فاکتەر و ڕۆڵی کورد لە پێکهێنانی دۆخی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

فاکتەر و ڕۆڵی کورد لە پێکهێنانی دۆخی جیۆپۆلەتیکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا

 

٢

ئەم بابەتە توێژینەوەیەکی زانستییە، لە گۆڤاری ژمارە دووی (ئەرخۆنت) ساڵی ٢٠١٨ لەلایەن هەریەک لە د.گانیێڤ شارەزا لە زانستە سیاسییەکان و د. کاریکین شارەزا لە زانستە سەربازییەکان، پێش ریفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی باشووری كوردستان ئامادە كراوە. بابەتگەلێکی لەم جۆرە لە ڕوانگەی لێکۆڵەران و پسپۆڕانی بیانی- ڕووسی جێگای هەڵوەستە لەسەرکردن و بایەخ پێدانە، بەتایبەتی جیۆپۆلەتیکی مێژوویی و ڕۆڵی کورد لە ڕۆژهەڵاتی ناویندا.

ئەم توێژینەوەیە فاکتەر و دۆخی گەلی کورد دەهێنێتە بەر باس و شی دەکاتەوە. لە هەمان کاتدا ڕۆڵی وڵاتانی زلهێز لە ناوچەکەدا ڕوون دەکاتەوە. هەروەها ئەو کۆسپ و ڕێگرییانە باس دەکات، کە دێنە بەردەم دامەزراندنی دەوڵەتی کوردی.

لە ڕاستیدا لەبەر گرنگیی بابەتی مێژوویی پرسی کورد، کە بە شێوەیەکی زنجیرە ئاسا وابەستەیە بەیەکەوە، هەر ئەمەش پاڵنەرێکی سەرەکی بوو بۆ ئەوەی وەربگێڕدرێتە سەر زمانی کوردی.

دۆخی جیۆپۆلەتیکی ئێستای ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، پێش هەموو شتێک پێویستە ئەوە تێبینی بکرێت، کوردستانی عێراق بە پایتەختەکەیەوە کە هەولێرە، لەڕاستیدا دابڕاوە و جیا کراوەتەوە لە ڕووخانی ڕژێمی (سەدام حوسێن)ەوە. کورد بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان (مەسعود بارزانی) سەلماندی کە ڕێکخراوترین هێزە لە پڕۆسە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بەڵگەش بۆ ئەمە ئەوەیە کە ئەوان توانیویانە پێکهاتەی دەوڵەتی ڕاستەقینە دابمەزرێنن، لەوانە سیستەمی هەڵبژاردنی دیموکراسی، خۆبەڕێوەبردنێکی ناوخۆیی، هەروەها هێزی پێشمەرگە.

کوردەکانی عێراق هێرشەکانی ڕێکخراوی ئیسلامیی داعشیان تێکشکاند و ناوچەکانی بەرهەمهێنانی نەوتیان لە کەرکووک کۆنتڕۆڵ کرد و بناغەی ئابوورییان جێگیر کرد. لە هەمووشی گرنگتر - لە دەستووری نوێی عێراقدا، کە پێکهاتەی فیدڕاڵیی وڵاتی ڕاگەیاندووە، کوردستان ئۆتۆنۆمیی فراوانی بە مافی چوونەدەرەوەی لە سیستەمی فیدڕاڵی داوە و تەنانەت میکانیزمی ئەم پرۆسەیەشی تێدا نووسراوە.

لە سووریاش، زۆر دواتر دامەزراندنی ئۆتۆنۆمیی کورد دەستی پێکرد و هێشتا هیچ میکانیزمێکی دەستووریی جووڵەپێکراو بەرەو سەربەخۆیی دابین نەکراوە، هەروەک (بەشار ئەسەد) سوورە لەسەر هێشتنەوەی كورد وەک خۆی، کە لەپێش جەنگدا هەبوو، پاراستنی یەکپارچەیی خاکی وڵات. جگە لەوەش هەرسێ کانتۆنەکەی کورد لە سووریا لە ڕووی جوگرافییەوە دابەش بوون: لە باکووری ئەوانەوە ڕاڕەوێک لەو ناوچەیە لەلایەن هێزە چەکدارەکانی تورکیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە.

