دوو ساڵ حوكمڕانی لە دیدی یار و نەیارانەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
هەرمن ئەحمەد 15/07/2021

دوو ساڵ حوكمڕانی لە دیدی یار و نەیارانەوە

به ‌تێپه‌ڕبوونی دوو ساڵی ته‌مه‌نی كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، لای سەرۆك وەزیرانی كوردستان و ستافی وەزارییەكەیەوە لە زۆربەی سێكتەرەكاندا رژدی و پێداگری و سووربوون لەسەر سەركەوتن و بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێز هەیە و لای ئەو هاووڵاتیانەشەوە كە بە وردی سەرنج لە هەنگاو و پرۆژەكانی ئەم كابینەیە دەدەن، جۆرێك لە هیوا و گەشبینی هەیە كە لە ئایندەیەكی نزیكدا هەرێمی كوردستان بەری ئەو هەنگاو و پرۆژانەی حكوومەتی هەرێم دەدوورێتەوە، هەنگاو و بڕیار و پرۆژەكان ئایندەیی و ستراتیجین و بەرەو دامەزراندنی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری دەڕۆن كە یەكێكە لە ئامانجە گرنگەكان و خاڵێكی پۆزەتیڤی كارنامەی كابینەی نۆیەمە.

هه‌ر له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستبەكاربوونیەوە، یار و نه‌یاره‌ سه‌رسه‌خته‌كانیش، گه‌واهیی ئه‌وه‌یان دا كه‌ كارنامەكەی مەسرور بارزانیی سەرۆك وەزیران و كابینەكەی، هەروەها وردەكاریی خاڵ و بڕگە و بەندەكانی، چڕ و پڕن و خوێندنەوەیەكی وردی تێدایە بۆ كێشە سەرەكیە ئابووری و سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لێ جیاوازییەكە ئەوە بوو كە یارانی حكوومەت بڕوایان بەوە هەبوو كە سەرۆكی حكوومەت و ستافەكەی دەتوانن بە رژدی لە ماوەی چوار ساڵدا بەشێكی زۆری ئەو كارنامەیە جێبەجێ بكەن و ئەوەشی كە لە چوار ساڵدا تەواو نەكرا، هەنگاو و قۆناغی باشی لێ جێبەجێ بكەن، بەڵام نەیارانی حكوومەت، نەخاسمە گرووپە پۆپۆلیستیەكان و ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن، گرەویان لەسەر شكستی ئەم كابینەیە كرد و تەنانەت هەندێكیان تەپڵی كۆتاییهاتن بە قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیان دەكوتی!

من لێرەدا وەك هاووڵاتیەك، سەرەتا رەچاوی ئەو قەیرانە گەورانە دەكەم كە دوو ساڵی تەمەنی ئەم كابینەیە، بەرۆكی كوردستان و عێراق و ناوچەكە و جیهانیان گرت كە دیارترین و سەرەكیترینیان ئەمانە بوون بۆ هەرێمی كوردستان و حكوومەتەكەی: (پەتای كۆرۆنا و لێكەوتەكانی، داڕمانی بێوێنەی نرخی نەوت كە داهاتێكی سەرەكیی حكوومەتی هەرێم بوو، بڕینی بودجە و حەقەبەشی هەرێمی كوردستان لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، قەدەغەی هاتوچۆ و داخرانی بازاڕ و ژیانی گشتی و دابەزینی داهاتی ناوخۆ بۆ نزیك لە سفر، پەككەوتنی زۆربەی سێكەتەرەكان بەهۆی كۆرۆناوە، ناتەبایی سیاسیی نێوان حزبەكانی كوردستان و بەردەوام فشاری نێوخۆیی لەسەر حكوومەتی هەرێم، نەگەڕاندنەوەی داهاتی نێوخۆیی زۆنی سلێمانی و گەرمیان و راپەڕین بۆ گەنجینەی حكوومەت، بەردەوامیی هێرشە مووشەكیەكان و فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكان بۆ سەر هەولێری پایتەخت، شەڕپێفرۆشتنەكانی پەكەكە و هەروەها بەردەوامیی لەشكركێشیی توركیا بۆ سەر خاكی هەرێمی كوردستان بەهۆی بوونی پەكەكەوە).

ئنجا وەرن با بە ویژدانەوە و دوور لە هاشوهووشی میدیایی و وتاری پۆپۆلیستەكان و دەنگوباسە فەیكەكانی سۆشیال میدیا و پەیجە بێ دایك و باوكەكان، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو قەیران و كێشە گەورانەی ئاماژەم پێ كردن، هەنگاو و پرۆژەكانی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی تەنیا دوو ساڵی تەمەنیدا، هەڵبسەنگێنین. هێڵە گشتیەكانی كابینەی نۆیەم ئەمانە بوون: (بەردەوامیی گفتوگۆ و پەیوەندیی باش لەگەڵ حكوومەت و دەسەڵاتدارانی عێراقدا بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی خەڵكی كوردستان لە چوارچێوەی دەستووری عێراق و پاراستنی پێگەی قەوارەی سیاسیی هەرێمی كوردستان و چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكان، فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات، پێداگری و رژدبوون لەسەر چاكسازی و نەهێشتنی گەندەڵی لە هەموو سێكتەرەكاندا).

