دووبارە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن لە عێراق هەیە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

دووبارە ئەگەری دواخستنی هەڵبژاردن لە عێراق هەیە

تەزویر مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە عێراق

تەزویر مەترسیەکی گەورەیە لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان لە عێراق و ئەگەری ئەوە هەیە بۆ جارێکی دیکەش پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق دوابخرێت، دوێنێ پێنج شەممە رەوتی سەدر کشانەوەی خۆی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق راگەیاند، سیاسەتمەدارێکی کوردیش، ئااماژە بەوە دەدات، ئەو تەزویرانەی کە لە هەڵبژاردنەکانی عێراقدا دەکرێن لە پشتەوەی چاودێرەکانی هەڵبژاردنەوەیە و لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو گۆڕانکاری جەوهەری لە ئەنجامەکاندا کراوە.

لە چەند رۆژی رابردوو کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ژمارەى کاندیدەکانى هەڵبژاردنى پێشوەختی ئاشکرا کرد کە بەپێى راگەیەنراوەکەی کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق، سێ هەزار و (244) کاندید ناوەکانیان پەسەندکراوە و ژمارەیان پێدراوە و لە رۆژى (8-7-2021)ەوە رێگەیان پێدراوە دەست بە بانگەشەى هەڵبژاردن بکەن تاکو رۆژى (7-10-2021).

بەڵام، ئەوەی نیگەرانی بۆ پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق دروستکردوە پرسی ساختەکردنی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنە کە بەپێی زانیاریەکانی چاودێران تەزویری هەڵبژاردن لە عێراق بەهۆی دەستوەردانی دەرەکیەوە کارێکی ڕێکخراوە و لە چەند کورسیەک تێدەپەڕێت و گۆڕانکاری جەوهەری بەسەر ئەنجامەکاندا دەهێنێ، کە چاودێران پێیانوایە ئەگەر چارەسەری ئەو پرسە نەکرێت، زۆرێک لەو هێزو کاندیدانەی کە ترسیان لە گۆڕینی ئەنجامەکان و تەزویر هەیە لە پڕۆسەی هەڵبژاردن بکشێنەوە، دوێنێ پێنج شەممەش رەوتی سەدر کشانەوەی خۆی لە پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق ڕاگەیاند.

د.مەحمود عوسمان كەسایەتی سیاسی كورد بۆ (باسنیوز) ڕای گەیاند، بەهۆی ئەو پێشهات و بارودۆخانەی روودەدەن چاوەڕوانکراوە جارێكی تریش هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دوابخرێت، گوتی “بابەتی تەزویری هەڵبژاردن مەترسیەکی گەورەیە لەسەر پڕۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق، بەڵام ئەو کارە لە پشتەوەی چاودێرانی هەڵبژاردنەوە دەکرێت، ئەوەی چاودێران دەیبینن خەڵکە دێت دەنگ دەدات و دەڕوات، بەڵام ئەو تەزویرەی لە هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکرێت چاودێرانی پڕۆسەکە نایبینن، چوتکە تەزویر لە ژورە تاریکەکان دەکرێت، لە هەڵبژاردنەکانی رابردوو تەزویر زۆر کراوە، ئەوەش بەو هۆیەوەیە کە  سەرژمێری دانیشتوان نیە، بیتاقە و بەڵگەنامە فەرمیەکان رێکخراونیە، بەدەستی خەڵکی دیکەوەیە، هەروەها كۆنترۆڵنەكردنی چەك لەدەرەوەی دەوڵەت كە لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق بڵاوەو بەدەستی میلیشیاکانەوەیە ئەوانە هەمووی کاریگەری هەیە”.

لەبارەی زۆری ژمارەی کاندیدانیشەوە، د.مەحموود عوسمان، پێیوایە نادادپەروەری هەیە لە دەرفەت نەدان بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن بۆ کاندیدانی سەربەخۆ، هەربۆیەش پیشبینی زیاتر ئەوەیە هەر کاندیدی حزبەکان دەربچن، گوتی “حزبەکان بەهۆی ئەو رێکخستنانەی کە هەیانە باشتر دەتوانن دەنگ بۆ کاندیدەکانیان کۆبکەنەوە، لەگەڵ ئەوەش رەنگە چەند کاندیدێکی سەربەخۆ بەهۆی بەهێزی کەسایەتیان دەربچن، بەڵام کەمی کورسیەکانیان لەبەرامبەر بە زۆری کورسیەکانی دیکە بەراورد ناکرێت”.

وابڕیارە ١٠-١٠ی ٢٠٢١ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق يئەنجام بدرێت کە زیاتر لە ٣ هەزار کاندید بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان کە بەسەر 83 بازنەی هەڵبژاردن دابەشکراون، کێبڕکێ دەکەن، کە بەپێی زانیاریەکانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان زیاتر لە 24 ملیۆن کەس لە عێراق مافی دەنگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە.