كابینەی نۆیەم لەنێوان ئەوانەی دیدیان گەشە و ئەوانەی ناخیان رەشە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 26/07/2021

كابینەی نۆیەم لەنێوان ئەوانەی دیدیان گەشە و ئەوانەی ناخیان رەشە

پێش ئه‌وه‌ی باس له‌ په‌یامه‌كه‌ی دوێنێ یەكشەممەی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان بكه‌م پێوەند به دۆخی ئابووریی كوردستان و‌ کۆتاییھێنانی بە لێبڕینی مووچه، دەگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ مێژووی دیدار و دیمانه‌كانی تری سه‌رۆكی حكوومه‌ت كه‌ چه‌ندین جار هیوای بەخشیوە و جه‌ختی له‌‌وه‌ كردووەته‌وه‌ كە خەڵكی كوردستان و حكوومەتەكەی دەتوانن به‌سه‌ر قه‌یرانه‌كاندا زاڵ بن و سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ست بهێنن.

له‌ ماوه‌ی رابردوو و ئێستاش بینیمان، ڕژدی و خه‌مخۆریی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و كابینەكەی هه‌مبه‌ر بە ده‌رده‌كانی كوردستان لە چ ئاستێكی باشدایە، زۆر جار لەلایەن هەندێ كەسەوە لەپای وتارەكانم لەبارەی خۆڕاگری و ورە و رژدیی كابینەی نۆیەم و سەرۆك وەزیرانەكەی، رووبە‌ڕووی ره‌خنه‌ی توند بوومه‌ته‌وه‌، چونكە ئەوانە پێیان وابوو من خه‌ون ده‌بینم و خۆشباوه‌ڕم، لە كاتێكدا بابەتەكە نە گەشبینیی من و نە رەشبینیی ئەوان بوو، بەڵكوو جیاوازییەكە ئەوەیە كە من دوور لە ئایدۆلۆژیا و بیركردنەوەی حزبیی تەسك، بە چاودێری و خوێند‌نەوه‌ی ورد بۆ لێدوانه‌كانی مەسرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت و ئنجا هەواڵ و هەنگاو و بڕیار و پرۆژەكان ئەو بۆچوونانەم دەردەبڕی، بەڵام هەستم دەكرد ئەوانەی رەخنەم لێ دەگرن لەژێر كاریگەریی هاشوهووشی سۆشیال میدیا و رق و كینە و بڕیاری پێشوەختەی بێ بیركردنەوەدان.

لێرەدا هەندێ لە مانشێت یاخود دێڕەكانی وتارەكانی پێشووم لەبارەی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانەكەیەوە، هەم وەبیر خۆم و هەم وەبیر خوێنەرانی هێژا دەهێنمەوە و دەكرێ دواتر حوكم بدرێت ئاخۆ من بەهەڵەدا چووم یان ئەوانەی رەخنەیان لێ دەگرتم و پێیان وابوو شتێكی ناواقیعیم نووسیوە و بۆ مەبەست و مەرامی تایبەتە!

مانشێتی بەشێك لە وتارەكانم
١- (مه‌سرور بارزانی.. سه‌رۆك وه‌زیرانێك كه‌ هێز و هیوا ده‌به‌خشێت) له‌م وتاره‌دا ئاماژەم بەوە كردبوو كە باوه‌ڕی ته‌واوم به‌و وتەیە‌ هه‌یه‌ كە دەڵێت: (ئەو زه‌بره‌ی نه‌تكوژێت، به‌هێزت ده‌كات) چونكه‌ قه‌یرانه‌ یەك لەدوای یەك و سه‌خت و دژواره‌كانی جیهان و ناوچەكە و عێراق و ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش، لەمپەر و تەگەرەی زۆریان بۆ كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم دروست كرد، تەنانەت هەندێ لە نەیارانی ناوخۆی كوردستان و عێراقیش، دەهۆڵی نەمانی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان یان لەتكردنی هەرێمی كوردستانیان كوتی، یان هەندێك داوای تەسلیمبوونی هەرێمیان كرد بەرامبەر بە مووچە، ئەودەم لەو وتارەدا نووسیم: ”من هێز و هیوا لە سەرۆك وەزیرانی كوردستاندا دەبینم، بۆیە باوەڕم وایە كە هەرێمی كوردستان لەم ململانێیەدا سەردەكەوێت“، دە فەرموو كاكی رەخنەگر، ئێستا پێم بڵێ، من لەسەر حەق بووم یان جەنابت كە رەخنەت لێ دەگرتم و گەلێ جار تانە و تەشەریشت دەهاویشت؟

