دەبێ ھەڵمەتەكە دژی ئەشكەنجەدان بێت نەك بەفەرمی ناساندنتان
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دەبێ ھەڵمەتەكە دژی ئەشكەنجەدان بێت نەك بەفەرمی ناساندنتان

بە مەبەستی بەفەرمی ناساندنی ئیدارەكەیان كە خۆیان پێی دەڵێن خۆسەر، واتە خۆبەڕێوەبەری كە دەكاتە حوكمی زاتی، فەرماندەی گشتیی ھێزەكانی سووریای دیموكراتی (هەسەدە) دەڵێت: ”با بەیانی واتە 20 – 7 دەست بە ھەڵمەتێك بكەین بۆ پتەوكردنی نیشتمان و لەپێناو ئایندەی باكوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا“، دەشڵێت: ”ئەم ھەڵمەتە لەڕێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە دەبێت و خۆمان دەگەیەنینە گشت دامەزراوەكانی سەرتاسەری دنیا“... بەڵام من ئەم سەرنجانەم لەسەر ئەو داوایە و ئەو ھەڵمەتە ھەیە:  

1- ئەو فەرماندە گشتییەی ھەسەدە، ھەر وەك سەرۆكی سووریا چۆن بە ڕۆژئاوای كوردستان یان كوردستانی سووریا و كوردی ئەو بەشەی كوردستان دەڵێت ”باكوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا“، ئەمیش ڕێك وەك بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا بە ڕۆژئاوای كوردستان یان كوردستانی سووریا و كوردی ئەو بەشە لە كوردستان دەڵێت ”باكوور و ڕۆژھەڵاتی سووریا“! واتە ھەر بە ئارەزووی خۆیان ناوی كورد و كوردستانیان لەو بەشەی كوردستان سڕیوەتەوە. جا سەیر ئەوەیە، ھەڵمەتەكە بۆ ئەوەیە دنیا بەفەرمی ئەم خۆبەرێوەبەریەی ئەوان بناسێنێت، واتە دنیاش بەفەرمی كورد و كوردستانی ئەو بەشەی كوردستان بسڕنەوە!

2- بۆ ناساندنی ئیدارەكەی خۆیان، فەرماندەی گشتیی ھەسەدە لە كاتێكدا داوای ئەم ھەڵمەتە گشتگیرە دەكات كە ماوەیەكە ئاساییشی ئیدارەكەی خۆیان بە شێوەیەكی زۆر دیكتاتۆرییانە و دڕندانە دەستیان كردووە بە دەستگیركردن و ئەشكەنجەدانی نەیارانی خۆیان، بەتایبەتی حزب و لایەنەكانی ناو ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردستانی سووریا (ئەنەكەسە) و بەتایبەتتریش پارتی دیموكراتی كوردستان – سووریا، یەكێكیانیان بە ڕۆنی قرچاو سووتاندوە و ئاوی گەرمی لەكوڵھاتوویشیان كردووە بە ئەندامی زاو و زێی یەكێكی تریاندا و دوای ئەوانەش ژمارەیەكی دیكەی نەیارانی خۆیان لە قامشلۆ دەستگیر كردووە و ڕۆژئاوای كوردستانیان كردووە بە زەمانی حەرەس قەومیەكانی بەعس كە لە ساڵی 1963 لە سەربازگەی حامیەی سلێمانی ئەشكەنجەی دڕندانەی نەیارانی خۆیان دەدا.

ئەم ئەشكەنجانەی ئێستای ئاسایشی پەیەدە، لەو ئەشكەنجانەش دەچن كە كاتی خۆی پەكەكە لە بیقاعی لوبنان دژی ئەوانە دەیانكرد كە لەگەڵ بیروڕای سەرۆكی پەكەكە جیاوازییان ھەبوایە! بۆیە حەق وایە ئەو ھەڵمەتە بۆ دژایەتیكردن و ڕاگرتنی ئەشكەنجەی دڕندانەی ئاساییشی پەیەدە بێت و ئەم شێوازە دڕندانەیەی ئەو خۆبەڕێوەبەریەی ڕۆژئاوا بە دنیا بناسێنرێت و بگەیەنرێتە گشت داوودەزگا نێودەوڵەتی و مرۆڤدۆستەكانی دنیا، واتە دەبێ ھەڵمەتەكە بۆ ئەم ئامانجە بێت نەك ئەو ئامانجەی كە فەرماندەی ھەسەدە باسی دەكات. 

3- زۆرم بەلاوە سەیرە كە فەرماندە بیت و لەو فەرماندانەش بیت كە پێشتر ھەندێك پێیان دەگوت ئەمەیان تۆزێك لەوانی تر وردتر و ھۆشیارترە! كەچی ئەمیشیان لە دنیای دیپلۆماسی بایی ئەوەندە نەزانێت كە بەفەرمی ناساندنی ئیدارە و حكوومەتەكان، لەڕێگەی كەناڵەكانی دیپلۆماسی و دەزگا و دامەزراوە و كەسانی پسپۆری تایبەت بە بواری دیپلۆماسی دەكرێت نەك بە سۆشیال میدیا و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.

ئەگەر سۆشیال میدیا و تۆڕەكۆمەڵایەتیەكان شوێنی ڕاستەقینەی كاری دیپلۆماسیی ئیدارە و حكوومەتەكان بن، دەبێ ھەر ئێستا لانی كەم 193 وەزارەتی دەرەوەی دەوڵەتانی دنیا ھەڵبوەشێنرێتەوە و ھەرچی باڵوێزخانە و كونسوڵخانەكانی خۆیشیانە دابخەن و لەجیاتی ئەوان قالە قجیل و ئەحە پرخە و باجی گوڵچین بە فەیسبووك خەریكی كاری دیپلۆماسی بن!