سەربردەی ژنێك لەنێو ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

سەربردەی ژنێك لەنێو ئەشكەنجەی جەستەیی و دەروونی دا

هەر منداڵێک دەبینێ، منداڵەکانی خۆیی بیر دەکەونەوە

“ئەو رۆژەم لەبیرە، کە لەنێوان دایک و باوکمدا بە گریانەوە چوومە چێشتخانەی ماڵ و تا ئێوارە گریام و جانتای کتێبەکانم بە دەست باوکمەوە فڕێ درایە ناو قوڕاوی بەردەرگاکەمان. باوکم زۆر کەم دەهاتەوە ماڵ، کە دەشهاتەوە ماوەی مانگێک زیاتر بوو بە دایکمی دەگوت، کە ئیتر ئەم کچە گەورە بووە و نابێت چیتر بڕواتە قوتابخانە”.

ئەمە سەرەتای گێڕانەوەی ژنێکی گەنجی تەمەن ٢١ساڵە، کە ماوەی دوو ساڵە لە هاوسەرەکەی جیا بووەتەوە.
گوڵزار، خەڵکی یەک لە لادێکانی ناوچەی شارەزوورە و شەشەم منداڵی خێزانەکەیەتی. ئەو ئێستا لە سەرەتای تەمەنیدایە، بەڵام وەکوو ژنێکی بەساڵاچوو قسە دەکات و بێهیوایی دەردەبڕێت. لەناو قسەکانیدا زوو زوو بە هەناسە هەڵکێشانێکی قووڵەوە دەڵێت: "ئەگەر بمتوانیایە کچەکانم بەخێو بکەم، بێگومان دەمهێنانەوە بۆ لای خۆم".

گوڵزار، بە بیانووی ئەوەی کە "ئیتر گەورە بووە و پێویستە شوو بکات" لە پۆلی شەشەمی بنەڕەتییەوە لە خوێندن دابڕێنراوە، وێڕای هەوڵەکانی خۆی و دایکی، بەڵام باوکی رێگەی نەداوە لە خوێندن بەردەوام بێت.
گوڵزار دەڵێت: "لەو رۆژەوە، کە باوکم جانتاکەمی فڕێ دایە ناو قوڕاو و منی بە لێدان هێنایەوە ژوورەوە، بەهۆی منەوە دایکیشم لێدانی خوارد، هیچ وابەستەیەکم بە باوکمەوە نەماوە، نەک هەر خۆشم ناوێ، بەڵکوو کە دێتەوە ماڵ دەڕۆمە ژوورێک، کە گوێشم لە دەنگی نەبێت، ئەویش من بە مرۆڤ ئەژمار ناکات".

دوای ساڵێک و لە تەمەنی چواردە ساڵیدا گوڵزار خوازبێنیی دێت و باوکی دەیداتە شوو: "دایکم زۆر هەوڵی دا رێگە لە بەشوودانی من بگرێت، بەڵام سوودی نەبوو. باوکم دەیگوت بۆچی لە ماڵ بێت، خۆ شیری لێ نادۆشی؟ با بڕواتە ماڵ و حاڵی خۆی. بەو هۆیەوە دایکم پەنای بۆ خاڵم برد، کە یارمەتیمان بدات و رێگە لە باوکم بگرێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی خاڵم کچەکەی خۆی قوتابیی زانکۆ بوو، بە دایکمی گوت، باوکی راست دەکات، چی دەکات لە ماڵ؟ با شوو بکات".

دوای ئەوەی گوڵزار بە شوو دەدرێت، لە یەکەم مانگەوە مامەڵەی خەسوو و هاوسەرەکەی لە هی باوکی رەق و نامرۆڤانەتر دەبێت: "رۆژێک چێشتم لێ نا، بە هەموویان قسەی ناشیرینیان پێ گوتم، لەبەرئەوەی بێخوێ بوو”. هاوسەرەکەشم پێیان پێدەکەنی و بە دایکی دەگوت بە شەق فێری بکە".

گوڵزار زوو سکاڵای خراپی مامەڵەی هاوسەری و خەسووی دەباتە لای دایکی، بۆیە دایکی دەچێتە ماڵیان و پێیان دەڵێت، ئەگەر لەوە زیاتر ئازاری بدەن دەیبەمەوە: "کاتێک دایکم هەڕەشەی کرد، خەسووم گوتی، ئەو کچە لە ماڵی خۆتان باوکی نیوەمردووی دەکرد و سەری دەشکاند، ئێمە دوو قسەمان پێی گوتووە بووە بە ئاخیر زەمان. ئەوە دژایەتیی خەسوومی بۆ من زیاتر کرد".

