یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
حەمەسەعید حەسەن 26/07/2021

یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟

(٣)

پێش کۆبوونەوەکەی سلێمانی، بۆ بیروڕا گۆڕینەوە ئەو نووسەرانەم بینی کە لە هەولێر ناوەڕاستیان، بە دەربڕینی لینین، زەلکاویان هەڵبژاردبوو. لە ئەنجامدا لەسەر ئەوە پێک هاتین، بە مەرجێک لە کۆنگرەی یەکێتییەکەی ڕژێمدا ئامادە دەبین، ئیستیمارەی بوونە ئەندام پڕ نەکەینەوە و بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕازی نەبین، هەرچەندە ئەم بەڵینەیشیان وەک دەرکەوت هەر ساختە بوو، بەڵام کە سەرۆکی نووسەران ئەم هەواڵە کوشندەیەی ژنەفت، نامەیەکی بۆ دەستەی دامەزرێنەری یەکێتییە عێراقییەکە نارد، تێیدا نووسیبووی: (ئۆباڵی سەرنەکەوتنی پلانەکەی دەسەڵات، لە ئەستۆی لقی سلێمانی و هەولێردایە، من بێ تاوانم.)(١)

ئەم بەرپەرچدانەوەیە لای سەرۆکی نووسەران مایەی خەمێکی درێژخایەن نەبوو، چونکە پێش هاتنی بۆ بارەگای لقی سلێمانی، نووسەرە ترسنۆکەکانی بینیبوو، گفتیشی لێ وەرگرتبوون کە نائومێدی ناکەن. ئەوانەی لە میهرەجانە شیعرییەکەی ئاداری ١٩٧٩دا زەندەقیان چووبوو، ئەوانەی لە هەولێر زەلکاویان هەڵبژاردبوو، ئەوانەی لە هۆڵی کارگەی جگەرە، بەدەم پارێزگاری سلێمانییەوە پێکەنیبوون و بەشداریی لیژنەیەکیان کردبوو، پارێزگار سەرۆکایەتیی دەکرد، بوون بە هۆکاری لە گۆڕنانی یەکێتیی نووسەرانی کورد.

ئێوارەی ٢٦ی ٢ی ١٩٨٣ لە هۆڵی یانەی ئەزمڕی سلێمانی، لەسەر خواستی سەرۆکی نووسەران، کۆبوونەوەیەکی تر بۆ پڕکردنەوەی ئیستیمارەی بوون بە ئەندام لە یەکێتییە عێراقییەکەدا ساز کرا. سەرۆک لەم کۆبوونەوەیەشدا، هەر خۆی شاسواری مەیدانی فەساحەت و بەلاغەت بوو، هەموو توانای خۆی بۆ دەستەمۆکردنی نووسەران خستە کار و بۆ چاوبەست دەیگوت: (ئێمە چیمان دەوێت، لە کۆنگرەدا داوای دەکەین. مامۆستایان تاریق عەزیز و شەفیق کەمالی، بڕیاریان داوە، چیمان بوێت بۆمانی بکەن. دوور نییە لەم هەنگاوەمدا هەڵە بم، بەڵام ئێوە لەگەڵمدا وەرن، بە پشتی ئێوە، بە یەکێتیی ڕیزەکانمان سەردەکەوین. با ئێمەیش وەک یاسر عەرەفات بکەین، سوود لە هەموو لایەک وەربگرین.) قەشە گابۆن لە ڕۆژی یەکشەممەی خوێناویدا، چی بەسەر کرێکارانی پەترۆگراد هێنا، سەرۆکیش دەیویست نووسەران بەو دەردە ببات، ئەویش قەوانەکەی قەشە گابۆنی لێ دەدایەوە.

