لە نەخۆشخانەی شیفا لە کەرکووک ئۆکسجین کەم بووە و نیگەرانیی لێ کەوتووەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

لە نەخۆشخانەی شیفا لە کەرکووک ئۆکسجین کەم بووە و نیگەرانیی لێ کەوتووەتەوە

 درەنگانی شەوی ڕابردوو، لە نەخۆشخانەی شیفای تایبەت بە تووشبوانی كۆرۆنا لە شاری كەركووك، ئۆكسجین نەما و بەرپرسانی تەندروستیی كەركووك ئاماژەیان بۆ ئەوە كرد، كە ئۆكسجینەکە بەهۆی تێكچوونی سیستەمی ئۆكسجینی نەخۆشخانەكەوە بڕاوە. لای خۆشیەوە، سەرۆكی كۆمەڵەی تەندروستیی كەركووك ڕای دەگەیەنێت، كەمبوونەوەی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی شیفا لەژێر هیچ پاساوێك نابێ قبووڵ بكرێت.

 ئەمڕۆ سێشەممە 27/7/2021، دكتۆر سدیق عومەر، سەرۆكی كۆمەڵەی تەندروستیی كەركووك، لە واڵی خۆی لە فەیسبووك نووسیویەتی: “ئەوەی دوێنێ شەو لە نەخۆشخانەی شیفای تایبەت بە تووشبوانی كۆرۆنا لە كەركووك ڕووی دا، بەڕاستی كارەساتێكی گەورە بوو”.

دەشڵێ: “كەمبوونەوەی ئۆكسجین لە نەخۆشخانەكە لەژێر هیچ پاساوێك قبووڵ ناکرێ و پێویستە بە زووترین كات لێكۆڵینەوە لەو كارەساتە بكرێت”.

سەرۆكی كۆمەڵەی تەندروستیی كەركووك ئەوەشی خستووەتە ڕوو: “لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتییانی كەركووك و دووبارەنەبوونەوەی ئەو جۆرە كارەساتە، پێویستە هەرچیی زووە لێكۆڵینەوە لە ڕووداوەكە بكرێت و لێپرسراوانی تەندروستی بەرپرسیارێتییەكەی بگرنە ئەستۆ”.

جەختیش دەکاتەوە: “ئێمە لە كۆمەڵەی تەندروستیی كەركووك، لە ڕێگەی میدیاكان و كۆبوونەوە تایبەتەكانەوە، چەندین جار هۆشداریمان داوە لەوەی، نەمانی ئۆكسجین لەئارادایە و ئەمەش دەبێتە مەترسییەکی گەورە بۆ تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا”.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، ئۆكسجین لە نەخۆشخانەی شیفای تایبەت بە تووشبوانی كۆرۆنا لە كەركووك بڕا و شڵەژان و پەشێوییەک لەناو نەخۆشخانەکە دروست بوو، پاشان بەشێك لە تووشبوانی كۆرۆنا، كە دۆخی تەندروستییان خراپە، گواسترانەوە نەخۆشخانەی پیشەسازیی كەركووك.