یاساى چەک هەڵگرتن لە هەرێمى کوردستان هەموار دەکرێتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

یاساى چەک هەڵگرتن لە هەرێمى کوردستان هەموار دەکرێتەوە

ئەندامێکى لیژنەى ناوخۆى پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند لیژنەکەیان بە هەماهەنگى وەزارەتى ناوخۆ سەرقاڵى ئامادەکردنى هەموارێکە بۆ یاساى چەک، چونکە یاساکە کۆنە و لەگەڵ ئێستا ناگونجێت و پێویستە گۆڕانکارى تێدا بکرێ.

نزار مەلا غەفار، ئەندامى لیژنەى ناوخۆ و ئاساییش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکانى پەرلەمانى کوردستان بە(باسنیوز)ى راگەیاند: "بەمەبەستى هەموارکردنەوەى یاساى هەڵگرتنى چەک لە هەرێمى کوردستان، لیژنەکەمان بە هەماهەنگى لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆى هەرێمی کوردستان سەرقاڵى ئامادەکردنى هەموارێکە، چونکە ئەو یاسایەى ئێستا لە کوردستان بەرکارە زۆر کۆنە و هى ساڵى 1992، بۆیە پێویستى بە گۆڕانکارى هەیە بۆ ئەوەى لەگەڵ دۆخی ئەمڕۆدا بگونجێت".

راشیگەیاند: "ئەوەى بەلاى ئێمەوە گرنگە لە هەموارى یاساکەدا جێگیر بکرێت چەند خاڵێکە، لەوانەش ئەنجامدانى پشکنینى پزیشکى بۆ لایەنى دەروونى ئەو کەسانەى داواکارى مۆڵەتى هەڵگرتنى چەک پێشکەش دەکەن، جگە لەمەش تەمەنى ئەو کەسانەى داخوازى مۆڵەتەکە پێشکەش دەکەن، لەگەڵ دیاریکردنى سزاى هەڵگرتنى چەکى بێ مۆڵەت بۆ ئەوەکەسانەى بێ مۆڵەت چەک هەڵدەگرن".

سەبارەت بە هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکە ناوبراو روونیکردەوە: "لەگەڵ وەزارەتى پێشمەرگە گفتوگۆمان کردووە بۆ ئەوەى ئەو پێشمەرگانەى کە لە ئەرک دەگەڕێنەوە ماڵەوە، چەکەکانیان لە بارەگاکانیان جێبهێڵن".