٢- (لێم بپرسه‌ بۆچی پێناكه‌نیت؟) له‌ سۆنگه‌ی سه‌رنجدانم بۆ پرسیارەكانی خەڵك و وه‌ڵامه‌كانی به‌ڕێز مه‌سرور بارزانی سەرۆكی حكوومەت لە پرۆگرامی (لێم بپرسه‌)دا، پرسیار و وەڵامی زۆرم بینی، چه‌ندین پرسیاری جیاواز كرا، به‌ڵام پرسیارێك و وەڵامەكەی سەرۆك وەزیران، زۆرترین سه‌رنجی راكێشام، پرسیار ئەمە بوو: ”بۆچی پێناكه‌نیت؟“ وه‌ڵامی سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان بۆ ئەو هاووڵاتیە به‌م شێوه‌یه‌ بوو: ”ئه‌گه‌ر پێویست به‌ پێكه‌نین نه‌بێ نازانم چۆن پێبكه‌نم، پێویستیش بێت زۆر حه‌ز ئه‌كه‌م پێبكه‌نم“.

زۆر جار لە هەندێ لە راهێنەرەكانی هەڵبژاردەكانی تۆپی پێمان بینیوە، كە تا ئەو رۆژەی تیپەكەی یان هەڵبژاردەكەی یاریی فیناڵ نەباتەوە و جامی پاڵەوانێتیەكە وەرنەگرن و یاریزانان ئاهەنگ نەگێڕن، راهێنەرەكە پێناكەنێت، ئەوەش ئەوپەڕی جدییەت و دڵسۆزی و راستگۆیی و خەمخۆرییە، ئەودەم لەو وتارەدا نووسیم: ”پێكەنینی سەرۆك وەزیران یان هەر بەرپرسێكی تر ئەگەر لە دڵەوە بۆ سەركەوتنی گەلەكەی نەبێت، بۆچی باشە و چ پێویست دەكات؟!“ دوێنێش بەڕێز مەسرور بارزانی، هەرچەندە مژدەیەكی خۆشی بە هاووڵاتیان دا، ئەگەرچی خەڵك خەندە لە رووخساریان رووا و پێكەنین دوای ئەو مژدەیە، بەڵام خەندە و پێكەنین لە رووخساری سەرۆك وەزیراندا نەبینرا، چونكە ئەو جدییە و دەزانێ هەنگاوێكی باشی ناوە، بەڵام هێشتا ماومانە بۆ سەركەوتنی یەكجارەكی.

٣- (١٠ سەعاتی مێژوویی) ناونیشان بابەتێكی ترم بوو، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چووە هۆڵی پەرلەمان و رووبەڕوو لەگەڵ پەرلەمانتاراندا دانیشت و راستگۆیانە و دوور لە موجامەلە و زێدەگۆیی، روونكردنەوەی دا و وەڵامی پەرلەمانتارانیشی دایەوە، ئەوەش بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك ‌پرسی ئابووری و سیاسی و كارنامه‌ی چاكسازی و هەنگاو و پرۆژه‌كانی حكوومه‌ت لە رووبه‌رووبونه‌وه‌ی قه‌یرانه‌كاندا، دانیشتنیكی ١٠ سەعاتی ویست تا دید و بۆچوونه‌كانی ئۆپۆزیسیۆن و ئه‌وانه‌شی به‌ حساب له ‌تیمی حكوومه‌تدا بوون به‌ڵام به‌رگی ئۆپۆزیسیۆنیان پۆشیبوو گەیشت و تا سەرۆك وەزیران پێیان بڵێت، ئەمڕۆ كاركردن لە قسەكردن گرنگترە و خه‌ڵكی كوردستان به‌گشتی پێویستی به‌ یه‌كڕیزی و یه‌ك تیمیی كاركردنه‌ بۆ حكومڕانییەكی دروست و زاڵبوون بەسەر كێشەكاندا.