بەڵام بە گشتی هەمان شت لێرەش ڕووی دا، وەک ئەوەی لە عێراقدا هەبوو: سەرەتا بە هێرشی پێچەوانە لەلایەن هێزەکانی حکوومەت و دواتر لە لایەن داعشەوە، کوردەکانی سووریا حکوومەتی خۆجێییان پێکهێنا، سیستەمێکی پشتگیریی کۆمەڵایەتییان بۆ دانیشتوان دروست کرد و دەستیان کرد بە وەدەستخستنی داهات لە ڕێگەی ناردنی نەوتەوە. لە مانگی ئاداری 2016دا سێ کانتۆنی کورد تێکەڵ بە فیدراسیۆنێک بوون بە ناوی (ڕۆژئاڤا). بە واتای ڕۆژئاوای هەموو کوردستانی گەورە دێت، بەو مانایەی، کوردستانی سووریا و عێراق و ئێران بە یەک کوردستانی یەکگرتوو دادەنرێن.

لە ڕۆژئاوادا بەتەنیا کورد ناژین، بەڵکوو کەمینە نەتەوەیی و ئایینییەکان هەن، بە تایبەتی عەرەب، ئاشووری، ئەرمەنی، تورکمان، هەروەها ئێزدی، کە لە ڕووی ڕەگەزییەوە نزیکن لە کورد، بەڵام ئاییینێکی تایبەتی خۆیان پڕاکتیزە دەکەن. ئەم پێکهاتە هەمەجۆرییە لە دانیشتوان ڕێگەیان داوە بە کوردەکانی عێراق و سووریا، کە جووڵەیەکی سیاسیی بەهێز بکەن بۆ لەدایکبوونی دەوڵەت نەک بەتەواوی (سڕف) نەتەوەیی، بەڵکوو فرەنەتەوەیی بێت، ڕابگەیەنن. ئەمەش ڕێگەی بە کورد دا، کە دڵگەورەیی (تۆلەرانسی) خۆی بۆ دنیای دەرەوە بسەلمێنێت.

وڵاتانی هاوپەیمانی ڕۆژئاوا و هەروەها ڕووسیاش چەندین جار داوای هاوکاری و پشتگیریی کوردیان لە ئۆپەڕاسیۆنە جەنگییەکانیاندا لە عێراق و سووریادا کردووە. زۆر جار لێدوانی هاندەرانە هەبووە سەبارەت بە مافی کورد بۆ سەربەخۆیی. تەنانەت بەرپرسانی سعوودیە بە فەرمی پشتیوانییان بۆ سەربەخۆیی کوردستانی عێراق ڕاگەیاند، بەمەش بەغدا وا لێکی دایەوە، کە پشتگیریکردن لە سەربەخۆیی کوردستان دژی یەکپارچەیی خاکی عێراقە. لەگەڵ ئەوەشدا وا دەرکەوت، کە تەنیا ئاماژەیەکی دیبلۆماسییە.

ئەمریکا و ڕووسیا وەک یەک هەنگاوی دژبەیەکیان ناوە. لە لایەکەوە هەردووکیان چەک بۆ کوردەکانی سووریا و عێراق دابین دەکەن، ئەمریکییەکان یارمەتیی داراییشیان پێشکەش دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا کاتێک تورکیا بەرەنگاری بانگهێشتی کوردەکان بۆ گفتوگۆی جنێف دەربارەی سووریا بووەوە، ئەو داوایەی ئەنقەرە جێبەجێ کرا.

کاتێک تورکیا ئۆپەڕاسیۆنی قەڵغانی فوڕاتی دەست پێکرد، کە ئامانجەکەی لە یەک کاتدا لە دژی داعش و ڕۆژئاوا بوو، واشنتۆن نەک هەر لاریی نەبوو، بەڵکوو داوای کرد کە کوردەکان بەرەو ئەودیو فوڕات بکشێنەوە. ڕووسیاش لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ ئەردۆغان ناکۆک نەبوو، سەرەڕای ئەو ئیدانەی ئەسەد، کە تورکەکان سەروەریی سووریا پێشێل دەکەن.

