بەسەرهاتێك لە زاری جەنابی مام جەلالەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

بەسەرهاتێك لە زاری جەنابی مام جەلالەوە

ڕووداوەكانی ئەمڕۆی كوردستان و عێراق، ناچارم دەكەن نموونەیەكی گرنگ لە پەیوەندیی كورد و وڵاتانی دراوسێی كوردستان باس بكەم، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەوە ڕاستە كە بە حوكمی دراوسێیەتی و بەرژەوەندیی ھاوبەش، دەبێ كوردستان و وڵاتانی دراوسێی كوردستان پەیوەندییان لەگەڵ یەكتردا ھەبێت، بەڵام جۆری ئەم پەیوەندییانە و ئینجا كورد لەم پەیوەندییانەدا، ھەتا كوێ لەگەڵ دراوسێكانیدا دەڕوات؟ ئەمە گرنگترە و ئەگەر نەزانرا ھەتا كوێ لەگەڵ دراوسێكان بڕۆین، ڕەنگە كارەسات بۆ كوردستان یان لانی كەم بۆ خۆت دروست بكەیت، نموونەكەش ئەمەیە:

1- ساڵی 2009 جەنابی مام جەلال سەركۆماری عێراق بوو، بەڵام دوای ئەوەی لە سەردانێكی كۆریای باشوور گەڕابووەوە، ھاتەوە بۆ سلێمانی، كاك عومەر فەتاح كە لە كابینەی پێنجەمی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان جێگری سەرۆكی حكوومەت بوو، تازەكی خانەنشین كرابوو، ئێوارەیەك تێلێكم لای سكرتێری كاك عومەر فەتاحەوە بۆ ھات، دوای چاكوچۆنی گوتی: ”بڕیارە ئەم ئێوارەیە جەنابی مام جەلال سەردانی كاك عومەر فەتاح بكات و كاك عومەریش پێی گوتوم تێل بۆ جەمال بكە حەز دەكەم ئەویش لەو سەردان و دانیشتنە ئامادە بێت“.

دوای ئەوەی چووم و جەنابی مام جەلال ھات بۆ لای كاك عومەر كە لە میوانخانەكەی دەزگای خاك بوو لە سلێمانی و ھیچ ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتیی ئەوكاتی یەكێتی لەو دانیشتنەدا ئامادە نەبوون (وێنەكانی ئەو سەردان و دانیشتنە لە ئەرشیفی شەخسیی خۆمدا پارێزراون) لەناو قسە و باسی جیاجیادا كە من لای خۆم ھەندێكیانم تۆمار دەكرد، جەنابی مام جەلال ھاتە سەر ھەندێك بابەت و ئینجا ڕووی كردە من و پێی گوتم: ”دە ئینجا ئیتر تۆش ئەو قەڵەمەت دانێ و جارێ واز لە نووسین بھێنە!“

منیش گوتم: ”بەسەرچاو فەرموو“، ئیتر جەنابی مام جەلال كەوتە گێڕانەوەی ئەم بەرسەرهاتە و گوتی: ”ساڵی 1986 لەگەڵ ھاشمی ڕەفسنجانی لە تاران كۆبووینەوە، لەناو قسە و باسەكانی تایبەت بە شەڕی نێوان عێراق و ئێران، ڕەفسنجانی پێی گوتم (ئاغای تاڵەبانی ئەوە ئیتر ئێمە بەیەكەوە ڕژێمی سەدام حسێن دەڕووخێنین و بەیەكەوە دەچینە بەغدا و دوای ئەوەش ھەر بەیەكەوە دەچینە قودس و قودس لە ئیسرائیل و زایۆنیزم پاك دەكەینەوە)“.
جەنابی مام جەلال درێژەی بە گێڕانەوەكەی دا و گوتی: ”منیش لە وەڵامی ڕەفسنجانیدا گوتم حەتمەن بەیەكەوە دەچینە بەغدا، بەڵام دوای ئەوە و لە بەغداوە بۆ شەڕی ئیسرائیل و بۆ قودس ئیتر خۆتان بەتەنیا بڕۆن و ئێمە لەوەیاندا نابین“.

2 - گێڕانەوەی ئەو نموونەیە بەسە بۆ ئەوەی كە بزانرێت نەك لەگەڵ ئێران، بەڵكوو لەگەڵ ھەر دەوڵەتێك و بەتایبەتی ھەر دەوڵەتێكی دراوسێ، ھەتا كوێ دەڕۆین و بۆچی؟ ئەی لە كوێدا دەوەستین و بۆچی؟ جەنابی مام جەلال وەك خۆ باسی كرد، لەگەڵ ئێران بوو بۆ ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام حسێن و بەیەكەوە چوونە بەغدا، چونكە ئەو كاتە ئەوە ئامانج و بەرژەوەندیی ھاوبەشی ھەردوو لایان بووە، بەڵام كورد بۆچی لە بەغداوە بڕوات بۆ ئیسرائیل و بە گژ ئیسرائیلدا بچێت؟