كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان: زەمینەیەك نەماوە بۆ ئەوانەی موزایەدە بە قووتی خەڵك و مووچەخۆرانەوە دەكەن

 

ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری هەڵگرتنی لێبڕینی مووچە دەرخەری خەمخۆریی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت و كابینە وزارییەكەی دەردەخات بەرامبەر بە مووچەخۆران و فەرمانبەرانی كوردستان. ئەوەش دەخاتە ڕوو، ئەو بڕیارە ھیچ زەمینەیەكی بۆ ئەو كەسانە نەهێشتەوە، كە موزایەدەیان بە قووتی مووچەخۆرانەوە دەكرد.

دوێنێ یەکشەممە 25/7/2021، مەسرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ڕای گه‌یاند: "له‌م مانگه‌وه‌ مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆرانی كوردستان به‌بێ لێبڕین دابه‌ش ده‌كرێ".

ئەرشەد لۆلانی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستان بە (باسنیوز)ی راگەیاند: "بڕیاری نەهێشتنی لێبڕینی مووچە، ھەنگاوێكە لەلایەن حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و راستگۆیی و نیەتپاكیی حكوومەتە بەرامبەر بە فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەرخەری خەمخۆریی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەت و كابینە وزارییەكەی دەردەخات، بەرامبەریان".

ئەوەشی خستە ڕوو: "ئەگەر بەغدا ماف و شایستەی دارایی ھەرێمی كوردستان بنێرێت، ئەوا ھەرێمی كوردستان ھەموو مافەکانی مووچەخۆران دابین دەكات، ئومێد دەكەم كە حكوومەتی بەغداش بە نیەتێكی پاكەوە كار بۆ پێكەوەیی حوكمكردن بكات و پابەند بێت بە جێبەجێكردنی ماددە دەستووری و یاساییەكان".

لۆلانی پێی وایە: "تازە ھیچ زەمینەیەك نەماوە بۆ ئەوانەی موزایەدە بە قووتی خەڵك و مووچەخۆرانەوە دەكەن و وا دەری دەخەن كە حكوومەت بەئەنقەست لێبڕینی لە مووچەدا کردووە، دەركەوت حكوومەت ئەگەر ئیمكانیەتی دارایی هەبێت، قەت مووچە نابڕێت و دوای ناخات".

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی جەختی كردەوە: "ئەم بڕیارەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كاریگەریی راستەوخۆی دەبێت لەسەر بوژانەوەی بازاڕ و باشتربوونی ئابووریی ھەرێمی كوردستان".