ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری تازەی سەبارەت بە خۆپارێزیی لە کۆرۆنا دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری تازەی سەبارەت بە خۆپارێزیی لە کۆرۆنا دا

"لە ئەگەری پابەندنەبوون بە رێککارەکانی خۆپارێزی قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ رادەگەیەندرێ"


کەمێک پێش ئێستا ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە راگەیەندراوێکدا ژمارەیەک بڕیاری تازەی سەبارەت بە خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا دا و لەمیانەدا رایدەگەیەنێت کە ئەگەر هاوڵاتییانی پارێزگاکە پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن ئەوا قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆ رادەگەیەندرێ.

ئەمەی خوارەوە دەقی راگەیەندراوەکەیە:-

ئه‌مشه‌و سێشەمە 2021.7.27، به‌سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبوونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێرو سەرجەم ئەندامان، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەدیوانی پارێزگا کۆبووە و پاڵپشت بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان و لە پێناو پاراستنی سه‌لامه‌تى ته‌ندروستى گشتیى شاره‌كه‌مان و هەستیاری و مەترسیداری ئه‌و دۆخه‌ نه‌خوازراوه‌ى به‌هۆى هەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا هاتۆته‌ ئاراوه‌ و ڕۆژ دوای ڕۆژ مەترسیەکانی بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان له‌زیادبووندایه‌، گه‌یشته‌ ئه‌م بڕیارانه‌ى خواره‌وه:-

یه‌كه‌م/ دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتووچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییانی شارەکەمان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (ماسك)، ئەوا لەپێناو پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شاره‌كه‌مان، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دووەم دەکەین، بۆیە داوا لەهەموولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.
دووه‌م/ له‌ ئه‌گه‌رى هه‌ربارودۆخێكى سه‌خترى نه‌خوازراوى زياتربوونى ڕێژه‌ى تووشبوانى ڤايرۆسى كۆرۆناى نوێ له‌شاره‌كه‌مان و دروستبوونى لۆد و پاڵه‌پستۆ و نه‌مانى شوێن له‌نه‌خۆشخانه‌كانى تايبه‌ت به‌ چاره‌سه‌ركردنى تووشبوان، ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، به‌له‌به‌رچاووگرتنى هه‌موو ئه‌گه‌ره‌كان ‌به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تى گشتىى ته‌ندروستى هه‌ولێرى ڕاسپارد بۆئه‌م مه‌به‌سته‌ ئاماده‌كارى ته‌واوبكرێت له‌وانه‌ش دووباره‌ كردنه‌وه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى ڕزگارى و چه‌ند شوێنيكى ديكه‌ بۆوه‌رگرتنى چاره‌سه‌رى تووشبوان، ئومێد ده‌كه‌ين هاوڵاتييان پابه‌ندى ڕێنمايى ڕێكاره‌كانى خۆپارێزى بن و نه‌گه‌ين به‌م بارودۆخه‌.
سێيه‌م/ پێویسته‌ كارمه‌ندان له‌ شوێنه‌ ئایینی، بازرگانی، مۆڵ، چێشتخانه‌ و كافتریاكان، ڤاكسین وه‌ربگرن یان تێستی 72 كاتژمێریان پێ بێت و لێژنه‌كانیش به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت شوێنه‌كه‌ ده‌ستبه‌جێ دادخرێت.
چواره‌م/ پێویسته‌ هه‌موو فه‌رمانبه‌رانی فه‌رمانگه‌ و دامه‌زراوه‌كانى سنوورى پارێزگاكه‌مان ڤاكسین وه‌ربگرن و به‌ ماسكه‌وه‌ ده‌وام بكه‌ن.
پێنجه‌م/ رێگه‌نادرێت به‌ هیچ گه‌شتیارێك بێته‌ ناو هه‌ولێرى پایته‌خت ئه‌گه‌ر ڤاكسینی وه‌رنه‌گرتبێت، یان تێستی 48 كاتژمێری نه‌بێت.
شه‌شه‌م/ هه‌ر كۆمپانیایه‌كی گه‌شتیاری تێستی ساخته‌ی پێ بێت، ئه‌وا كۆمپانیاكه‌ ده‌كه‌وێته‌ لیستی ڕه‌ش و ڕێگه‌ی پێنادرێت بێته‌ ناو شارى هه‌ولێرى پایته‌خت.
حه‌وته‌م/ سه‌پاندنی به‌ستنی ماسك له‌ دامه‌زراوه‌كانی حكومى و شوێنه‌ گشتی و گه‌شتیارییه‌كان بۆ ئه‌وانه‌ش ده‌بێت، كه‌ ڤاكسینیان وه‌رگرتووه.

هه‌شته‌م/ قه‌ده‌غه‌كردنی هه‌موو كۆڕ و كۆبوونه‌وه‌ و كۆنفرانسێك و چوونه‌ سه‌ر قه‌بران، هه‌ر لایه‌نێك پابه‌ند نه‌بێت به‌‌پێی یاسا و پێبژاردن سزا ده‌درێت، به‌ گوێره‌ی دوایین راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ناوخۆ.
نۆيه‌م/ مه‌له‌وانگه‌ و شوێنه‌ وه‌رزشییه‌كان كراوه‌ ده‌بن، به‌ مه‌رجی جێبه‌جێكردنی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان.
ده‌يه‌م/ هۆڵه‌كانى سینه‌ما له‌گشت شوێن و مۆڵه‌كان به‌ داخراوی ده‌مێننه‌وه. ‌
يازده‌يه‌م/ داخستنى هۆڵه‌كانى بۆنه و ئاهه‌نگێڕان، له‌ ناو هۆتێل و ده‌ره‌وه‌ى هوتێله‌كان.
دوازده‌يه‌م/ پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قه‌ده‌غه‌یه‌ و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت.
سێزده‌يه‌م/ شوێنه‌ ئایینییه‌كان به‌ جێبه‌جێردنی رێكاره‌ ته‌ندروستییه‌كانه‌وه‌ كراوه‌ ده‌بن، هه‌ر شوێنێك پابه‌ند نه‌بێت سزا ده‌درێت و داده‌خرێت.
چوارده‌يه‌م/ سه‌رجه‌م قائیمقامیه‌ته‌كانى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، ده‌بێت ئه‌و رێكارانه‌ وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكه‌ن، ده‌سه‌ڵاتیشیان پێده‌درێت له‌ هه‌ر شوێنێك رێكاره‌كان توندتر بكه‌ن.
پازده‌يه‌م/ ژوورى ئۆپه‌راسیۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، داوا له‌ میدیاكان ده‌كات به‌شداربن له‌ هۆشیاركردنه‌وه‌ی هاوڵاتییان.
شازده‌يه‌م/ ئه‌م رێكارانه‌ له‌كاتژمێر 12ى ئه‌مشه‌و 27 له‌سه‌ر 28ى 7ی 2021 بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك ده‌بێت، تاوه‌كو كۆبوونه‌وه‌ى لێژنه‌ی باڵاى كۆرۆنا له‌هه‌رێمى كوردستان له‌ رۆژی 3/ 8/2021.
ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر
2021.7.27