گوڵزار لەم هاوسەرگیرییە دەبێتە دایکی دوو کچ، بە هاندانی دایکی و زانینی دۆخی خۆی لە ماڵی باوکی، بەرگەی سووکایەتییەکانی ماڵی هاوسەرەکەی دەگرێت: "دوو کچم بە سکێک بوو، لەجیاتی پیرۆزبایی خەسووم، لە سێیەم رۆژدا گوتی، چیتر بۆت نالوێ پاڵ بدەیتەوە، خۆ کوڕی کاکۆڵ زێڕینت نەبووە، هەستە ئیتر خزمەتی مێرد و منداڵەکانت بکە، خەڵك دوو کوڕی دەبێ تۆ دوو کچت بووە".

گوڵزار، تا دێت دۆخی خراپتر دەبێت: "پێش شووکردن تەنیا باوکم لێی دەدام، لە ماڵی هاوسەرەکەم، هاوسەرەکەم و باوکیشی لێیان دەدام، بە بچووکترین گلەیی خەسووم بە بەرچاوی منداڵەکانمەوە بەر دەبوونە گیانم، چەندان جار دەریان دەکردمە دەرەوە و بە دوو سێ سەعات نەیاندەهێشت بڕۆمەوە ماڵ".

گوڵزار دەگێڕێتەوە: "رۆژێک هاوسەرەکم هاتەوە سەرخۆش بوو، لەبەرچاوی من مۆبایلەکەی دەرهێنا و لەگەڵ ژنێک قسەی دەکرد، منیش مۆبایلەکەم لە دەستی وەرگرت بزانم ژنەکە کێیە، بەڵام ئەو پەلاماری دام و زۆری لێ دام و دەستم شکا، منیش لە بەردەستی رامکرد و بەبێ پێڵاو سەیارەیەکم راگرت و رۆیشتمەوە ماڵی باوکم".

کاتێک گوڵزار دەڕواتەوە ماڵەوە و دایکی بەم حاڵە دەیبینێت، دەیباتە نەخۆشخانە: "دایکم منی بردە نەخۆشخانە و گوتی، ئیفادە بدە کە هاوسەرەکەت لێی داوی، منیش راپۆرتی پزیشکیم وەرگرت و دەستیان بۆ لە گەچ گرتم، بۆ رۆژی دواتر خەسووم هات منداڵەکانی بۆ هێنام و گوتی، من منداڵی تۆم پێ خزمەت ناکرێت".

گوڵزار بەم جۆرە ژیان دەباتە سەر، تا رۆژێک گوێی لێ دەبێت، کە هاوسەرەکەی بە دایکی دەڵێت، هەرچی بکات ئەو رازییە بۆیە دەیەوێ بە ئاشکرا پێم بڵێت، کە دەیەوێ لێم جیا بێتەوە: "هاوسەرەکەم لەگەڵ دایکی هاتە ژوورەوە و گوتی، من دەمەوێ لێت جیا ببمەوە، منداڵەکانیش بۆ خۆت بەرە، خەسووم جلەکانمی خستە ناو جانتایەک و هاوسەرەکم بردمیەوە بۆ ماڵی باوکم".

دوای ئەوەی باوکی گوڵزار بەم دۆخە دەزانێت: "کاتێک باوکم زانی گوتی تۆ تەڵاق دەدرێی باشە، بەڵام من منداڵت بۆ بەخێو ناکەم، بۆیە منداڵەکانیان لێ جیا کردمەوە و ناردییانەوە بۆ ماڵی خەسووم".

گوڵزار ئێستا بەردەوام بیری کچەکانی دەکات: "بەردەوام ژانەسەر دەگرم، کاتێک چوومە لای دکتۆر گوتی، سەرت کیسی دروست کردووە، خۆم دۆخم خراپە و ناتوانم دەرمان وەکوو پێویست وەربگرم و خەمی دووریی منداڵەکانیشم هاتووەتە سەری. زۆر بیریان دەکەم و بە بینینی هەر منداڵێک دڵم دادەخورپێت".