با بزانین تەنیا لەو هێڵە گشتییانەی كارنامەی كابینەی نۆیەمدا چی كراوە؟ سەرەتا باس لە پەیوەندیی نێوان بەغدا و هەولێر دەكەم، هەر لە سەرەتاوە شاندێكی حكوومەتی هەرێم بە سەرۆكایەتیی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت بە تەواوی دەسەڵاتی بڕیاردانەوە و بە پشتیوانیی راستەوخۆی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیران، بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق پێك هات و ئەو شاندە پاش دەیان سەردان و سەدان كۆبەوونەوە و گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا، دیبلۆماسییانە و نەرم، گەیشتە ئەوەی لە بودجەی ٢٠٢١ی عێراقدا، بەشی هەرێمی كوردستانی جێگیر كرد و هەفتەی رابردوو بە گەیشتنی دووسەد ملیار دینارەكە، بەرهەمی ئەو پەیوەندی و گفتوگۆیانەمان بینی و لایەنە نێودەوڵەتیەكان پەسنی هەڵوێستی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد،

رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال، ئەگەرچی هێشتا هیچی لێ جێبەجێ نەكراوە، بەڵام هەنگاوێكی گرنگ و مێژوویی بوو بۆ كابینەی نۆیەم، نەخاسمە لەو دۆخە ئاڵۆز و دژوارەی ناوچەكە پێیدا تێپەڕ دەبێت، پێكهێنانی ژووری ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی نێوان هێزی پێشمەگە و سوپای عێراق و هاوپەیمانان لە ناوچە كوردستانیە داگیركراوەكاندا، دیسان هەنگاوێكی گرنگی ئەم كابینەیە بوو. دێمە سەر فرەچەشنكردنی سەرچاوەكانی داهات، هەموومان شایەدی ئەو پرۆژانە بووین كە ناو بەناو سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لەم بوارەدا بەردی بناغەی بۆ دانان یان كردینیەوە، لەوانە تەواوبوونی شەقامی ١٢٠ مەتریی هەولێر، تەواوبوونی قۆناغێكی گرنگی شەقامی١٥٠ مەتریی هەولێر، دانانی بەردی بناغەی شەقامی ١٠٠ مەتریی سلێمانی و هەروەها تەواوبوونی پرۆژەی شەقامی دووسایدیی نێوان هەولێر و دهۆك و پردەكەی رانیە و زۆر شەقامی و رێگاوبانی تر لە تەواوی كوردستاندا.

رێكخستنەوەی داهاتی ناوخۆ و باج و گومرگ و رسوومات، هەنگاوێكی تر بوو لەو بوارەدا، ئنجا بینیمان سەرۆكی حكوومەت كارێكی زۆر جدیی لە پرۆژەكانی كشتوكاڵ و كڕینەوەی گەنمی جووتیارانی كوردستان و بازاڕی بەروبوومە كوردستانیەكاندا كرد و لە ئایندەی نزیكدا بەرئەنجامی ئەم هەنگاوانە دەبینین، لە بواری پیشەسازی و گەشتیارییشدا، كردنەوەی یەكێك لە كارگە هەرە گەورەكانی شیش و ئاسنمان لە هەولێر بینی، دەستەی گشتیی وەبەرهێنانیش ناو بەناو مژدەی خۆشمان دەداتێ كە پرۆژەی گەورە گەورە لەم دوو بوارەدا دەستیان پێ كراوە یان مۆڵەتی كاریان پێ دراوە و هێشتاش هەنگاوی گرنگتر بەڕێوەن.

لە بواری چاكسازیشیدا، وێڕای پەسندكردنی پرۆژەیاسای چاكسازیی بواری مووچە و خانەنشین و ئیمتیازەكان و كاركردنی جدی تێیدا، بەگشتی وا دەبینین رێژەی گەندەڵی كەم دەبێتەوە ئەگەرچی تەحەدایە و پرۆسەیەكی درێژخایەنە و هێشتا ساڵانی تری دەوێ، بەڵام وەك هاووڵاتیەك بەلای منەوە ئەوە زۆر گرنگە كە سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە هەموو بۆنە و لێدوان و ئاخاوتنێكیدا پێداگری و رژدبوونی خۆی و كابینە وەزارییەكەی لەسەر چاكسازی لە هەموو سیكتەرەكاندا دووپات دەكاتەوە و بەردەوامیش كاری لەسەر دەكات.