نووسەرێک لە وەڵامی سەرۆکدا گوتی: (من پێم وایە تەنیا لەڕێی یەکێتیی نووسەرانی کوردەوە دەتوانین، ڕاژەی ئەدەبی نەتەوەکەمان بکەین.) دەستبەجێ خزمێکی سەرۆک ڕووی کردە ئەو نووسەرە و پێی گوت: (ئەدی مامۆستا بۆچی خۆت، جاران لە دەزگایەکی دەوڵەتدا کارت دەکرد؟ ئایا لەوێوە خزمەتت دەکرد؟) نووسەرەکەیش پێی گوت: (من لەوێوە نەمتوانی هیچ بگۆڕم، هیچ خزمەتێکم پێ نەکرا، بۆیە دەستبەرداری ئەو دەزگایە بووم.) لە ئەنجامی ئەم گفتوگۆیەدا، سەرۆک و خزمەکەی بوون بە تەڵەوە، بۆ دەربازکردنیان نووسەرێک هەڵسا و گوتی: (ئێمە دەچین بۆ کۆنگرە، لەوێ داکۆکی لە مافی نووسەری کورد و ئەدەبی کوردی دەکەین، بۆیە ئەوی نەبێت بە ئەندامی یەکێتییە عێراقییەکە و نەیەت بۆ کۆنگرە، ئەوە ترسنۆکە.) ئەو نووسەرەی ئەمەی گوت، یەکەم چیرۆکنووسی کوردە ئەدەبی قادسییەی نووسیبێت، یەکەم چیرۆکنووسی کوردە، خۆی بۆ دیفاعی مەدەنی لە سەردەمی جەنگی قادسییەدا تەرخان کردبێت، یەکەم چیرۆکنووسی کوردە، سوپاسنامەی ڕژێمی لە ئەنجامی (هەڵوێستی جوامێرانە)یدا، بەرانبەر بە جەنگی قادسییەی سەددام، پێ گەییشتبێت.

من وەک هەموو ئەو نووسەرانەی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورددا نەبوون، بڕیارم دابوو، لەو کۆبوونەوەیدا چی دیکە بیروڕای خۆم دەرنەبڕم، بەڵام کە کار گەییشتە ئەوەی نووسەرە ترسنۆکەکان، لافی ئازایەتی و جوامێری و هەڵوێستی شێرانەیان لێ دا، بۆیە گوتم: (کۆمەڵی کوردەواری وەک هەر کۆمەڵێکی چینایەتیی دیکەی سەر زەوی، لە چەند چین و توێژێک پێک هاتووە، ئایدۆلۆجیای هەموو چینێکیش ڕەنگدانەوەی بەرژەوەندیی چینایەتیی خۆیەتی، ئێستا لە عێراقدا بۆرژوای بیرۆکرات دەسەڵاتدارە، بۆیە نووسەرانی کورد کە زۆربەیان وەک پێگەی چینایەیەتی، بۆرژوای بچووکن، شتێکی سەیر نەبووە کە لەمەوبەر لە سەنگەری میللەتدا بوون، شتێکی سەیریش نابێت لەمەدوا سەنگەری ڕژێم، سەنگەری بۆرژوای بیرۆکرات، سەنگەری دژ بە میللەت هەڵببژێرن. کێشەی چینایەتی بە زۆر شێوە و لە هەموو بوارێکدا ڕەنگ دەداتەوە کە ئەدەبیش یەکێکە لەو بوارانە، نووسەرانیش لەبەر ئەوەی بەشێکن لەم کۆمەڵە فرەچینە، شتێکی سروشتییە و پێویستیشە ببن بە دوو بەرە، بەرەی سەر بە ڕەنجدەران و بەرەی سەر بە بۆرژوای بیرۆکراتی دەسەڵاتدار. ئەو نووسەرە عەرەبانەیش هاوکاریی ڕژێمیان کردووە، ئەڵقەلەگوێی ڕژێمن و نووسەرێکی عێراقی خاوەن هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە نەماوە، دووچاری گرتن و ڕاونان و دەربەدەری و سووکایەتی پێ کردن نەبووبێت.)