ئەگەر بابەتییانە هەڵسەنگاندنی دۆخەکە بکرێت، پێویستە تێبینیی ئەوە بکرێت، کە ڕووسیا هەلێکی کاریگەری ئەوتۆی نییە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد. بەپێچەوانەوە، لای ڕۆژئاوا ئەم جۆرە هەلانە زیاتر هەن. لە نهێنیی شاراوەی ئەم پەراوێزانەدا، پسپۆڕان و دیپلۆماتکارانی ڕۆژئاوا شتی لەم شێوەیە دەڵێن: نایانەوێت دەستپێشخەری لەسەر سەربەخۆیی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی پێشینەی مەترسیدار بۆ دووبارە کێشە سنوورییەکان دروست نەبێت، بەڵام ئەگەر کورد ڕێگایەک بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی بە هۆکارەکانی ئەو ئەمری واقیعیانە قەناعەت بە ئەمریکا و ئەورووپا بێنن، ڕۆژئاوا ناتەبا و دژبەر نابێت. دەربارەی هۆکارەکانی ئەم ئەمری واقیعیانەش دوو ڕوانگە هەن:

یەکەم: کوردستانی عێراق دەبێ تەواوی ئەو ڕێگە دەستوورییە کە بۆ جیابوونەوە لە بەغدا دەهێنێت، بیکات. بەو واتایەی، بۆ ئەوەی ڕیفراندۆمی خۆی لەسەر سەربەخۆیی بکات، پاشان ڕیفراندۆمێک لەسەر خاوەندارێتیی ناوچە جێناکۆکەکانی دەوروبەری کەرکووک، پاشان بۆ دڵنیابوون لەوەی بەغدا دان بە ئەنجامەکانی دەنگدانەکەدا بنێت و لەلایەن خۆیەوە یاسادانانی پەیوەندیدار پەسەند بکات. بەڵام ئێستا زەحمەتە، کە حکوومەتی عێراق بەوە ڕازی بێت.

ڕوانگەی دووەم ئەوەیە، کە ڕێگە بە کوردەکانی عێراق بدرێت، هیچ نەبێت ڕیفراندۆمێک بکەن و ببینن چی ڕوو دەدات، یاخود چی وەدەست دەخەن؟ بەڵام لێرەدا کێشەیەک هەیە: خێڵە کوردە ئۆپۆزسیۆنەکان و حزبەکانیان، وەکوو یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، دەیانەوێت ڕیفراندۆم دوا بخەن. هەڕەشەی کشانەوە دەکەن لە پێکهاتەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە پارێزگای سلێمانی لەژێر دەسەڵاتی ئەواندایە، ئەگەر بارزانی بەبێ ڕەزامەندیی ئەوان ڕیفراندۆم بکات.

داکۆکیکارانی ڕادیکاڵی لایەنگرانی سەربەخۆیی باس لەوە دەکەن، کە ئەو جۆرە کارە "تێکدەرانە" لەلایەن ئێرانەوە دەکرێن، بەڵام، بە زۆری هۆکاری ئەمە، جەنگە لەپێناو بەدەستهێنانی خاک و سامانە سروشتییەکەی.

هەروەها سەبارەت بە کوردانی سووریا، ڕۆژئاوا تەنانەت پێشنیازی ڕیفراندۆمیان بۆ ناکات، چونکە تورکیا بەربەست بۆ هەر هەوڵێکی لەو جۆرە دروست دەکات. ئەگەر پێویست بکات، بە زەبری هێز پێشی لێ دەگرێت. لەبەرئەوە، بەپێی ئەو ڕاستییە سیاسییەی کە هەیە، کوردەکانی سووریا داواکارییەکانیان سنووردار دەکەن بۆ ژمارەیەکی هاوبەشی تەواو ڕاشکاوانە، کە مەبەستیان دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆ نییە، بەڵکوو بۆ تەنیا ئەمانەی خوارەوە کەم دەبێتەوە:

- بە دەستووریکردنی گەلی کورد وەک دووەم گەورەترین کەمینەی نەتەوەیی لە سووریا، بە دابینکردنی مافی یەکسانیی مەدەنی، وەک هەر هاووڵاتییەکی تریان هەبێت.

- کۆتاییهێنان بە جیاکاری لە دژی کورد لەسەر بنەمای نەتەوەیی و بەعەرەبکردن و توندوتیژی.

- دانپێدانانی ئۆتۆنۆمیی نەتەوەیی و فەرهەنگیی کوردەکانی سووریا.

- ناساندنی پەروەردە و ڕاگەیاندن و میدیاکان بە زمانی کوردی.

- گەشەپێدان و بەرەوپێشبردنی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ناوچە کوردنشینەکان.

