گەشتێک بەناو کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ)دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گەشتێک بەناو کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ)دا

”کوشتم و ڕاپێچی خۆکوشتنم کرد، ڕفاندم، ئەوانەش کە مانەوە، بە کۆیلەم کردن“

(3)


محەمەد سەلیم چوروککایا لە لاپەڕە ٨٩ی کتێبەکەیدا وەڵامی ئەو بۆچوونە دەداتەوە کە ڕزگاریکەر لە ڕوانگەی پەکەکە و دەزگای ڕێبەرایەتی (ئاپۆ)وە کێیە و ئەوەی کە دەڵێ من لەسەر حەق! شەڕ دەکەم، واقیع و ڕاستییەکەی چییە؟ بۆیە وەک شایەتحاڵ و کەسێکی خاوەن ئەزموونی ناو ڕووداوەکانی پەکەکە دەنووسێت: "جگە لە دیکتاتۆری چی هەیە بە گەلەکەی ببەخشێت؟ ئەگەر شەڕ مرۆڤی بکردبا بە خاوەن حەق، گەورەترین دیکتاتۆرەکانی دونیا لەسەر حەق دەبوون، چونکە گەورەترین شەڕەکان ئەوان کردیان، گەورەترین سەرکەوتنەکان ئەوان بەدەستیان هێنا، بەڵام لەبەر ئەوەی جگە لە دیکتاتۆریەتی خۆیان شتێکیان نەبوو بە کۆمەڵگای خۆیانی ببەخشن، ڕووخان و ڕۆیشتن“.

ڕزگارکەر کێیە؟
نووسەر لە زمانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە دەنووسیت: (من بۆ ڕزگاریی گەلێک شەڕ دەکەم و شەڕی من شەڕێکی لەسەر حەقە)، نەخێر ڕابەری مەزنمان بۆ ڕزگاریی گەلێک شەڕ نا، بەڵکوو بۆ خستنە ژێر دەستی دیکتاتۆریەتی خۆی و بە کۆیلەکردنیان شەڕ دەکات. چون ئەوانەی ئەمڕۆ دەڵێن (ئێمە سەر بە پەکەکەین)ی خستووەتە ژێر دیکتاتۆریەتی خۆی و دەیەوێت گەلێکیش بهێنێتە ئەم دۆخەوە. دیکتاتۆریەت جیایە و نیشتمانپەروەری جیایە. بۆ دیکتاتۆریەتی خۆی شۆڕشگێڕەکان، بیرکەرەوەکان، نیشتمانپەروەرەکان، تەنانەت ئەوانەش کە دەیانکوژێت، ڕابەری مەزنمان بەیانی چی بەسەر گەلێک دەهێنێت، لە کردەوەکانی ئەمڕۆیدا بەدیار دەکەوێت.

لە سەدەی بیست و یەکدا بەرەو ڕزگارکەر بوون دەچێت! یا ئایا گەلەکەمان ئیدی نایانەوێت لە ڕزگارکەرەکانیش ڕزگاریان بێت؟"
لە درێژەی ئەم باسەدا دەنووسێت: "لە چاخی ئێمەدا بوون بە ڕزگارکەر، بیرمەندی نییە، بیرمەندی ئەوەیە کە هەوڵ بدەیت خەڵکێک وا لێ بکەیت چۆن ببێتە ڕزگارکەری خۆی. گوتنی (خەڵک پێویستی بە ڕزگاکەر هەیە، من دەبم بە ڕزگارکەر) هەمان واتای ئەوە دەگەیەنێت کە بڵێت: کۆیلەکان پێویستییان بە ئەفەندییەکە، من دەبم بە ئەفەندی".