پاشان ڕووم کردە ئەو نووسەرانەی لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورددا بوون و گوتم: (ئێوە ترسنۆکن و چاوەڕێی ئەوەتان لێ ناکرێت، داکۆکی لە مافی نووسەری کورد بکەن، ئێوە دوو مانگ و نیو لەمەبەر (٣ و ٤ی کانوونی دووەمی ١٩٨٣) لە میهرەجانی نالیدا کە گوترا کورد کەرە، ورتەتان نەکرد، ئێوە دیاریی سەرۆکی فەرماندەتان وەرگرت، ئێوە لە میهرەجانی دووەمی شیعری کوردیدا زەندەقتان لە حەماس و چەپڵەی جەماوەر چووبوو، ئێوە کە لەبەردەمی سیخوڕێکی بچووکدا دەلەرزن، چۆن لە بەغدا، لە کۆنگرەدا، بە ئامادەبوونی سەرۆکی فەرماندە، دەوێرن نوتق بدەن! جگە لەمانە بەڵێنەکانی رژێم هەموویان ساختەن و ئێوەیش ئەمە چاک دەزانن. ڕژێم لە بەیانی یازدەی ئادار و بەرەی نیشتمانی و وەحدەی نێوان عێراق و سووریا پاشگەز بووەوە، ئیتر دەبێت ئێمە وەک نووسەرانی کورد، چ قورسایییەکمان لەسەر ڕژیم هەبێت؟) کە ئەم قسانەم دەکرد، نووسەرە ترسنۆکەکان جێگەیان بە خۆیان نەدەگرت و لەبەر چاوم ئەمجارەیش وەک ڕۆژانی میهرەجانی دووەمی شیعری کوردی، بەرە بەرە بچووک و بچووکتر دەبوونەوە، تا دەبوون بە سفرێکی گەورە.

ئەو شەوەی کۆبوونەوەکەی یانەی ئەزمڕ بە سەرنەویکردنی کەمتر لە نیوەی نووسەرانی لقی سلێمانی دوایی هات، هەر بۆ سەعات هەشتی بەیانی، دەزگا سەرکوتکارەکانی ڕژێم کەوتنە بانگکردن و هەڕەشەکردن لەو نووسەرانەی دەستەمۆ نەبووبوون، بە مەرجێک کۆبوونەوەکە بێجگە لە نووسەران، کەسی غەیرەی تێدا نەبوو. تا ئێرە ڕووداوەکان سروشتی تێدەپەڕین، بەڵام ئەوەی چاوەڕێ نەدەکرا، ڕاگەیاندنە سازشکارانەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو.(٢) ڕاگەیاندنەکە بە کاریگەریی نووسەرە ترسنۆکەکان نووسرابوو، ئەو نووسەرە ترسنۆکانەی نەیاندەوێرا بەرەنگاری پیلانەکەی ڕژێم ببنەوە، نەیشیاندەویست دڵی ئۆپۆزیسیۆنیان لێ بڕەنجێت، بۆیە ڕژێمیان بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕازی کرد و بەڵێنیشیان بە ئۆپۆزیسیۆن دا، لە کۆنگرەدا شمشێرە دارینەکانیان هەڵدەکێشن و دەیکەن بەو ڕۆژەی قەرەوەیسی تێدا بریندار کرا! لینین دەڵێت: (هەلپەرست بەپێی سروشتی خۆی، هەمیشە بەدوای ڕێگەچارەیەکی مامناوەندیدا دەگەڕێت و خۆی لە وەرگرتنی هەڵوێستی یەکلاییکەرەوە و کاربڕ دەدزێتەوە.) نووسەرە ترسنۆکەکان دەیانزانی مردوو لەوە پاکتر ناشۆرێت، لەملاوە ڕژێم ڕازی دەکەن، لەولایشەوە ئۆپۆزیسیۆن لێیان زیز نابێت.