هاوکات ئەو چوار دەوڵەتەی کە کوردی تێدا تەوق کراوە، هەریەک لە: (ئێران، عێراق، سووریا، تورکیا)ن، سەرەڕای دژایەتیکردنی یەکتر، بە سەرسوڕمانەوە! کاتێک باس لە ڕەتکردنەوەی کورد دەکرێت بۆ پێدانی سەربەخۆییان، بە ئاسانی زمانی هاوبەش دەدۆزنەوە. تەنانەت ئۆپۆزسیۆنی سووریاش لەم مەسەلەیەدا هاوسۆزی و پشگیری لەگەڵ (بەشار ئەسەد)دا دەکەن. هەموو ئەمانە ڕوونکردنەوەیەک بۆ پێگەی خۆیان دەدۆزنەوە، کە کوردستانی سەربەخۆ پڕۆژەیەکی ئەمریکییە، بۆ دروستکردنی سەرچاوەی ململانێ لە ناوچەکەدا، یان بە واتایەکی تر، ئەو خاکەی کە ئەمریکییەکان سیاسەتەکانیان بەپێی ڕێنماییەکانی ڕێسای ڕۆمانی: "دابەشکاری و فەرمانڕەوایی" لەگەڵ پەیڕەو دەکەن.

بە ڕووبەڕووبوونەوەی کوردەکانی عێراق بە ئامانجی بەدەستهێنانی سەربەخۆیی، بەغدا بە میتۆدی بەکارهێنانی دژایەتیکردنی ئابووری شەڕیان لەگەڵ دەکات. بۆ ئەم مەبەستە، کۆمپانیاکانی هەماهەنگکاری کوردستان خراونەتە لیستی ڕەشەوە. سەرۆک بارزانی دەبوایە بە دابینکردنی مەرجی بۆندکراو بۆ کوردستان، قەرەبووی ئەمە بکاتەوە: مافی تەواوی ناردنە دەرەوە و قازانج، لێخۆشبوون لە باج و باجی گومرگی. ئەمە ڕێگە بە ئۆتۆنۆمی دەدات، کە کۆتاییەکان بە ئەنجام بگەیەنێت، بەڵام دەبێتە هۆی ئەوەی کە یارمەتیی کەم بۆ بەرنامە کۆمەڵایەتییەکان بهێنێتە دی. دەرەنجامی ئەمەش دەکرا تەنیا هەڕەشەی داڕووخانی ئابووری بێت، لە ئەگەری دابەزینی نرخی نەوت و مەترسیی تەقینەوەی کۆمەڵایەتی.

 

شتێک ڕوونە، دڵسۆزی هاوبەشی هاوپەیمانان بۆ ئەمریکا ئێستا گرنگترە، لە چارەسەرکردنی کێشەی کورد. ئاشکرایە زەرووری یەکبوونی پاڵپشتیی هەموو هێزەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێشپێگرتنی فراوانخوازیی ئێران، چونکە ئەمە کڕۆکی سیاسەتی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا. دۆخەکە تەنیا لە دوو حاڵەتدا دەتوانێت بگۆڕێت: ئەگەر ئەولەویاتەکانی ئەمریکا لە سایەی دۆناڵد تڕامپدا بگۆڕێت، یاخود ئەگەر کورد خواستی خۆی ڕابگەیەنێت بۆ بوون بە هاوبەشی سەرەکیی ئەمریکا بەئاڕاستەی دژە ئێران.

هەروەها ئەوەی پەیوەندیداریشە بە ڕووسیاوە، تا پاییزی 2017 لە پێگەیەکی بێ وێنەدا بوو. مۆسکۆ بە سوپاسەوە دیپلۆماسیەتی سەرکەوتوو و پڕۆسە کاریگەرەکانی هێزی ئاسمانیی ڕووسیا لە سووریا، پەیوەندییەکانی لەگەڵ چوار ناوەندی سەرەکیی دەسەڵات لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەهێزتر کردووە کە بۆ سەرکردایەتیی ناوچەکە ڕکابەرایەتی دەکەن. لەگەڵ ئەوەشدا کێشەکە ئەوەیە، کە ئەنقەرە و دیمەشق و بەغدا و تاران چارەی یەکتریان ناوێت و لەگەڵ یەکتردا زۆر ناحەزن. دەیان ساڵە لەناو خۆیاندا بۆ سەرکردایەتیی هەرێمی و ناوچەکە شەڕ دەکەن. ئەم شەڕەش لە دژی ڕووخانی بەدەوڵەتبوونی عێراق و دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، تەنانەت سەختتر بووە.

