كۆشكی سپی: ئەمڕۆ گۆڕینی پلانمان لە عێراق رادەگەیەنین
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

كۆشكی سپی: ئەمڕۆ گۆڕینی پلانمان لە عێراق رادەگەیەنین

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە كۆشكی سپی ڕای گەیاند ئەمڕۆ گۆڕینی پلانی ئەمریكا لەسەر خاكی عێراق رادەگەیەنن.

گوتەبێژێكی كۆشكی سپی بە میدیاكانی جیهانی راگەیاند ئەمڕۆ بە فەرمی ڕای دەگەیەنن كە پلانی كاركردنی هێزەكانی سوپای ئەمریكا لە عێراق دەگۆڕن و ئەركی هێزەكانیان لە شەڕكەرەوە دەگۆڕێت بۆ ڕاهێنان و راوێژكاری.

بڕیارە ئەمڕۆ جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا لە كۆشكی سپی پێشوازی لە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بكات.

جێی باسە هەر ئەمڕۆ ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشەیتدپرێس" بڵاوی كردەوە كە چاوەڕوان دەكرێت لە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، ڕێككەوتنێكی نوێ بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازیی سوپای ئەمریكا لە عێراق رابگەیەندرێت.

دوێنێ یەكشەممەش ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی لە بەدواداچوونێكدا بڵاوی كردبووەوە كە پێدەچێت ئەمریكا تەنها بە ناو كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازیی هێزەكانی خۆی لە عێراق رابگەیەنێت و لە راستیشدا لەژێر ناوی جیاوازەوە درێژە بە مانەوەیان بدەن لەسەر خاكی عێراق.

هەروەها ئەوەی بڵاو كردبووەوە كە ئەمریكا دەیەوێت بەم راگەیاندنەی دیارییەكی سیاسی پێشكەشی مستەفا كازمی بكات، بۆ ئەوەی لەلایەكەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سوودی لێ ببینن و لەلایەكی تریشەوە میلیشیا شیعییەكانی سەر بە ئێران دەمكوت بكات.

دوێنێ شەوی یەكشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر داوەتنامەیەكی فەرمیی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا بەرەو واشنتۆن بەڕێكەوت.