نووسینگەی کازمی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بایدن ئاشکرا دەکات
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

نووسینگەی کازمی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ بایدن ئاشکرا دەکات

نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی کازمی و سەرۆکی ئەمریکا ئاشکرا دەکات.

شەوی دووشەممە 26-7-2021، مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتن لەگەڵ جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا کۆ بووەوە.

نووسینگەی راگەیاندنی مستەفا کازمی لە بەیاننامەیەکدا ناوەڕۆکی دیدارەکەی ئاشکرا کردووە، کە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی ئەمریکا و عێراق لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، رۆشنبیری، خوێندن و تەندروستی لەخۆ گرتبوو.

هەروەک لە بەیاننامەکەدا هاتووە: سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا رێککەوتوون لەسەر کشانەوەی هێزە شەڕکەرەکانی ئەمریکا لە عێراق تاوەکو رۆژی 31-12-2021، پاڵپشتیکردنی تەکنینیی هێزە عێراقییەکان لەلایەن ئەمریکاوە و گۆڕانی ئەرکی هێزەکان لە هێزی شەڕکەرەوە بۆ هێزی مەشق پێکردنی هێزە عێراقییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا، جۆ بایدن جەختی لە پاڵپشتیی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی 10-10-2021 کردووەتەوە.

پێدانی دەرفەتی وەبەرهێنان بە کۆمپانیا ئەمریکییەکان لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە، بەشێکی دیکەی تەوەری گفتوگۆکان بووە، بەشێوەیەک، کە عێراق زەمینەی لەبار بۆ وەبەرهێنانی کۆمپانیا ئەمریکییەکان بڕەخسێنێت.

هەر لە بەیاننامەکەدا، نووسینگەی راگەیاندنی کازمی رایگەیاندووە: کازمی و بایدن گفتوگۆشیان لەبارەی هەماهەنگیی واشنتن و بەغدا لە رووبەڕووبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کردووە و بایدن ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ دابینکردنی پێکوتەی کۆرۆنا بۆ عێراق، نیشان داوە.