بەگوێرەی هەواڵی ئاژانسی بلومبێرگی ئەمریکی، ڕووسیا ئەم بارودۆخەی لە سوود و قازانجی خۆی قۆستەوە، هەروەها بۆشایی هێزی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پڕ کردەوە. ئەمەش بەهۆی ئەو پڕۆسە سەربازییە سەرکەوتووانەی سووریاوە بوو، کە هاوسەنگیی هێزی لە مەیدانی هەرێمایەتیدا بە بەرژەوەندی و قازانجی مۆسکۆ گۆڕی. لە ڕۆژئاوا، ئێستا پوتین بە خاوەنی "ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" ناو دەبرێت. ئەمەش بەڵگە و گەواهیدەرە لەسەر ئەوەی کە لەلایەن مۆسکۆوە سەردانیکەرانی ناوچەکە پێشوازییان لێ دەکرێت. ئەنقەرە و تەلئەبیب و تاران حیساب لەسەر  بەدەستهێنانی پێگەی مۆسکۆ دەکەن، نەک تەنیا بۆ مەبەستی بەدەستهێنانی پارە. لە جبەخانەی ئەم پایتەختانەدا سیاسەتی ئاڵوگۆڕی بارتەر- مقایچه‌"ی دەرەوەش هەیە، بەتایبەتی لەسەر حسابی چارەسەرێکی سازشکارانە بۆ "پرسی کورد".

هاوکات بە دروستکردنی "کوردستانێکی ئازاد" لەژێر چاودێریی خۆی، لە هەمان کاتدا ئەمریکییەکان چەندین کێشە چارەسەر دەکەن: دروستکردنی بارودۆخێکی سەقامگیر، لەگەڵ پێویستی بڵاوەپێکردنی سەربازەکانیان لە ناوچەکەدا، کۆنتڕۆڵکردنی ناوچەکانی بەرهەمهێنانی هایدرۆکاربۆن و ڕێگای گواستنەوە بۆ کەناراوەکانی دەریای ناوەڕاست، ئەمەش ڕۆڵی تورکیا وەک هۆبەی وزە لەسەر ڕێگای وزە لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بۆ ئەورووپا کەم دەکاتەوە.

وەک ئەوەی لەسەرەوە باس کرا، دەکرێت وای دابنێین کە لە ماوەیەکی مامناوەنددا، یان تەنانەت لە ماوەیەکی درێژ مەودادا، دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی تەنیا پڕۆژەیەکی تەواونەکراو دەمێنێتەوە. وەلێ کوردستانی عێراق ئەگەر ببێتە دیفاکتۆی سەربەخۆ، جێگای خۆی لەنێو ڕیزی وڵاتانی خاوەن خۆبەڕێوەبەریی دەگرێت، کە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دانی پێدا نەناوە، بەڵام سەرچاوەی ململانێ دەبێت لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و سەربازێکی شەتڕەنجی (داردەستی) دەستی زلهێزەکانی جیهانیی دەبێت، شەڕ بۆ بوارە کاریگەرییەکانی سەرچاوەی کەرەستەی خاوە قەبڵێنراوەکان و پڕۆژەی بنکەکانی ڕێکخستنی هێزی سەربازی دەکات. پاساوی ئەمە چەند هۆکارێکە، کە ڕێگرن لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردی:

یەکەم- پێناچێت کۆمەڵگای ڕۆژئاوا ڕێگە بە پێشینەی دامەزراندنی دەوڵەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدات، لەسەر بنەمای ئایدیۆلۆژیایەک، کە دەرەنجامی لۆژیکی پەرەسەندنی خوێندنەوەی مارکسیست - لینینیەکان بێت، کە لە نووسینەکانی عەبدوڵا ئۆجالاندا دانراوە.

دووەم- بزووتنەوەی نەتەوەیی کورد دابەش بووە بەسەر چەند پارتێکی سەربازیی جیاوازدا، کە ناکۆکی و جیاوازیی جددییان لەنێواندا هەیە.

سێیەم- کورد بە درێژایی مێژوویی خۆی، هەرگیز دەوڵەتداریی خۆی نەبووە و پێویستی بەوە هەیە لە سفرەوە بنیاتی بنێت. چارەسەریش بۆ ئەم پرسە تەنیا بەتێوەگلانی سپۆنسەری دەرەکی دەکرێت، کە بەرژەوەندیی سیاسی و ئابووری و سەربازیی جدیی و گرنگی تێدا هەبێت.

چوارەم- کوردەکان ناوکی پتەوی ئەو سەنتەرەیان نییە، کە بتوانێت ببێتە سەنتەرێکی دانپێدانراو بۆ سەرنجڕاکێشان بۆ گرووپێکی ئەتنی (ڕەگەزی- ئایینی) کە مەزارێکی نەتەوەیی پیرۆز و ناسراویان هەیە، بۆ نموونە وەک کەربەلا بۆ شیعەی عێراق و قوم بۆ ئێرانییەکان.

