەك ھەفتەدا و بە گومرگە نایاساییەكەی خۆی و برادەرەكانی، مووچەی مانگێكی نزیكەی 500 مووچەخۆری دەست كەوتبوو، جا لەو كاتەوە ئاگاداری باسوخواسی دزی و كاری نایاساییم و بەشێكی باشیش لە دزەكان دەناسم، ھەر لەو كاتاناشەوە لە بەرامبەر دزەكاندا خەڵكی پاك و دڵسۆز ھەبوون كە دەیانویست كاری نایاسایی و بەرەڵایی نەھێڵرێت، بەڵام ھەوڵی ھەموو ئەو كەسانە ئەگەر نیازی چاكسازییشیان ھەبووبێت، تەنیا وەك قسە مانەوە و نەتوانرا بەگوێرەی پلان و بەرنامەی ورد چاكسازییەكە بكرێتە كردار، بەڵام ئەوەی دەیبینم لەم كابینەیەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا، چاكسازی لە قسە و دروشمەوە بووە بە كردار، بە چیدا بزانم چاكسازی لە قسە دەرچووە و بووە بە كردار؟

بەم ئاماژانە:
1- بەوەی كە دزەكان قەڵس و تووڕەن.
2- بەوەی كە ئەوانەی بە پارەی دزی و گەندەڵی بەخێو دەكران پەست و بێتاقەتن.
3- بەوەی كە ئێستا كەرتی تایبەتی ڕاستەقینە و بازرگان و كاسبكارانی ڕاستەقینە زۆر ئاسوودەترن.
4- بەوەی كە تەنیا بە پشتبەستن بە توانای خۆمان و پێش ئەوەی بەغداش 200 ملیار دینارەكە بنێرێت، توانراوە مانگانە لە سەتا 79 ی مووچەی مووچەخۆران بدرێت.