میدیای فەرمیی یەکێتی بۆ کادیرانی حزبەکە: مەبنە ئەندامی سپۆنسەرکراوی میلیشیای ئەلکترۆنیی تەشھیر ‌و سووکایەتی ‌و پەلاماردان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

میدیای فەرمیی یەکێتی بۆ کادیرانی حزبەکە: مەبنە ئەندامی سپۆنسەرکراوی میلیشیای ئەلکترۆنیی تەشھیر ‌و سووکایەتی ‌و پەلاماردان

”ڕاستییە تا سەر ‌و ئەبەدی ‌و نەمرەکە، ھەر مافی چارەنووسە“

میدیای فەرمیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ژمارەیەک ڕێنمایی نوێی لە چوارچێوەی نووسینێکدا بۆ کادیرانی حزبەکە بڵاو کردۆتەوە و تێیدا ئامۆژگاری کردوون بەشێکیان واز لە شێوازی کارکردنی پێشوو بھێنن و ”نەبن بە ئەندامی سپۆنسەرکراوی میلیشیای ئەلیکترۆنیی تەشھیر و سووکایەتی و پەلاماردان“. جەختیش دەکاتەوە کە ھەر مافی چارەنووسە، ”ڕاستییە تا سەر و ئەبەدی و نەمرەکەیە“.

بەپێی نووسینێک کە لە ماڵپەڕی فەرمیی یەکێتیدا بڵاو کراوەتەوە و ناوی کەسی لەسەر نەنووسراوە، ڕێنمایی کادیرانی یەکێتی کراوە کە ”ئەو یەکێتییە بن کە بۆ کورد ‌و کوردستان بەکەڵکە، بۆ کوردایەتی ‌و دیموکراتی ‌و حزبایەتیی رەسەن بەکەڵک ‌و کارا ‌و کاریگەرە“.

داواش کراوە “ھەڤاڵی شەخسپەرستی مەبن. ھەڤاڵی رێی مافی چارەنووس، رێی ئاشتی ‌و ئازادی ‌و دیموکراسی بن”. ھەروەھا “ھەڤاڵی سۆشیال دیموکرات ‌و شانە ‌و کەرت ‌و کۆمیتە ‌و مەڵبەند ‌و مەکتەبی یەکێتی بن، ھەڤاڵی لاکۆڵانی تاریک ‌و نوتەک ‌و ھەڤاڵی کۆڵانی بنبەست مەبن کە بۆنی شەخسزەدەیی ‌و ڕەنگی کەس پەرستی ‌و بەرامەی پۆلپۆلیستی ‌و عەوام فریوی گرتووە”.

ھاوکات پرسیاری ئەوە لە کادیرانی حزبەکە کراوە، لە کاتێکدا یەکێتییان ھەیە، “بۆ دوای ھەڵپەی پێچ ‌و پەنا ‌و ھەڵلای پەیجی درۆزنانە ‌و میلیشیای ئەلکترۆنیی ناوی خوازراو ‌و تایتڵی شێواو کەوتووی؟”. پێیانگوتراوە “چیت داوە لە فەلاکەت ‌و ھەلاکەت ‌و لەرێ لادانی دوور لە حزبایەتی ‌و دور لە ھەڤاڵبەندی؟“.

لە بەرامبەریشدا ئامۆژگاریی کادیرانی حزبەکە کراوە بەوەی “یەکێتیی ڕاستەقینە بە، دەروێشی حەقیقەتی یەکێتی بە، کۆیلەی پۆلپۆلیستی مەبە، ئەندامی سۆشیال دیموکرات بە، نەک ئەندامی سۆشیال میدیای قیل ‌و قالی کۆمەڵگەی گریمانەیی. ئەندامی سوپای ئەلکترۆنی رەسمی ‌و رەسەن ‌و رەوا و روونی یەکێتی بە، نەک ئەندامی سپۆنسەرکراوی میلیشیای ئەلکترۆنیی تەشھیر ‌و سووکایەتی ‌و پەلاماردان! تۆ پشتیوانی ھەڤاڵەکەی خۆت بە، لەگەڵَ ھەڤاڵی خۆتا خەبات ‌و کۆشش بکە، نەک تەشھیری پێ بکەیت ‌و ملی بشکێنی، چونکە ئەویش ھەر یەکێتییە ‌و ھەر دەیەوێ یەکێتی بێت. تۆ ھەڤاڵانی خۆت بە دۆست ‌و یار ‌و ھاورێی خۆت بزانە، نەک لە پەیج ‌و پەناو ‌و پەسێوی خوازراودا سووکایەتی پێ بکەیت ‌و کۆمێنتی نەشیاوی لەسەر بنووسی ‌و موزایەدەی بەد عەمەلی بەسەردا بکەیت؟”.

لە بەشێکی دیکەی نووسینەکەدا داوا لە کادیرانی یەکێتی کراوە، ئەندامی ماڵە گەورەکە بن “نەک ئەندامی بازنەی چەواشەکاری، لە خۆ رازی بوون ‌و لە خەڵک تەوەلا بوون بیت”. ھەروەھا داوا کراوە مەدحی شەھیدان بکەن ‌و بە شانوباڵی نەمرانی رێی مافی چارەنووسدا ھەڵبدەن، “نەک بە کوڵاوی ‌و بە برژاوی مەدح ‌و سەنای ئەم ‌و ئەو بکەن ‌و دیاردەی ناپەسەندی پڵنگی کاغەزی رەواج پێ بدەیت!”.

لە کۆتاییشدا گەڕانەوەی یەکێتی بۆ درووشمی مافی چارەی خۆنووسین دووپات کراوەتەوە و ئاماژە بەوە دراوە: “ئێوە مرواریی زیخ ‌و چەوی کانی روونی یەکێتین، سەرەنجام ھەر یەکێتی ‌و ھەر نیشتمان ‌و ھەر کوردستان دەمێننەوە، ھەر مافی چارەنووس ڕاستییە تا سەر ‌و ئەبەدی ‌و نەمرەکەیە”.