وەرگرتنى ڤاکسین دەکرێتە مەرجى گەشتکردن بۆ دەرەوەى وڵات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

وەرگرتنى ڤاکسین دەکرێتە مەرجى گەشتکردن بۆ دەرەوەى وڵات

بەڕێوەبەرى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێر رایگەیاند دەستەى فڕۆکەوانیى شارستانى عێراقى بڕیارێکى دەرکردووە بۆ سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان کە هەر هاووڵاتییەک گەشتى دەرەوەى وڵات بکات پێویستە ڤاکسینى وەرگرتبێ.

ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەرى گشتیى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتىی هەولێر بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بە ئامانجى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆڕۆنا و وەرگرتنى ڤاکسین لەلایەن هاووڵاتیانەوە، دەستەى فڕۆکەوانى شارستانى عێراقى بڕیارێکى دەرکردووە بۆ سەرجەم هێڵە ئاسمانییەکان و فڕۆکەخانەکانى عێراق، هەر هاووڵاتییەک لەمەودوا لە رێگەى فڕۆکەخانەکانەوە گەشتى دەرەوەى وڵات بکات پێویستە هەردوو ژەمى ڤاکسینى کۆڕۆناى وەرگرتبێ".

راشیگەیاند: "بڕیارەکە لە 1/10ى ئەمساڵ دەچێتە باری جێبەجێکردنەوە و فڕۆکەخانەکانى هەرێمى کوردستانیش پابەندى بڕیارەکە دەبن، لەو وادەیەوە رێگا بەهیچ هاووڵاتییەک نادرێت لە رێگەى فڕۆکەخانەکانەوە گەشت بۆ دەرەوەى وڵات بکەن، تەنیا ئەو هاووڵاتیانە نەبێ کە نەخۆشى درێژخایەنیان هەیە و راپۆرتى پزیشکییان هەیە".

ئاماژەى بە ئەوەش کرد: "رۆژانە 56 گەشت لە رێگەى فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى هەولێرەوە ئەنجام دەردێت، ئەمەش دواى دەستپێکردنەوەى گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەکانى عێراق و هەرێمى کوردستان، ئەمەش دەکاتە 80%ى ئەو گەشتانەى بەر لە بڵاوبوونەوەى ڤایرۆسى کۆڕۆنا ئەنجام دەدران".