لە کاتێکدا ڕژێم تاکە تاکە و بە کۆمەڵ، نووسەرە هۆشیارەکانی بانگ دەکرد و دەیویست بە زەبری ترس و تۆقاندن، بیانکات بە ئەندامی یەکێتییە عێراقییەکە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە ئێزگەکەیەوە ڕاگەیاندنێکی لە قازانجی ڕژێم و نووسەرە ترسنۆکەکان بڵاو کردەوە! ئەو ڕاگەیاندنە سازشکارانەیە، چاوەڕێنەکراو بوو، ئاخر لە سایەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا، هەم یەکێتیی نووسەرانی کوردستان لە دایک بووبوو، هەم لقی کەرکووکی نووسەران ژیابووەوە و گۆڤاری (گزنگ)یشی دەردەکرد! ئاخر مام جەلال دەیگوت: (ئیمڕۆ یەکێتیی نووسەرانی کوردستان، هی هەموو کوردستان، نەک هەر داوایەکی ڕەوای نەتەوایەتییە، بەڵکوو پێویستییەکەی گرنگی سەرخستنی خەباتیشە.)(٣) ئاخر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەموو بوارێکدا کوردستانی بوو، نەک عێراقی و لە هیچ سەندیکایەکی سەر بە ڕژێمدا بەشدار نەبوو، ئاخر پێشتر یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان هیچ دەستتێوەردانێکی لە کاروباری نووسەراندا نەکردبوو، بۆیە نووسەرە هۆشیارەکان پێیان وابوو ئەوە هەڵەیە و بە هەوڵی نووسەرە ترسنۆکەکان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی تێ کەوتووە.

نووسەرە ترسنۆکەکان، بۆ تۆقاندنی نووسەرە هۆشیارەکان، سەرەتا پەنایان بردە بەر دەزگا سەرکوتکارەکانی ڕژێم، پاشا هانایان بۆ ڕاگەیاندنە سازشکارانەکەی یەکێتیی نیشتمانی برد، دوای ڕاگەیاندنەکەیش نووسەرێکی شاخیان ڕاسپارد، نامەی هەڕەشەئامێز بە ناوی خەڵکی لە خۆی گەورەترەوە، بنێرێتە سەر چەند نووسەرێکی خۆڕاگر. دوا جار نووسەرە سازشکارەکان کە لەوە دڵنیا بوون، نووسەرانی خۆڕاگر لە خشتە نابرێن، بۆیە بۆ ئارایشتکردنی ڕووخساری دزێویان، چوونە لای پارێزگاری سلێمانی و داوایان لێ کرد، هەڵمەتی گوشار و ترساندن، لەسەر ئەو نووسەرانە لا ببرێت کە بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد ڕازی نین و پێیان گوت: (ئەگەر ئێوە ئەوان بانگ بکەن و بیانگرن، ئەوا ئێمە بە داردەستی ئێوە لە قەڵەم دەدرێین.)

پارێزگار ئەوانی هێور کردەوە، بەڵام زۆری نەبرد کەوتنە سۆراخی دەستگیرکردنی من. کە زانیم دەیانەوێت بە شێوەیەک دەستگیر بکرێم، کە نەزانرێت ڕژێم گرتوومی، خۆم بزر کرد. سەرۆکی نووسەران کە پێی زانی خۆم بزر کردووە، ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ٣ی ١٩٨٣ بە نووسەرانی لقی سلێمانیی گوتبوو: (خۆم چوومەتە لای بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی و گفتم لێ وەرگرتووە کە نایگرن، تەنیا نیازیان هەبووە پرسیارێکی لێ بکەن، وا ئەو پرسیارەیشی لێ ناکەن و با ڕۆژی شەممە بچێتەوە بۆ سەر کار.) من دەمزانی ڕژێم بە بیانووی پرسیارێکەوە، سەدان کەسی شوێنبزر کردووە، بۆیە دوا بڕیارم دابوو کە نەچمەوە سەر کار، بەڵام دەزگا سەرکوتکارەکان، وایانزانیبوو، بەو گفتە فریو دەخۆم، بۆیە بۆ ڕۆژی شەممە ١٩ی ٣ی ١٩٨٣ بە هێزێکی گەورەوە، سەعاتێک پێش دەستپێکردنی کار، سەر و بن و چواردەوری شوێنی کارەکەمیان لێ گرتبووم، تا سەعاتێک دوای تەواوبوونی کاتی کاریش، هەر چاوەڕێی هاتنم بووبوون و پاشان ٢٧ی ٣ی ١٩٨٣ کە ڕۆژی مووچەوەرگرتن بوو، بە هەمان شێوە بۆم چووبوونەوە.

