كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

چاوەڕوان دەكرێت بایدن و كازمی ڕێككەوتنێكی نوێ بۆ كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق رابگەیەنن

ئەمڕۆ دووشەممە ئاژانسی هەواڵی "ئەسۆشەیتدپرێس" بڵاوی كردەوە چاوەڕوان دەكرێت لە دوای كۆبوونەوەی ئەمڕۆی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا و مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراقدا، ڕێككەوتنێكی نوێ بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازیی سوپای ئەمریكا لە عێراق رابگەیەندرێت.

ئاژانسەكە لە زاری سەرچاوەیەكی كۆشكی سپی گواستووەتەوە كە سەرۆكی ئەمریكا و سەرۆك وەزیرانی عێراق دەگەنە ڕێككەوتنێكی نوێ بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازیی سوپای ئەمریكا لە عێراق، بە شێوەیەك لە كۆتایی ئەمساڵدا بە تەواوی هێزی شەڕكەری ئەمریكی لە عێراق بكشێنەوە.

ئەمەش لە كاتێكدایە دوێنێ یەكشەممە ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمریكی لە بەدواداچوونێكدا بڵاوی كردبووەوە كە پێدەچێت ئەمریكا تەنها بە ناو كۆتاییهێنان بە ئەركی سەربازیی هێزەكانی خۆی لە عێراق رابگەیەنێت و لە راستیشدا لەژێر ناوی جیاوازەوە درێژە بە مانەوەیان بدەن لەسەر خاكی عێراق.

هەروەها ئەوەی بڵاو كردبووەوە كە ئەمریكا دەیەوێت بەم راگەیاندنەی دیارییەكی سیاسی پێشكەشی مستەفا كازمی بكات، بۆ ئەوەی لەلایەكەوە لە بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقدا سوودی لێ ببینن و لەلایەكی تریشەوە میلیشیا شیعییەكانی سەر بە ئێران دەمكوت بكات.

جێی باسە دوێنێ شەوی یەكشەممە مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق لەسەر داوەتنامەیەكی فەرمیی جۆ بایدن سەرۆكی ئەمریكا، بە سەرۆكایەتیی شاندێكی باڵا بەرەو واشنتۆن بەڕێكەوت.