13
(مارك مانسون) نووسه‌رێكى ئه‌مریكایه، ساڵى 1984 له (ته‌كساس)ى ئه‌مریكا له‌دایك بووه و له (بۆستن) خوێندنى زانكۆى ته‌واو كردووه.
مانسون دوو كتێبى پڕ گرنگى هه‌یه، کە له‌سه‌ر ئاستى جیهان ده‌نگیان داوه‌ته‌وه، ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌بێت و من به كتێب خوێنه‌ره‌وه له قه‌ڵه‌م بدات، پێشنیازى بۆ ده‌كه‌م، وه‌ك ده‌رمان سۆراغى ئه‌م دوو كتێبه بكات و بیانخوێنێته‌وه، بۆ ئه‌وه نا پێى بڵێن ڕۆشنبیره و كتێب ده‌خوێنێته‌وه، به‌ڵكوو به‌ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ى ژیانێكى باشتر بژی و ساغڵه‌میى ده‌روونى و ئه‌قڵیى خۆى بپارێزێت و له‌گه‌ڵ نه‌هامه‌تیى ژیاندا باش هه‌ڵبكات.
كتێبى یه‌كه‌میان به ناوى (هونەرى بێپه‌روایى)ه، كتێبى دووه‌م به ناوى (وێرانه؛ كتێبێك سەباره‌ت بە هیوا)یه، له نه‌زانیمه‌وه من كتێبى دووه‌مم پێش یه‌كه‌میان خوێندبووه‌وه، به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه‌ى دانم به نه‌زانى و بێئاگایى خۆمدا نا و خه‌جاڵه‌تى خۆم بووم، گوتم: "بێپه‌روایى، له بێبایه‌خی باشتره".
گوتیشم: "بێ په‌روا به له شتى پڕوپووچ، به‌ڵام زۆر شتى گرنگ هه‌یه بایه‌خیان پێ بده".
ئێستا من دوورم لێت، به‌ڵام سه‌یرى (پاترى و سكرین تایم))ى دۆسته نزیكه‌كه‌ت بكه، ئه‌و (تەلەفۆنه زیره‌ك)ەکه‌ته، بزانه چه‌ند سه‌عاتى بێبایه‌خت له‌گه‌ڵ ئامێرێكدا به‌سه‌ر بردووه ناوى ته‌له‌فۆنى زیره‌كه و گێلت ده‌كات.
بزانه تۆ چه‌ند پڕوپووچیت، كه كاتى خۆت به شتێكه‌وه به‌سه‌ر ده‌به‌یت، پڕ له پووچییه و شتى زۆر گرنگیش هه‌ن له ده‌وروبه‌رت، كه‌مترین بایەخیان پێ ناده‌یت.
ته‌له‌فۆنێكى زیره‌ك، تۆى تووشى گێلى و گه‌وجى و بێبایه‌خى كردووه، له‌كاتێكدا هه‌زاران شتى جوان له ده‌وروبه‌رت هەن و نایانبینیت.
گوڵ ده‌پشكوێت، گۆرانى هه‌یه، دۆست و یار به‌ده‌ورەته‌وه‌ن، خۆشه‌ویستى و گه‌رمیى ژیان و ساغڵه‌مى هه‌یه، بۆنى خۆشى خواردن و كه‌یف و سه‌فا و نۆش هه‌یه، خێزانت هه‌یه، ئازیز و خۆشه‌ویستت هه‌ن و ته‌له‌فۆنێكى ساردوسڕ له‌م هه‌موانەی كردوویت، گه‌نوگووى مێشكشت پێت ده‌ڵێت: "ڕاستی، ئه‌وانه‌ى ده‌وروبه‌رت نین و ته‌كنۆلۆجیای درۆزنانه‌ی بازاڕ ڕاسته‌قینه‌یه".
ئه‌وه‌ى دڵخۆشیت پێ ده‌به‌خشێت و ڕاسته‌قینه‌یه، پێت ده‌ڵێن درۆیه و باوه‌ڕى پێ ده‌كه‌یت، ئه‌وه‌ى ته‌فره‌ت ده‌دات، ئه‌وه‌ت پێ ڕاسته‌قینه‌یه.
ئه‌مه پووچیى خۆت، كه باوه‌ڕت به سیستم هێناوه و باوه‌ڕ به سیستم مه‌كه، هیچ پڕوپووچیت نییه و بێ په‌روا به له گه‌نوگووى مێشكت، هیچ ده‌ردودوویه‌كت نییه.