پێنجەم- لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، کە شوێنی هەڵکەوتەی دەوڵەتی کوردی داهاتوو، بە هیچ شێوەیەک ناکەوێتە سەر ڕووی ئاوی دەریاوە، واتا دەرچەی ئاویی نابێت. لەئەنجامدا خۆی لە ژینگەیەکی چواردەور (تۆقکراوی) دوژمنکارانەی دەوڵەتاندا دەبینێتەوە، کە خاکەکەی لەدەست داوە. ئەگەر دەوڵەتی کوردیی داهاتوو لانیکەم لەگەڵ ئەرمەنستاندا (ئەرمینیا) هاوسنوور نەبێت، کە سنووری لەگەڵ ئێراندا هەیە و دەچێتەوە سەر دەریا، ئەوە دەچێتە چوارچێوەی گەمارۆیەکی گواستنەوەی تەواوەوە.

شیکردنەوە و لێدوانی نوێنەرانی گرووپە کوردییە جۆراوجۆرەکان و کۆمەڵگەی زانستی لەسەر کێشەی کورد لە سووریا، دەتوانین بگەین بەو دەرەنجامەی، کە لەم قۆناغەدا کاری سەرەکی بۆ کوردەکانی سووریا ئەوەیە، کە لەگەڵ عەرەبەکانی دەوڵەتی سووریادا ماف و ئازادیی یەکسان بەدەست بهێنن، بۆ هێشتنەوە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی خۆیان لە (زمان، نەریت، فەرهەنگ، ڕەوشت، جوامێری...هتد. پرسی دروستبوونی کوردستانی سووریا وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ، یان بابەتی وەدەستخستنی سیستەمی فیدڕالی لە سووریای ئایندەدا، هێشتا هیچ بەهای نییە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش، بە ڕەچاوکردنی پەرشوبڵاوبوونی کوردان بەسەر ناوچە زۆروزەوەندەکانی وڵاتدا و بوونی دانیشتوانێکی عەرەب لەنێوانیاندا، تەنانەت دامەزراندنی هەرێمی خۆسەری کوردی لە سووریای ئێستادا، سەخت و دژوار دەبێت.

بارودۆخی کوردانی سووریا زۆر جیاوازترە لە بارودۆخی کوردانی کوردستانی عێراق، کوردەکان بە شێوەیەکی چڕوپڕ لە هەر سێ پارێزگای باکووری عێراق دەژین و دابەش بوون و نیوەی دانیشتوانیان لە ناوچە کێشە لەسەرەکانی دەوروبەری (پارێزگای کەرکووک و ناوچەکانی دەوروبەری) پێک دێنن. داهاتووی کوردەکانی سووریا زۆرتر پشت بە فەرمانی دوای شەڕی سووریا و هەڵوێستی دیمەشق دەبەستێت، لەبەرامبەر چارەسەرکردنی کێشەی کورد.

لە ئەنجامدا، پێویستە ئەوە تێبینی بکرێت کە چارەسەری کێشەی کورد لەم قۆناغەدا تەنیا بە دامەزراندنی لە هەریەک لە خاکی تورکیا و عێراق و سووریادا ئۆتۆنۆمیی فراوانی نەتەوەیی- کولتووریی کورد و هەبوونی حکوومەتی خۆجێیی (خۆبەڕێوەبەری) و ئەگەری پەرلەمانتاری نەتەوەیی دەکرێت. لە داهاتوودا لەسەر بنەمای ئەم قەوارە خۆسەرانەیە (ئۆتۆنۆمی)یە، بەبێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر سەروەریی دەوڵەتە پەیوەندیدارەکان هەبێت، دەکرێت هاوشێوەی یەکێتیی ئەورووپای ئێستا، بنیاتێکی لۆژیکی کولتووری- ئابووریی کوردی لە ئاستی سەرووی پێکەوەییبوون، دەوڵەت دابمەزرێنن. لەڕاستیدا جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە کاتێکی زۆرتری دەوێت، هەروەها سیناریۆیەکی لەو جۆرەش ڕەنگە بەو نزیکانە جێبەجێ نەکرێت.

* لە زمانی رووسیەوە ئەم راپۆرتەی وەرگێڕاوە بۆ كوردی