بەوێنە.. خانووە کەلەپوورییەکانی کۆیە بەرگەی زستانێکی تر ناگرن
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەوێنە.. خانووە کەلەپوورییەکانی کۆیە بەرگەی زستانێکی تر ناگرن

شاری کۆیە بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و مێژوویەکی دەوڵەمەند، یەکێکە لەو شارانەی خاوەن زۆر شوێن و خانووی شوێنەواری و کەلەپوورییە، بەڵام سەرەڕای ئەوە، کەمتەرخەمییەکی زۆریش بەرانبەر بە پاراستن و نۆژەنکردنەوەیان کراوە.

یەکێک لەو شوێنانەی بە دیزاین و جۆری دروستکردنی تایبەت و جوان، لەو شارەدا هەیە، خانووە کەلەپوورییەکانن، کە لەڕووی تەمەنەوە جیاوازییان هەیە، بەڵام ئێستا لە بارێکی خراپدان.

لە شاری کۆیە ژمارەیەکی زۆر خانووی کەلەپووری هەیە و زۆربەیان دەکەوێنە ناوەندی شار، بەڵام زۆربەیان ئێستا چۆڵ کراون و هەندێکیشیان وەک کۆگا بۆ هەڵگرتنی کەلوپەل بەکار دێن و هەندێکیشیان بە مەبەستی دروستکردنی گەراج و باڵاخانە رووخێنراون.

یەکێتی واحد عوبدولحەمید، بەرپرسی بنکەی شوێنەواری کۆیە لەبارەی رەوشی خانووە کەلەپوورییەکانی کۆیە گوتی: "سەرەڕای ئەوەی شاری کۆیە شارێکی دەوڵەمەندە بە شوێنەوار، بەڵام کەمترین کار کراوە بۆ نۆژەنکردنەوە و پاراستنی شوێنە مێژووییەکانی، ئەمەش بووەتە هۆی تێکچوون و رووخانی خانووەکان، لە کاتێکدا ئێمە لەم شارە نەک خانووی کەلەپووری، بەڵکوو گەڕەکی کەلەپووریمان هەیە و پێویستە ئەو گەڕەکانە بپارێزرێن".

بە گوتەی بەرپرسی بنکەی شوێنەواریی کۆیە، لەم شارەدا زیاتر لە ٣٠٠ - ٤٠٠ خانووی کەلەپووریی هەن، بەڵام ئەوانەی تۆمار کراوەن تەنیا ٨٥ خانوون، تۆمارکردنەکەش بە مەبەستی وەرگرتنی ئامار بووە، نەک بە مەبەستی پرۆژە و نۆژەنکردنەوەیان، تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لەم خانووانە لەلایەن خاوەن موڵکەکانەوە بۆ دروستکردنی گەراج و باڵاخانە رووخێنراون.

یەکێتی واحد، لەمبارەوە دەڵێت: "زۆربەی خاوەن خانووەکان داوای کڕینی خانووەکانیان لەلایەن حکوومەتەوە دەکەن، بەڵام بەهۆی قەیرانی ئابووری، ناتوانرێ ئەم داواکارییە جێبەجێ بکرێت. پێشتر خاوەنەکانیان ئەو خانووانەیان دەڕووخاند و گەراج و باڵەخانەیان لەسەر دروست دەکرد، بەڵام ئێستا بەپێی یاسا رێگری لەم کارە دەکەین و ئەوەی سەرپێچیش لەو بڕیارە بکات دەدرێتە دادگا و لێپێچینەوەی یاسایی لەگەڵدا دەکرێت".

روونیشی کردەوە: "ئەگەرچی مافێکی رەوای خەڵکە بیەوێت موڵکەکەی دەستکاری بکات، بەڵم چونکە بابەتی شوێنەوارییە، پێویستە رێگەچارەیەک بۆ ئەم بابەتە بدۆزینەوە و رێگری لە زیاتر تێکچوونی شوێنەوار و کەلەپووری کوردستان بکەین".

گوتیشی: "دەرچوونی یاسای شوێنەواری لە پەرلەمانی کوردستان جێی دڵخۆشییە، کە لەمەودوا دەتوانین بە شێوازێکی یاسایی رووبەڕووی ئەم جۆرە زیادەڕۆیی و دەستدرێژییە شوێنەوارییانە بین و زیاتر کار بۆ پاراستنیان بکەین".

بەرپرسی بنکەی شوێنەواری کۆیە گوتیشی: "داوامان لە وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، کە بە هانای شوێنە مێژووییەکانی کۆیەوە بێن و هاوکارمان بن لە پاراستنیان، بۆیە چاوەڕێی گۆڕانکارین لە خزمەتکردنی بواری شوێنەوار و کەلەپوورییدا".