هه‌ر له‌و كۆبونه‌وه‌یەدا سه‌رۆكی حكوومه‌ت گوتی: ”هه‌مه‌جۆركردنی سه‌رچاوه‌كانی داهات له‌ ڕێگه‌ی فره‌جه‌شنكردنی ئابووریی كوردستانه‌وه‌، ئامانجێكی سه‌ره‌كیی ئه‌م كابینه‌یه“‌، له‌ هه‌مان كاتدا گوتیشی: ”یه‌كلایه‌نەیی ئابووریی كوردستان و پشت بەستنی تەواو بە داهاتی نەوت، بووه‌ته هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ئه‌و هه‌موو قەیران و كێشانەی هاتوونەتە ئارا ئێستاش باری گرانن، به‌ڵام پلان و هه‌نگاو و پڕۆژه‌ و ئیراده هه‌یه‌ بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر ئه‌م كێشه ‌و قه‌یرانانه‌دا“، ئەودەم نووسیم، بڕواتان بەم حكوومەتە هەبێت و دەتوانێت سەر بكەوێت، ئەوانەی ئەو رەئیەمیان بەدڵ نەبوو، بۆیان نووسیم: ”تۆ خەون دەبینیت!“ نازانم ئێستا كە ئەو پرۆژە گرنگانە لە زۆربەی شار و شارۆچكەكان دەبینن، ئاخۆ هێشتا پێیان وایە من خۆشباوەڕ بووم و خەونی خۆشم دەبینی، یان خۆیان خەونی شكستی هەرێمی كوردستانیان دەبینی!

٤- وتارێكی ترم (دیداری سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان و زانا و داهێنه‌ران) بوو، هه‌ڵبه‌ته‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان باش له‌وه‌ تێگه‌یشتووه‌ كه‌ هێزێكی نه‌رمی مرۆیی كوردستانی هه‌یه‌ كه‌ نابێت فه‌رامۆش بكرێن، بەڵكوو پێویست ده‌كات سوود له‌ توانا و ئه‌زموونیه‌كانیان وه‌ربگیرێت، چه‌ندین لاوی كوڕ و كچمان هه‌یه‌ له‌ چه‌ندین بواری جیاجیادا لێهاتوون، توانیویانه‌ داهێنانیان هەبێت، به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانیش بۆ ئەو كەسانە و ئەنجامدانی دیداری جیاواز لەگەڵیان، هه‌ر له‌ سۆنگه‌ ئەو به‌رپرسیارێتیەوە بووە كە هەستی پێدەكات به‌رامبه‌ر به‌ خه‌ڵكە داهێنەرەكەی وڵاتەكەی، چونكە قەوارە و هەرێم و دەوڵەتی بەهێز بەبێ داهێنەران نایەتە ئارا. جا رەخنەگرانی بەرێز، من ئەگەر بە وتارێك پەسنی ئەو هەنگاوەی سەرۆك وەزیران و بایەخدانی بە زانایان و داهێنەران و دانایان بكەم، ئاخۆ شتێكی هەڵەم گوتووە؟ وەڵام بۆ خۆتان.