سیستم ئێمه‌ى ڕاهێناوه، كه بایه‌خ به پڕوپووچیى بیركردنه‌وه و ئایین و ئایدۆلۆجیا بده‌ین و دژى خۆمان بوه‌ستینه‌وه، ژیاندۆستى به هێند وه‌رنه‌گرین.
بێپه‌روایى، دژى بێبایه‌خییه، ئێمه بایه‌خ به هێندێك شت ده‌ده‌ین، كه ئه‌گه‌ر كه‌مێك بێپه‌روا بین سوودێكى زۆر ده‌كه‌ین، به‌ڵام بایه‌خ به شتێك ده‌ده‌ین، كه هه‌مووى پڕوپووچییه، هه‌ردوو كتێبه‌كه‌ى (مارك مانسون) باسى ئه‌م چیرۆكه ده‌كه‌ن، له‌ڕاستیدا هه‌موو چیرۆكى بوون و سروشت باسى ئه‌مه ده‌كه‌ن، ده‌رده كۆرۆناش هەر ئه‌م باسه‌یه، خیانه‌ت له سروشت و بایه‌خ پێنه‌دانى و ڕه‌چاونه‌كردنى خێروبێرى.
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر و ڕه‌نگه له ساڵ زیاتره، وتارێكى (تۆماس فریدمان)م خوێنده‌وه، باس له‌وه ده‌كات، وڵاتانى خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست بێهووده به یه‌كدا ده‌ده‌ن و سه‌رقاڵى ململانێى سیاسیى پڕوپووچن و بێپه‌روان له‌وه‌ى له چه‌ند ده‌یه‌یه‌كى تردا، هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه به‌هۆى وشكه‌ساڵى و نه‌بوونى بارانه‌وه دووچارى كاره‌ساتى گه‌وره ده‌بێته‌وه و كێشە و ململانێى سیاسى نرخى نامێنێت، خه‌ڵك بۆ تۆزقاڵێك ئاو و ده‌مته‌ڕكردن، یه‌كترى ده‌بڕێننه‌وه.
بێپه‌روایى ئه‌وه‌یه هه‌ندێك شتى ڕۆژانه‌ى خۆت، له خۆت قورس نه‌كه‌یت، دراوسێیه‌كى خراپت هه‌یه، بایه‌خى پێ مه‌ده، دارسێوێكت هه‌یه به‌ر ناگرێ، له خۆتى قورس مه‌كه، كچه‌كه‌ت، كوڕه‌كه‌ت بایى ئه‌وه ژماره‌ى نه‌هێناوه ببێت به پزیشك و مامۆستاى زانكۆ، خه‌م مه‌خۆ، جا تۆ چوزانى ئه‌م شكسته‌ى سه‌ركه‌وتنێك نییه له قۆناعێكى تر‌ى ژیانیدا؟
له ڕاستیدا قسه‌یه‌كى به توێكڵ هه‌یه ده‌ڵێت: "مرۆڤ پێویستى به خه‌باتێكى زۆر هه‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى به‌ر لو‌وتى خۆى ببینێت". جا وه‌ره ئه‌م قسه‌یه به جۆرێكى تر دابڕێژه و بزانه تا چه‌ند مرۆڤ دوورتر ده‌بینێت؟ بزانه ئێمه له چ نه‌زانى و پڕوپووچییه‌كدا ده‌ژین.
بۆچوونه‌كه‌ى تۆماس فردیمان سه‌باره‌ت خۆرهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ڕاسته كه خه‌ڵك بێ ئه‌وه‌ى ڕێزى سه‌رچاوه‌كانى ئاو بگرن، به‌هه‌ده‌رى ده‌ده‌ن و بایه‌خ به گرنگیى ئاو ناده‌ن، به‌ره‌و به‌دبه‌ختیان ده‌بات. ئه‌م بۆچوونه بۆ هه‌موو مرۆڤایه‌تیش ڕاسته، كه بایه‌خ به سروشت ناده‌ن و ڕێزى ناگرن.