دێمە سەر دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆران كە بەلای هەموومانەوە دەبێ یەكێك لە ئەولەویەتەكانی كاری حكوومەت، دابینكردنی مووچە بێت كە خودی سەرۆك وەزیران زۆر جار ئەمە دووپات دەكاتەوە. من هەرگیز لەگەڵ ئەوە نیم مووچە نە دوا بكەوێت و نە هیچ بڕێكی لێ ببڕێت یان پاشەكەوت بكرێت، لێ ئەگەر هەموومان سەیری ئەو دۆخ و قەیران و گەمارۆ ئابووریەی سەر هەرێمی كوردستان بكەین كە بۆی دروست بوو یان بۆی دروست كرا، رەنگە رەچاوی ئەوە بكەین كە لەچاو ئەو داهاتەی لەم دوو ساڵەدا دەست حكوومەت كەوتووە، هەر باشە كە حكوومەت توانیی هەم پرۆژەی گرنگیش جێبەجێ بكات و هەم رووبەڕووی كۆرنا بێتەوە و هەم رێژەی سەدا حەفتا و نۆی مووچە بدات، ئەمە جیا لەوەی هیوایەك هەیە كە ئەگەر دۆخی عێراق لەوە خراپتر نەبێ و مانگانە ٢٠٠ ملیار دینارەكە بنێرێت، مووچە بە شێوەیەكی باشتر دابەش بكرێت و ئەو كێشە گەورەیەش كۆتایی پێ بێت.

به‌رده‌وامبوون و كۆڵنه‌دانی سه‌رۆكی حكوومه‌ت
ده‌وڵه‌تمه‌داری، بریتیه‌ له‌ هونه‌ری به‌ڕێوەبردنی ده‌وڵه‌ت له‌ فۆرمێكی باش و پڕ مۆڕاڵ و ئه‌خلاقیدا، ئه‌م سیاسه‌ته‌ رەشید و حه‌كیمانەیە‌ی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هەرێمی كوردستانیش، ره‌نگدانه‌وه‌ی بەسەر ژیانی خەڵك و گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان و ئابووریی كوردستان و تەنانەت لەنێو حزبه‌ كوردستانیه‌كانیشدا هەیە، تا به ‌یەك گوتاری هه‌م حكوومه‌تێكی به‌هێز و هەم كوردستانێكی بەهێز و هەم پەرلەمانێكی كارا و كاریگەرمان هەبێت، ئه‌وكات ده‌توانین باشتر به‌رامبه‌ر نه‌یارانی كورد و كوردستان بوه‌ستینه‌وه.

هه‌ڵبه‌ت هێشتا كەموكوڕیی زۆر هەن و كاریان دەوێ، ڕه‌خنه‌گرتنیش له‌ ئه‌دا و كار و ئه‌جێندای حكوومه‌ت، كارێكی ئاسانه‌ له‌ سۆشیال میدیاكانه‌وه‌، خۆ كە لە زۆربەی رەخنەگرانیش دەپرسیت: ئایا ئاگادارییەكی وردت له‌ كار و كارنامه‌ و پرۆژه‌كانی حكوومه‌ت هه‌یه‌ كه ‌له‌م دوو ساڵه‌دا ئەنجامی داون؟‌ بێگومان له‌وانه‌یه‌ به‌ كۆمه‌ڵێك قسه‌ی كۆن و سواو لەژێر دروشمی ”هیچ هیچ نه‌كراوه‌ لە هیچ بوارێكدا“، وه‌ڵامت دەدەنەوە، چونكه‌ فێری ئه‌وه‌ كراون‌ هه‌ر قسه‌ بكەن و هیچ نەبینن!

ئەمەی من نووسیم، نە پیاهەڵدانە و نە زێدەگۆییە و نە لەبەر خاتری كەس و حزبێك نووسیومە، ئەمانە واقیعن و ئەوانەن كە بە چاوی خۆم بینیومن، جیاوازیی نێوان من و ئەوانەی بەردەوام بێ موتابەعە رەخنە دەگرن تەنیا ئەوەیە، من رق و بڕیاری پێشوەختەم نیە، گرێی دەروونیم لەگەڵ هیچ حزب و سیاسەتەمەدرارێكدا نیە، من بە مێشك و عەقڵی خۆم بیر دەكەمەوە و لەژێر كاریگەریی هیچ ئەجیندا و ئایدۆلۆجیایەكدا نیم و بە دەنگۆ و هەواڵی فەیكی هەندێ پەیجی ساختە لەخشتە نەبراوم، ورد ورد هەواڵەكان لە زۆربەی میدیاكاندا دەخوێنمەوە و و دەبینم و دەییستم، دواتر را و بۆچوونی خۆم لەسەر رووداو و هەواڵەكان بنیات دەنێم.