كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

ماكرۆن بۆ خۆپیشاندەرانی فەرەنسا: ئەمەی ئێوە ئازادی نییە

"هیچ ئازادییەك بەبێ جێبەجێكردنی ئەركەكان لە ئارادا نییە"

ئەمڕۆ یەكشەممە ئیمانوێڵ ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا ڕەخنەی لە خۆپیشاندانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی هاووڵاتییانی گرت لە دژی ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا و پێی ڕاگەیاندن ئەوەی ئێوە دەیكەن ئازادی نییە، چونكە هیچ ئازادییەك نییە بەبێ جێبەجێكردنی ئەركەكان.

چەند ڕۆژێكە خۆپیشاندانی بەرفرەوان ژمارەیەك گەورە شاری فەرەنسای گرتووەتەوە و هاووڵاتییان داوای كەمكردنەوەی ڕێوشوێنەكانی خۆپاراستن لە پەتای ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن، لەمبارەیەوە ئەمڕۆ ماكرۆن هاتە دەنگ و گوتی "ناشێ چاومان لە هەبوونی هیچ ئازادییەك هەبێت بەبێ جێبەجێكردنی ئەركەكان. ئازادی ئەوە نییە كە بڵێی من پابەندی هیچ شتێك نیم، بەڵكو ئازادیی من لەوێدا كۆتایی دێت كە ئازادی كەسێكی تر دەست پێدەكات".

سەرۆكی فەرەنسا هەروەها گوتی "ئەگەر ناتەوێت پێكوتەی كۆرۆنا وەربگریت و سبەینێ پەتای كۆرۆنا بۆ دایك و باوكت یان بۆ من بگوازیتەوە، ئەوا مانای ئەوە دەگەیەنێت كە من دەبمە قوربانیی ئازادییەكەی تۆ، لە كاتێكدا تۆ هەلی ئەوەت لەبەر دەستدایە خۆت و منیش بپارێزیت، بۆیە ئەمە ئازادی نییە، بەڵكو ئەمە نابەرپرسیارییەتی و خۆپەرەستیە".

جێی باسە حكوومەتی فەرەنسا ڕێوشوێنی نوێی بۆ خۆپاراستن لە پەتای كۆرۆنا بەسەر هاووڵاتییاندا سەپاندووە، لەوانەش دەركردنی مۆڵەتی تەندروستی كە بریتیە لە بڕوانامەی پێكوتەی كۆرۆنا یان ئەنجامی پشكنینی كۆرۆنا، هەروەها سەپاندنی وەرگرتنی پێكوتەی كۆرۆنا بەسەر تەواوی كارمەندانی تەندروستیی وڵاتەكە.