من ڕازی نەبووم، بچم لە کۆنگرەی نووسەرانی عێراقدا داکۆکی لە مافی کورد و ئەدەبەکەی بکەم، ڕژێم دەیویست بمگرێت، کەچی ئەو نووسەرانی بە ئاشکرا بڕیاریان دابوو، لە بەغدا داکۆکییەکی قارەمانانە لە کورد و لە ئەدەبەکەی بکەن، سوپاسنامە و خەڵاتیان پێ گەییشت! بەپێی بۆچوونی ئەو قارەمانانە، ڕژێم دەیویست ژمارەی لایەنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی لە نۆزدەوە ببن بە بیست! دوای دەربازبوونی من، نووسەرێکی خۆڕاگر دوور خرایەوە و یەکێکی تریش خانەنشین کرا. لە هەولێر نووسەرێکیان لەبەردەم ئەم دووڕیانەدا ڕاگرتبوو: یان بچۆ ببە بە پێشمەرگە، یان وەرە ببە بە ئەندامی یەکێتییە عێراقییەکە! من ڕووم کردە شاخ.

سەرۆکی نووسەران پاش بەکارهێنانی هەموو ڕێگەیەک بۆ دەستەمۆکردنی نووسەرانی سلێمانی، ڕووی کردە هەولێر، بەڵام لەوێ دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی ڕژێم، ئەرکی سەر شانی سەرۆکیان سووک کردبوو، بەوەی لەژێر زەبری هەڕەشەدا، زۆرینەی نووسەرانی هەولێریان دەستەمۆ کردبوو. دهۆکیش هەرچەندە سەرۆک خۆی گەیاندێ، بەڵام نووسەرانی ئەوێ بێجگە لەوانەیان شاریان بەجێ هێشتبوو، هەر لەدوای نسکۆی شۆڕشی ئەیلوولەوە، زۆربەیان وەک خۆیان نکووڵییان لێ نەدەکرد، لە سەنگەری ڕژێمدابوون، بۆیە پێش گەییشتنی سەرۆک، ئیستیمارەی پڕکراوەیان ئامادە کردبوو.

لێپرسراوێکی قەبەی (ناوچەی ئۆتۆنۆمی) گوتبووی: (جاران سەرۆکی نووسەران، دژی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورد بوو، بەڵام ئێستا بە ئومێدی پۆستێکی باڵا، هەموو توانای خۆی بۆ هەڵوەشاندنەوەی هەمان یەکێتی بەگەڕ خستووە، ئەوە نییە شەممە لە بەغدایە، یەکشەممە لە سلێمانییە، دووشەممە لە هەولێرە و سێشەممە لە دهۆک! پاش ئەم قسەیە ئەو بەرپرسە لە کار خرا، ئەو دوو ئەندامەشی کە ئەمیان نەفی و ئەویان خانەنشین کرا، گومانیان لەوە نەبوو، سەرۆک بۆیان تێکەوتووە.

*

(١) بڕوانە: رساله‌ موجهه‌ إلی الهیئه‌ التأسیسیه‌ للاتحاد العام للأدبا‌ء والکتاب فی القطر العراقي، ل١٧٩ی ژمارە ١١ی نووسەری کورد.
(٢) یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕاگەیاندنێکی بڵاو کردەوە، تێیدا لایەنی نووسەرە ترسنۆکەکانی گرتبوو.
(٣) پێم وایە کاک کەریمی حیسامی زۆر باشی بۆچووە، جەلال تاڵەبانی، ل١٦ی ژمارە ٤ی گۆڤاری نووسەری کوردستان.