كێشه‌كانى گۆى زه‌وى به ده‌رده كۆرۆناشه‌وه، هۆكاره‌كه‌ى ئه‌م بێبایه‌خییه‌ى مرۆڤه، كه پڕوپووچیى بیروباوه‌ڕ و سیستم واى كردووه، زیان به ژینگه‌ى سروشتیى خۆى بگه‌یەنێت، به ده‌ستى خۆى ماڵى خۆى وێران بكات، كه‌چى تۆزێك بێپه‌روا نه‌بێت له به‌رامبه‌ر شتى بچو‌وكدا!
بیهێنه به‌رچاوى خۆت، به‌یانییه‌ك مرۆڤایه‌تى له خه‌و هه‌ستێت و بڕیار بدات رق و كینه له دڵیدا نه‌بێت، نه‌خۆشیى بۆ كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه و په‌یداكردنى پاره‌ى زیاد له پێویستى تێدا نه‌بێت.
وه‌ڵامى ئه‌م پرسیاره لاى زۆر كه‌س، كه خۆشخه‌یاڵن، یاخود خاوه‌ن بیروباوه‌ڕى جیاجیان، ده‌شێت ئه‌وه بێت، كه هه‌موو كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن و ئه‌ستێره‌كه‌مان ده‌بێت به به‌هه‌شت، وه‌ڵامى من وا نییه و ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌یه:
درۆیان كردووه هیچ سات و كات و شوێنێك نییه، كه كێشه‌كانى مرۆڤ، به تاك و به‌كۆمه‌ڵیش سفر ببێته‌وه، كێشه به‌شێكه له قه‌ده‌رى بوونى مرۆڤ، ته‌نیا كاتێك مرۆڤ كێشه‌ى نییه كه نه‌بێت، مرۆڤبوون خۆى بریتییە له كێشه.
ئه‌وه‌ى سه‌رسامى كردووم به كتێبه‌كه‌ى ماك مارسون، سه‌باره‌ت بێپه‌روایى ئه‌م ڕاستییه ڕادیكاڵانه‌یه‌یه، كه ته‌واو له‌گه‌ڵ گه‌شه‌كردنى مرۆڤایه‌تى و زانست‌دا یه‌ك ده‌گرێته‌وه. ده‌شڵێم (گه‌شه‌كردن)، نه‌ك (پێشكه‌وتن)، چونكه ئه‌م دوو زاره‌وه‌یه جیاوازیى زۆریان هه‌یه.
به‌یانییت باش ئوستاز، ئه‌مڕۆ سه‌ره‌تاى ئه‌و ڕۆژه‌یه، كه ده‌خوازى تێیدا مرۆڤایه‌تى له خه‌و هه‌ستێت و ده‌ستبه‌ردارى ڕق و كینه بێت و هه‌ڵپه‌ى بۆ پاره و كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه‌ى نه‌خۆشانه نه‌بێت و به‌قه‌د پێویستییه‌كانى ژیانێكى ئاسایى خۆى بێت.
وه‌ڵام: چه‌ند به‌یانییه‌كى جوانه، مرۆڤ بێپه‌روان به‌وه‌ى كه هه‌ن و كێشه‌یان هه‌یه و له‌گه‌ڵیدا ده‌ژین، به‌ڵام بایه‌خ به شتى پڕوپووچ ناده‌ن و ساغڵه‌میى ئه‌قڵى و ته‌ندروسییان باشه.
له‌ڕاستیدا ئومێدمان به دروستكردنى به‌هه‌شت زۆر ته‌فره‌ى داوین و زۆر جار تووشى دۆزه‌خى كردووین، به‌ڵام ئومێدمان به نه‌هێشتنى دۆزه‌خ، ته‌نیا وره‌یه، بۆ ئه‌وه‌ى ئومدێمان هه‌بێت و خه‌بات بكه‌ین و بژین.
هێندێك جار كه بایه‌خى زۆر به شتێك ده‌ده‌ین و بێپه‌رواش نین له شتى تر، له پڕوپووچیمانه. زۆر جاریش بایه‌خ به شتى تر ناده‌ین، له بێپه‌روایى نییه، له سه‌دان هه‌زار جار پڕوپووچیمانه.
كه ئه‌م به‌شه‌م له نووسینه‌كه‌م ده‌نووسى، ئه‌و دێڕه شیعره‌ى (مه‌وله‌وى)م هاته‌وه به‌رچاو، كه سه‌ده‌یه‌ك زیاتر پێش ئێستا نووسیویه‌تى و ده‌ڵێ "نه‌زان چوو زانۆ، قه‌درى جه‌واهیر".