ئۆجەلان متمانەی بە کێ هەبووە؟
لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا بۆچی زیندووەکان دەکوژێت و سووکیان دەکات و نزمیان دەکاتەوە و لە بەرامبەردا مردوو و شەهیدەکان دەباتە تەشقی ئاسمان چوروککایا دەڵێت: "ڕابەری مەزنمان هەندێ ڕوانینی هەیە کە بە ئاشکرا نەیگوتووە و ئاوایە: زیندووەکان بچووک دەکرێنەوە، سووک دەکرێن، دەکرێن بە کۆیلە بە کەلوپەلێک کە پێنج قرووش ناکەن، (جگە لە من) بۆ گرەنتیی دیکتاتۆریەتی من ئەوانە دەکرێن. شەهیدەکانیش بە پێچەوانەوە بە ستایشەوە بەرەو ئاسمانەکان تا لای من بەرز دەکرێنەوە، هیچ زیانێکی نابێت، هەرچۆنێک بێت مردوون، خۆ لەو حاڵەتەدا نین کە لەدژم بوەستنەوە. تەنانەت بە بردنی ئەوان بۆ دەرگای ڕابەرایەتی لەدژی ئەوانەی کە دژایەتیی دیکتاتۆریەتی من دەکەن، بەکاریان دەهێنم. هەر یەکێکیان دەبێتە چەکێکی باش".

یان دەنووسێت: "بۆ ڕابەری مەزنمان باشترین ئەندامانی پەکەکە ئەندامە مردووەکانن، ئەو تەنیا متمانە بە مردووەکان دەکات، جگە لە مردووەکان بڕوای وایە هەموویان دەبنە ئۆپۆزسیۆن لەدژی ئەو. متمانە بە هیچ زیندوویەک ناکات، هەروەها لە وەڵامی ڕۆژنامەنووسێکدا کە کاتێک لێی پرسیبوو متمانە بە کێ دەکەی؟ گوتبووی: من متمانە بە هیچ کەسێک ناکەم. بەو وەڵامە ئەوەی دەیویست بیڵێ ئەمە بوو: ”من لەنێو پارتیدا کودەتام کرد، بە بڵاوەپێکردنی پارتییەکەم لەناو برد، دیکتاتۆرییەتەکەمم دامەزراند، هەموو توانای گەلی کوردم دەست بەسەردا گرت، کوشتم ڕاپێچی خۆکوشتنم کرد، ڕفاندم، ئەوانەی کە مانەوەش، بە کۆیلەم کردن، هەندێک مونافق هەن کە ئەمە دەزانن، ئەوانی تریش ئەمڕۆ نەیبینن، بەیانی هەر دەیبینن، ڕۆژی دواتر دەیبینن، زۆر باش دەزانم کاتێک دەبینن و تێدەگەن چی لە من دەکەن، ئینجا بۆچی متمانە بکەم؟"

ڕابەرایەتیی (ئاپۆ) بەرزە و بەندەکان نزم
نووسەری (ئایەتەکانی ئاپۆ) کە خۆی یەک لەوانەیە لەدژی ئایدۆلۆژیای فەرمیی ناو سیستەمی شێوێندراوی پەکەکە هەڵوێستی گرتووە و لەدژی ڕاپەڕیوە، لەمبارەیەوە لە لاپەڕە ٩١ و ٩٢دا دەنووسێت: "پێوانەی ڕابەری مەزنمان ئەمەیە و پێوانەکەی لە شام وەرگرتووە. دوای ئەوەی خۆی لە شوێنی پارتییەکەدا دانا، دەستی کرد بە دروستکردنی ئایدۆلۆژیای کەسایەتییەکی بەرز و گەلێکی کەوتوو، دواتر کارکردنی لەسەر ئەمە دەستی پێکرد، ئەم کارکردنە دوو بەشە:

بەشی یەکەم ئەمانە لەخۆ دەگرێت: ”ڕابەرایەتی زۆر مەزنە، زۆر بەرزە، بوونێکی لەسەرووی هەموو مرۆڤە، پێ قبووڵکردنی ئەمە بە هەموان لەڕێگای نووسراوەکان، وێنەکان، دروشمەکان، سێندەکان، کاسێتی ڤیدۆکان و وانەکانەوە. ئەوەی بڕوانی نەکرد بە سیخووڕ تۆمەتباری کردن و کوشتنی لە ترسی مردندا ئەوانی تر زیاتریان باوەڕیان هێنا و قبووڵیان کرد، بەرزی ڕابەرایەتی هاتە دۆخی ئەوەی ببێت بە ئسلووبی قسەکردن، ئەو سیفەتانەی لە ئایینی ئیسلامدا بۆ خودا و لە مەسیحیەتدا بۆ عیسا بەکار دێت، کاتێک باس لە ڕابەرایەتی دەکرێت بەکارهێنان، باوەڕکردن، بەوەی ئەو هەرگیز بەهەڵەدا ناچێت، بە هەڵەدا نابات بێ قەید و شەرت ئەو لەسەر باوەڕپێکردنەوە و وەک فەرمان وەرگرتن، تانەنەگرتن لەسەر هیچ شتێک کە دەیڵێت".

