دوای 43 ساڵ ھێشتا پەكەكە سەربازی ھەڵاتوون!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دوای 43 ساڵ ھێشتا پەكەكە سەربازی ھەڵاتوون!

دوای ئەوەی پەیەدە دەڵێت: ”بەبێ ھیچ مەرجێك ئامادەی گفتوگۆكردنن لەگەڵ ڕژێمی سووریا“ كەچی سەرۆكی ئەو ڕژێمە بەبێ ئەوەی ناوی كورد و كوردستانیش بھێنێت، وەك وەڵامێكی ناڕاستەوخۆ بۆ ئەو داوایەی پەیەدە بۆ گفتوگۆ، دەڵێت: ”ئەوان دوو جار ناپاكییان كردووە، جارێك لەبەرئەوەی كە لە شەڕی ناوخۆی سووریادا لەگەڵ سوپا نەبوون و جارێكی تریش لەبەر ئەوەی كە لە پەلاماردانی توركیا بۆ سەر عەفرین، لەبەردەم سوپای توركیا ھەڵاتوون“.

1- لە ژیانمدا چارەی حزبی بەعسم نەویستووە و بە یەكێك لە دوژمنە سەرەكییەكانی كورد و كوردستانم زانیوە، بەڵام بە حوكمی ئەو پەیوەندییانەی كە ھەر لە سەرەتای دروستبوونی پەكەكەوە لەگەڵ ڕژێمی سووریادا ھەیبووە، بەتایبەتی ئەو كاتەی كە سەرۆكی پەكەكە باكووری كوردستانی بەجێ ھێشتوو ڕایكردە سووریا، لەو كاتەوە ھەتا كاتی دەستگیركردنی، ئەوەی دەزگای ھەواڵگریی سووریا - تەبعەن بە ئاگاداری و بڕیاری حافز ئەلئەسەد - پێی دەگوت وەك خۆی جێبەجێی دەكرد و بە موو لێی لانەدەدا، ھەموو ئەوانەی كە پەكەكە پێی دەگوتن گەریلا، لای سووریا وەك سەربازی سووریا حسابیان بۆ دەكرا و ھەر كوردێكی ڕۆژئاوای كوردستان، واتە ھەر كوردێكی سووریا بچوایەتە ڕیزەكانی پەكەكە و كاری سەربازیی لای پەكەكە بكردایە، ئەو كارەی بە خزمەتی سەربازی بۆ سووریا حساب دەكرا و پەكەكەش ئەمەی قبووڵ بوو.

بەڵام گەریلای داماو و بەشێكی زۆری فەرماندەكانی پەكەكە، ئاگاداری ئەم كەین و بەینەی سەرۆكەكەیان و دەزگای ھەواڵگریی سووریا نەبوون، بۆیە لەم بابەتەدا ئەو قسانەی بەشار ئەسەدی سەرۆكی سووریا كە بەرامبەر بە پەكەكە كردوونی، بە ڕاست و لە جێگەی خۆی دەزانم. ئەوەی دەیەوێت وردتر لەم پەیوەندییانەی نێوان پەكەكە و ڕژێمی سووریا تێبگات، با بفەرمووێت و بچێت كتێبەكەی محەمەد سەلیم چووروكایا بە ناونیشانی (ئایەتەكانی ئاپۆ) بخوێنێتەوە، چونكە چووروكایا كاكڵەی تەمەنی گەنجێتیی خۆی لە ناو ڕیزەكانی پەكەكە داناوە و سەرۆكی پەكەكە بەو زیاتر لە 20 ساڵەی كە لە زیندانی ئیمراڵییی توركیاشە، - ڕەنگە زۆریش بێت كە بڵێم - بە چارەكێكی محەمەد سەلیم چووروكایای زەحمەتی بە دەست پەكەكەوە نەچەشتووە.

2- بە گوێرەی ئەو وەڵامەی سەرۆكی سووریا، سەرەراِی ئەوەی كە پەكەكە 43 ساڵە دامەزراوە، كەچی ھێشتا لای ڕژێمی سووریا پەكەكە بێجگە لە سەربازی ھەڵاتوو ھیچی تر نین، ئەوەشی ئاشنای فەرھەنگی بەعس بێت، دەزانێت سەربازی ھەڵاتوو ئەگەر دەستگیر بكرێت فیشەكباران دەكرێت و پارەی فیشەكەكانیش لە كەسوكاری كوژراو وەردەگرنەوە! یان ھەندێك جار گوێچكەیان دەبڕن و ئینجاش دەیاننێرنەوە بۆ ناو ڕیزەكانی سوپا، لە باشترین حاڵەتیشدا و بۆ ئەوەی نە فیشەكباران بكرێن و نە گوێچكەیان ببڕدرێت، بڕیاری لێخۆشبوون بۆ سەربازە ھەڵاتووەكان دەردەكات، بەڵام ھەر دەبێت بچنەوە ناو ڕیزەكانی سوپا و خزمەتی سەربازیی خۆیان تەواو بكەن.

جا ئەوە چارەنووسی نەك ھەر پەكەكە، بەڵكوو ھەر حزب و كەس و لایەنێكی كوردستانە كە دەكەوێتە ناو تۆڕی دەزگا ھەواڵگرییەكانی داگیركەرانی كوردستان و دەبێتە ئەڵقە لەگوێیان و خۆیشی ھەر لە سەرەتاوە بەم ئەڵقە لەگوێییە ڕازی بووە.