٥- (سه‌رۆك وه‌زیرانی كوردستان له‌ به‌لجیكا) ئەوەش ناونیشانی وتارێكم بوو، به‌لجیكا ناوه‌ندێكی گرنگی جیهانیه‌، پێگه‌یه‌كی به‌ناوبانگی سیاسی و ئابووری و ئه‌منیی هه‌یه‌ لەسەر ئاستی ئەورووپا بەتایبەتی، ئه‌م ناوه‌نده‌ گرنگه‌ له‌ دیدی سه‌رۆك وەزیرانی كوردستانەوە فەرامۆش نەكراوە، له‌و سەردانەی سەرۆك وەزیرانی كوردستان بۆ بەلجیكا، له‌ ڕێگه‌ی میدیاكانه‌وه‌ بینیمان، په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندییه‌كان و كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیی ئه‌منی و سیاسی و سه‌ربازی و كه‌رتی كشتوكاڵ و پرۆسەی چاكسازی و چه‌ندین بابه‌تی تر كه‌ گرنگن بۆ‌ به‌هێزكردنی هه‌رێمی كوردستان، تەوەری باس و گفتوگۆ بوو، بوونی دۆستایه‌تی و پشتیوانیكردنی به‌لجیكا و هه‌رێمی كوردستان مێژوویه‌كی باشی هه‌یه، ئاخۆ ئەگەر من وەك كوردێكی نیشتەجێی بەلجیكا، لایەنەكانی ئەو سەردانە هەڵبسەنگێنم، كارێكی پێویستە یان نا؟

٦- (دوو ساڵ حوكمڕانی له‌ دیدی یار و نه‌یارانه‌وه‌) لە ماوەی رابردوودا، دوو ساڵ له‌ ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان تێپەڕی، وتارێكم بەو ناونیشانەی سەرەوە نووسی. هه‌نگاو و پرۆژه‌كانی ئه‌م كابینه‌یه‌ لەو دوو ساڵەدا، جۆرێك له‌ هیوا و گه‌شبینی دەبەخشێت لەنێو ئه‌و فه‌زا ناله‌باره‌ی كە بەداخەوە بەشێك لە میدیای كوردی و میدیای عێراقی و ئیقلیمی دروستیان كردبوو و وێڕای قەیرانە حەقیقیەكان كە هەبوون، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە كەمترین قسە و زۆرترین كردار،‌ له‌ زۆربه‌ی سه‌كته‌ره‌كاندا هه‌نگاوی باشی هاویشتووە‌، ئێستا ویژدان سەنگی مەحەكە‌ نه‌ك هاشووهووشی سۆشیال میدیا و وتاری پۆپۆلیسته‌كان، شه‌فافیه‌ت له‌ كاركردندا هیچی بۆ وتاری پۆپۆلیستی و میدیا سێبه‌ره‌كان نه‌هێشتووەته‌وه‌، سه‌رۆكی حكوومه‌ت بە حیكمەتی خۆی سەرپەرشتیی دانوستانی لەگەڵ حكوومەتی عێراق كرد و هەر لە سەرەتاوە تیمی تایبەتی دانوستانی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكی حكوومه‌ت دروست كرد و پاش ده‌یان سه‌ردان و گفتۆگۆ و دانوستان له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتنه‌ ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی 2021ی عێراق به‌شی هه‌رێمی كوردستان جێگیر بكه‌ن.

ئێستا من خۆشبەخت و خۆشحاڵم كە ئەوانەی لە ماوەی رابردوودا لەسەر كابینەی نۆیەمم نووسی، سەرەڕای ئەو هەموو ئاستەنگ و قەیران و لەمپەرانە، هەموویان لەجێی خۆیدا بوون و زۆربەیان هاتنە دی، چونكە گەشبینیەكەم بنەمای هەبوو، ئەوانەشی رق و كینە و گرێی دەروونییان هەمبەر بە سەركەوتنی سەرۆكی حكوومەت یان ستافە وزارییەكەی، یاخود حزبەكەی سەرۆك وەزیران، یان هەر گرێی دەروونییان بەرامبەر بە سەركەوتنی كورد و كوردستان هەیە، ئێستا پیش دەخۆنەوە و ناخیان پڕە لە زووخاو، خودای گەورە ناخیان خاوێن بكاتەوە و كوردستانیش لە ناخڕەشان و دوژمنان و داگیركەران بپارێزێت.