بەشی دووەم: بەشی کارکردنە، ئەم فەلسەفەیە لەخۆ دەگرێت، هەر لە سوپاوە بگرە هەموو کەسێک سووکایەتیی پێدەکرێت و خۆی لەوە ڕادەهێنێت کە سووکایەتی بە خۆی بکات. ئەمە دەکرێتە ئسلووبێک و جۆرێک لە ژیان. تایبەتمەندییەکانی ڕابەری مەزن لە بەندەکان و تایبەتمەندییەکانی بەندەکان لە ڕابەری مەزن نابێت وەک یەک بن، ڕابەری مەزن بەرزە و بەندەکان و گەلەکە نزمن. ڕابەری نەتەوەیی بەتوانا و بەندەکان و خەڵکەکە بێ توانا، ڕابەری مەزن دووربین و بەندەکان و گەلەکە بەردەمی خۆیان نابینن.

ڕابەری مەزن ڕێکخەرێکی مەزن و بەندەکان و گەلەکە دوو بزنیان پێ بەڕێوە ناچێت و ڕابەری مەزن شەڕڤانێکی مەزن و بەندەکان و خەڵکەکە مەڕی قوربانین لە بەرامبەر سوپای تورکدا، ڕابەری مەزن نوێنەری هەموو مرۆڤایەتیی جیهانە و بەندەکان و گەلەکە ناتوانن نوێنەرایەتیی هیچ کەسێک بکەن. ڕابەری مەزن هەموو شتێکە ئەگەر ئەو نەبێت گەلی کورد لە مێژوو دەسڕێتەوە.
یان لەبارەی یەکێک لە ئایەت و بۆچوونەکانیەوە لە زمانی ئۆجەلانەوە دەنووسێت ((من گەورەترین هونەرمەندی جیهانم، هەر پەرتووکێک کە ئایەتەکانی منی تێدا کۆ بکرێتەوە شاکارێکی ناوازەی ئەدەبیاتە)).

پەکەکە و ژن
ساڵانێکی زۆرە پەکەکە لەڕێگای میدیاکانییەوە بە پیشاندانی ژن و کچی گەریلا لە ڕیزەکانیدا وا دەنوێنێت کە لەو سیستەمەدا ژن خاوەن پێگەیە و بەهای هەیە و جیاوازی لە نێوان ڕەگەزەکاندا نییە و ئازادی لەوپەڕی خۆیدایە، بەڵام ئەمە دیوی ڕووکەشی ئەو پرسە ئاڵۆزەیە و ڕاستیی ئەم بابەتە پێچەوانەی دروشمەکانی ئەو ئەو پارتەیە کە ژن و کچ تەنیا بۆ پڕوپاگەندەی سیاسی بەکار دێنێت و وەک ئامرازێک بۆ خاپاندن و هەڵخەڵەتاندن و شێواندن و بەلاڕێدابردنی بیروڕای گشتیی کۆمەڵگە بەکاری دەهێنێت.

