بەشێك لە بەپەندبووەكانی زەمانە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 26/07/2021

بەشێك لە بەپەندبووەكانی زەمانە

چ وەك ئەوەی خۆم بە بیرم دێت و بینیومن، چ وەك ئەوەی لە مێژووی سیاسیی گەلی كوردستان و جووڵانەوە ڕزگاریخوازە نەتەوەییەكەیدا خوێندوومەتەوە، ئەوانەی كە خۆیان بە داگیركەرانی كوردستان فرۆشتووە و دژی گەلی خۆیان و ئامانجە نەتەوەییەكەی بوون، ئەگەر بۆ ماوەیەكیش داگیركەرانی كوردستان بۆ مەبەستی خۆیان دەستیان لە پشتیان دابێت و بارەكەڵڵایان لێ كردبن، بەڵام لە ئەنجامدا ھەر ئەو داگیركەرانە ڕوویان كردووەتە كوردستان و لەگەڵ ئەوانەدا ڕێك كەوتوون كە سەركردایەتیی جووڵانەوە نەتەوەییەكەیان كردووە و ملیان بۆ داگیركەران شۆڕ نەكردووە، ئنجا بە پەڕۆیەكی پیسیش خۆفرۆشانیان فڕێ داوە و لە ئەنجامدا خۆفرۆشان بوونەتە پەندی زەمانە.

وەك بەشێك لە رێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق، حكوومەتی عێراق بڕی 200 ملیار دیناری نارد بۆ ھەرێمی كوردستان و ئەم حكوومەتەش لەگەڵ ئەو بڕەی لە داھاتی نەوت دەمێنێتەوە و لەگەڵ داھاتی ناوخۆدا، ھەموویانی لەیەك دا و بڕیاری دا لەم مانگەوە مووچە بەبێ لێبڕین دابەش بكرێت و ئەگەر عێراقیش پابەندی ڕێككەوتنەكە بێت و مانگانە ئەو بڕە بنێرێت، ئیتر مووچەی مانگەكانی دواتریش لە كاتی خۆیدا و بێ لێبڕین دابەش دەكرێت، دوای ئەمە بەشێكی تر لە بەپەندبووەكانی زەمانەی ئەمڕۆ وەك (ئەحمەدی حاجی ڕەشید، ڕێبوار كەریم مەحموود، سەركەوت شەمسەدین، غالب محەمەد، محەمەد حەكیم، ئەبوبەكر ھەڵەدنی) لەجیاتی ئەوەی پەندێك لەو بەپەندبوونەی خۆیان وەربگرن و پێیان خۆش بێت كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئەم بڕیارەی داوە، یان ھیچ نەبێت بێدەنگ بن، كەچی لێرەشدا ھاتوون دیسانەوە بەربوونەتەوە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان، ئاخۆ چ داخێك لە دڵی ئەم بەپەندبوانەدا ھەیە؟

1- پێوەند بە چوار بەپەندبووەكەی بەغدا، ئەو داخە شك دەبەم كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان بەپێچەوانەی حەز و ویستی ئەوانەوە، خۆڕاگر بوو و تەسلیمی ئەوانە نەبوون كە ئەو چوار بەپەندبووە و برادەرانی تریشیان لەمێژە تەسلیمیان بوون، ئەوان دەیانویست حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو مەلەفی نەوت تەسلیمی بەغدا بكات، تەنانەت ئاگایشیان لە مادەی 112ی دەستووری عێراق نەمابوو كە بە گوێرەی ئەم مادەیە ھەرێمی كوردستان چەندین مافی دەستووریی لەنێو مەلەفی نەوتدا بۆ دەستەبەر كراوە، ئەوان دەیانویست بەغدا خۆی ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێم دابەش بكات و دەیانگوت ئەگەر بەغدا پارە بنێرێت ھەرێم نایدات بە مووچە و دەیدزێت! بەڵام ئێستا كە بەغدا پارەی ناردووە و حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش مووچەی بێ لێبڕینی پێ دابەش دەكات، داخی ئەمەشیان لە دڵدایە، واتە داخی ئەوەی كە بۆچی حكوومەت 200 ملیار دینارەكەی نەدزی!

2- پێوەند بە دوانەكەی تری ھەرێمی كوردستان، واتە محەمەد حەكیم و بەكر ھەڵەدنی ھەست دەكەم ئەوانیش دوو داخیان ھەیە، داخی یەكەمیان ئەوەیە كە لە كوردستان خراپیان لێ قەوماوە و لە محەویلەی ڕەئیسیەوە لەسەریان كوژێنراوەتەوە! خۆیان دەزانن چی دەڵێم، داخی دووەمیشیان ئەوەیە كە یەكێك لە مەرجەعە فكریەكانیان كە ڕاشد ئەلغەنووشیی ئیخوانیی برادەریانە لە تونس، ئەمیش لە دوێنێوە خراپ لێی قەوماوە و دەسەڵاتەكانی لەدەست چووە و ئێستا بووە بە مانگر و چالاكوان! بۆیە بۆ هاوبیرەكانیشی لە ھەر شوێنێك بن ئەم خەفەتە كەم نیە ھا!