بۆچی ژنان زۆر حەز بە بازاڕیكردن دەكەن؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بۆچی ژنان زۆر حەز بە بازاڕیكردن دەكەن؟

پیاوێک: بۆ باری دەروونیی ئەو باشە، بەڵام بۆ گیرفانی من خراپە

خانمێكە و پیشەی پزیشکە، بەڵام دەڵێت کاتێک بێتاقەت دەبم، بە بازاڕکردن بێتاقەتیم دەردەچێ. ئەمەش نەک هەر لە هەرێمی کوردستان، بەڵکوو لە تەواوی جیهان مایەی ئارامکردنەوەی زۆربەی ژنانە، بەڵام بازاڕکردنی ژنان لەلایەن زۆربەی پیاوان وەکوو توانج بەکار دەهێنرێت. راوێژکارێکی دەروونییش ئەمە بە ئامرازێک بۆ خۆ ئارامکردنەوە دەبینێت.

دکتۆرە شیلان، پزیشکی ئافرەتان و نەزۆکی، سەبارەت بە حەزکردنی بازاڕکردن لە ژندا گوتی: "من کاتێک لە رووی دەروونییەوە ماندوو و بێتاقەتم، بە بازاڕکردن خۆم ئارام دەکەمەوە، ئەمە لە هەموو جیهان وایە، تەنیا پەیوەندیی بە سایکۆلۆژیای ئافرەتی کوردەوە نییە".

دوکاندارێک بە تەنزەوە باسی لە زۆر مانەوەی ئافرەتان لە بازاڕ کرد و گوتی: "زۆربەی ئەو ژنانە دەناسمەوە، کە زۆر دێنە بازاڕ، هەست دەکەم بۆیان بووە بە خوو. ژن هەبووە کاتژمێر ١٠ شمەكی لێ کڕیوم، کاتژمێر چواری عەسر هاتووەتەوە، دیسان شتی تری لێ کڕیوم، دیار بوو هەموو رۆژەکە لە بازاڕ بووە، کاتێک لێم پرسی، گوتی ئەرێوەڵا نانم لە بازاڕ خواردووە".

شەهلا عەلی، فەرمانبەرە لە یەکێك لە بانکەکانی شاری سلێمانی، سەبارەت بە حەزی بازاڕکردن لای ژن دەڵێت: "جاری وا هەیە زۆر بێتاقەتم، شوێنێکی ئەوتۆش نییە بۆی بڕۆم و خۆمی لێ سەرقاڵ بکەم، بۆیە پەنا دەبەمە بەر بازاڕکردن، ئەوە ئارامم دەکاتەوە".

سەمیرە عەبدوڵا، راوێژکاری دەروونی، سەبارەت بە حەزکردنی ئافرەتان بۆ بازاڕکردن روونی کردەوە: "کاتێک ژنێک تەنگژەیەکی دەروونیی هەیە و داوای راوێژکردن دەکات، یەک لەو رێگاچارانەی بۆی دادەنێین، خۆ سەرقاڵکردنە بۆ ئارامیی دەروونی و دەرچوون لە هەندێ کات، کە هەست بە دڵەڕاوکێی زۆر بکات، بازاڕکردن یەک لەو رێگایانەیە، کە ئافرەتان پێی ئارام دەبنەوە، ئەمە خەسڵەتێکە لە هەموو ژناندا هەیە و زۆریش ئاساییە".

ئەو راوێژکارە دەروونییە ئامۆژگاریی ژنان دەکات، کە کاتێک دەیانەوێ خۆیان لە رۆتین و دووبارەکردنەوەی شتەکان رزگار بکەن، دەتوانن جیا لە بازاڕکردن، بەرنامەیەک دانێن، هەفتانە یان بەلای کەمەوە دوو هەفتە جارێک، لەگەڵ هاوڕێکانیان کۆ ببنەوە و کاتێکی جیاواز بۆ خۆیان دروست بکەن، چونکە بە راستی دووبارەکردنەوەی کارەکانی رۆژانە هەمووی وەک خۆی و مانەوەی بەردەوامی ژن لە ماڵ، وەڕسی و بێتاقەتی دروست دەکات، کە رەنگە دواتر سەر بکێشێت بۆ نەخۆشیی دەروونی".

باوکی ژیلا، پیاوێکە هاوسەرەکەی زۆر ئارەزووی بازاڕکردن دەکات، ئەو دەڵێت: "نەگبەتی ئەوەیە، کە ژنان بە بازاڕکردن باری دەروونیان ئارام دەکەنەوە، هاوسەرەکەی من هەفتەی جارێک دەچێتە بازاڕ و خەرجییەکی زۆر دەکات (بە پێکەنینەوە گوتی) ئەوە بۆ باری دەروونیی ئەو باشە، بەڵام بۆ گیرفانی من خراپە".

سەمیرە عەبدوڵا ئەو رایە رەت دەکاتەوە، کە بازاڕکردن تەنیا پەیوەندیی بە سایکۆلۆژیای ژنانی کوردستانەوە هەبێت و دەڵێ: "بەپێی توێژینەوە جیهانییەکان، ژنان لە پیاوان زیاتر حەز لە بازاڕکردن دەکەن، جیا لەوەی رێگایەکە بۆ خۆئارامکردنەوە، پەیوەندیی بەوەشەوە هەیە، کە ژنان زیاتر بایەخ بە رێکخستنی ماڵ و کڕینی جلوبەرگی منداڵەکانیان دەدەن، ئەم کارە زۆر بۆ پیاوان گرنگ نییە".

بەپێی توێژینەوەیەک لە بەریتانیا، رۆژانە ژنان بەلای کەمەوە 22 خولەک لە کاتی خۆیان بۆ بازاڕکردن تەرخان دەکەن. ئەمەش هەم وەکوو دابینکردنی پێداویستییەکان و هەم وەکوو خۆئارامکردنەوە لەو بێتاقەتییەی تێیدان.