محەمەد سەلیم چوروککایا کە لەسەر بیروباوەڕی کوردایەتی، خۆی و ژن و برا و کەسوکاری ئازار و زیندان و ئەشکەنجەیان چەشتووە، کاتێک دوای ١١ ساڵ زیندان ڕوو دەکاتەوە ناو پەکەکە و لە ئەکادیمیای مەعسووم ئورکماز ڕووبەڕووی خێزانی خۆی دەبێتەوە و دەیەوێ سڵاو و پێوەندیی ئاسایی هەبێت، تووشی سەرسوڕمان و حەپەسان دەبێت کە ئەم پەروەردە و ئایدۆلۆژیا نالۆژیکە چی لە مرۆڤەکان دەکات کە دژی هەموو بەهاکانی ژیان و بەتایبەتی پێوەندیی نێوان ژن و پیاو و ڕەگەزەکان بێت. قەدەغەکردنی ژیانی هاوبەش، بڤەکردنی پێوەندیی سۆزداری و تەنانەت دوورخستنەوەی ژن و پیاو لە یەکتر بە بیانووی کزبوونی شۆڕش! و بە تاوان لەقەڵەمدانی لە لایان، دەکرێتە بەها و پڕەنسیپ کە پێچەوانەی هەموو بەهایەکی ئینسانی و سروشتە و بە گوتەی ئەم نووسەرە بەپێی ئامارە نافەرمییەکان، تەنیا لەو ساڵانەی ئەو لە ڕیزەکانی پەکەکدا بووە ١٤١ کچ و کوڕی گەریلا تەنیا لەسەر تاوانی خۆشەویستی و پێوەندیی سۆزداری کوژران، یان بێسەروشوێن کراون.

بۆیە لە لاپەڕە ١١٦دا دەنووسێت: "ڕابەری نەتەوەییمان ساڵانێکە بابەتە سێکسییەکانی لەنێو بەندەکانیدا کردووە بە قەدەغەکراوێک کە نابێ دەستکاری بکرێن، لەو بابەتانە قەدەغەی وا ترسناکی داناوە کە تەنانەت لە دواکەوتووترین دەرەبەگایەتیشدا نابینرێن. وەک چۆن لە سعوودیا هەر پیاوێک یان ئافرەتێک زینا بکات، بە بەردبارانکردن دەکوژرێت، لەنێو بەندەکانی ڕابەری مەزنیشدا ئەوانەی یەکتریان خۆش بووێت، ئاشقی یەکتر بن، لەگەڵ یەکتری پەیوەندیی سێکسییان هەبێت، ئەگەر شەرعی یان ناشەرعی بێت، دادگایی دەکرێن، بەر سزای دار دەکەون، گوللەباران دەکرێن، زۆریان لێ دەکرێن کە خۆیان بکوژن، یاخود هەڵبێن و خۆیان ڕادەستی دوژمن بکەن. ئەو سزایە ئەوەندە زۆر دەسەپێندرێن، کە مومکین نییە ژمارەی کوژراو، هەڵاتوو و ڕاپێچی خۆکوشتن کراوەکان دیاری بکرێت. بە گوێرەی بەندەکانی ڕابەری مەزن، باسکردنی پەیوەندیی نێوان ژن و پیاو و ئافرەت، ئەشق و بە یەکەوەبوون و یەکتر ماچکردن لە ڕۆمان و شیعر و چیرۆکەکاندا ڕەوشتی ئینسانەکان تێک دەدات".

تێگەیشتی پەکەکە بۆ ڕەوشت
نووسەر لە درێژەی بابەتی ژن و ئەشق و خۆشەویستی و ژندا دەنووسێت: "بۆچوونی حزبی بە بۆچوونی ئایدۆلۆژیای فەرمی، ئەشق، یەکتر ماچکردن، جووتبوون، سەیرکردنی ئافرەتی رووت و باسکردنی ئەمانە قەدەغە دەکات ئەوە ڕاستییەکە، هەر بۆیە من لەسەر ئەو وتارەی سەبارەت بە سەفەری ڕیۆدۆژانیرۆ نووسیم، دادگایی کرام، لە لێکۆڵینەوەکەدا یەکێک لەو پرسیارانەی لێم کرا گوتیان: (لە وتاری ڕیۆدا بۆ خەڵکیت بەرەو بەدڕەوشتی هان دا؟ بۆچی ئەو وتارەت لە ڕۆژنامەی بەرخوەدان بڵاو کردەوە؟ ڕوونکردنەوە بدە) بە تاوانی ئەوەی بە وتارەکەم (ڕەوشتی خەڵکیم تێک دا) دادگایی کرام، ئایدۆلۆژیای فەرمی منی دادگایی دەکرد، تێگەیشتی حزب بۆ ڕەوشت لە هەمان کاتدا تێگەیشتنی ڕابەری مەزنمانە کە ئاوا دەیفەرموو، ئەوە کوشتنی ژیان و ئەدەبیات و هونەرە.