كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 15/07/2021

ئیشەكەیان ڕەزیل كردووە!

1- ھیشام ھاشمی، لەناو پایتەختی عێراق دەكوژن و ساڵێك زیاترە تیرۆر كراوە، كەچی بەرپرسانی سەرەوەی داوودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق – ئەمە ئەگەر عێراق بە دەوڵەت حساب بكرێت – دەڵێن لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن و بكوژ دەدۆزینەوە و دەشبێت بە سزای یاسایی خۆی بگات، بەڵام شەش مانگ پێشتر و ھەر لەسەر ئەم كەیسە، بەرپرسێكی باڵای عێراق گوتی: ”بكوژ لەناو عێراق نەماوە و لە یەكێك لە دەوڵەتە دراوسێكانە“ واتە بكوژ دۆزراوەتەوە، بەڵام دەسەڵاتی ھێنانەوە و دادگاییكردنی ئەم جۆرە بكوژانەیان نیە!

2- ئیھاب ئەلوەزنیی چالاكوانەكەی كەربەلا دەكوژن، دواتر تۆمەتباری سەرەكی و گەورە دەستگیر دەكرێت و دوو تۆمەتباری دیكەش لەسەر ھەمان كەیس دەستگیر دەكرێن، ئەم دوو تۆمەتبارە دان بەوەدا دەنێن كە ئەوان كوشتوویانە و گوتیشیان كە بە فەرمانی كێ ئیھاب ئەلوەزنیان كوشتووە، كەچی دواتر تۆمەتبارە بەدەسەڵات و گەورەكە ئازاد دەكەن و دەڵێن بەڵگە نیە! عێراق وەھای لێ ھاتووە كە لە تاواندا دانپیانان بەڵگە نیە و بەڵگە حساب نیە، ئەوە لە كاتێكدایە كە دانپیانان شابەڵگەیە واتە (سيد الادلة).

3- لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا، نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب دەسووتێ و تێیدا 82 كەس گیان لەدەست دەدەن و 110 كەسیش بریندار دەبن، دواتر بە مەبەستی لێكۆڵینەوە لەو ڕووداوە، لەلایەن سەرۆك وەزیرانی عێراقەوە فەرمانی دەست پێ لەكارھەڵگرتن بۆ وەزیری تەندروستی و چەند بەرپرسێك لە بەغدا دەردەچێت، كەچی ئەوە سێ مانگ بەسەر ئەو ڕووداوەدا دەڕوات و ھێشتا ئەنجامی ئەم لێكۆڵینەوەیە ئاشكرا نەكرا و نەزانرا!

4- ھێشتا ئەنجامی لێكۆڵینەوە لە سووتانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب ئاشكرا نەكراوە كەچی نەخۆشخانەی ئیمام حسێن لە ناسڕییە دەسووتێت و لەم ڕووداوەشیاندا 63 كەس گیان لەدەست دەدەن و 100 كەسیش بریندار دەبن، ئەمجارەشیان دیسان ھەر بە مەبەستی لێكۆڵینەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق فەرمانی دەست پێ لەكارھەڵگرتن بۆ بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ناسڕییە و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەكە و بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئەو شارە دەردەكات .

سەیر ئەوەیە، لە كامێرای چاودێریی ئەم نەخۆشخانەیە دەردەكەوێت كە دوو كەس شەڕیانە و یەكێكیان ئاگر دەكاتەوە، بەڵام دیارە لای عێراق ھەر وەك چۆن لە تیرۆركردنی ئیھاب ئەلوەزنیی چالاكوانەكەی كەربەلا دانپیانان بەڵگە نیە، ئا ئەوھاش ڤیدیۆی كامێرای چاودێریی نەخۆشخانەی ئیمام حسێن لە ناسڕییە ئەمیش بەڵگە نیە!

جا بەزم ئەوەیە یەكێك لە پلەدارە باڵاكانی عێراق، ھەر وەك چاودێرێكی بێلایەن قسە دەكات و وەك ئەوەی بێجگە لە مافی مووچ ەو ئیمتیازات ئیتر ھیچ بەرپرسیاریەتێكی لەسەر شان نەبێت، دەڵێت: ”دەبێ چاو بە گشت داوودەزگاكانی عێراقدا بخشێنرێتەوە“، ئیتر دیاریش نیە ئایا ئەم چاوخشاندنەوەیە ئەو داوودەزگایەش دەگرێتەوە كە خۆی دەوامی تیا دەكات یان ھەر فەرمانگەكانی ئاو و كارەبا و ھەندێك لە مووچەخۆرە داماوەكانی خوارەوە دەگرێتەوە؟ بەڕاستی عێراق چاك حەیای دەوڵەت و دەوڵەتداریی بردووە و چاك ئیشەكەیان ڕەزیل كردووە.