كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
حەمەسەعید حەسەن 15/07/2021

یەکێتیی نووسەرانی کورد چی بەسەر هات؟

2

لە ئەیلوولی ١٩٧٨دا کە کۆنگرەی پێنجەمی (ی. ن. ک)ی تێدا گیرا، ئەو کاتە بەرەنگاری لە عێراق و کوردستاندا، لەوپەڕی لاوازیدابوو، ڕژێمی فاشیستی بەغدایش لەوپەڕی بەهێزیدابوو، کەچی نووسەرانی کورد نەک هەر سەریان بۆ ڕژێم نەوی نەکرد، بەڵکوو بە ڕووخساریشیدا تەقینەوە، لەو داکۆکیکردنەدا لە یەکێتیی نووسەرانی کورد، سەرۆک و جێگرەکەی ڕۆڵی سەرەکییان بینی، بەڵام لە سەرەتای ١٩٨٣دا، هەرچەندە بەرەنگاری زۆر لەوسا بەهێزتر و ڕژێمی بەغدایش گەلێک لە ساڵی ١٩٧٨ لاوازتربوو، سەرۆک و جێگرەکەی نەک هەر سەریان بۆ ڕژێم نەوی کرد، بەڵکوو ڕۆڵی سەرەکیشیان لە دەستەمۆکردنی نووسەرە ترسنۆکەکاندا بینی. وەک چۆن سەفەردۆڵڤ سکرتێری گشتیی شۆڕشی ئۆکتۆبەر بوو، هەر وایش سەرۆکی نووسەران، سکرتێری گشتیی لەناوبردنی ی. ن. ک بوو.

شتێکی سەرسوڕهێن نییە کە ئەو گۆڕانە لە نێوان ١٩٧٨ و ١٩٨٣دا لە هەڵوێستی سەرۆکی نووسەراندا ڕوو بدات، مۆسۆلینی لە سەنگەری سۆسیال دیموکراتەوە بوو بە فاشیست، کاوتسکی لە سەنگەری بۆرژوادا خۆی بینییەوە، پلیخانۆڤ دژی شۆڕشی ئۆکتۆبەر ڕاوەستا، مالینۆڤسکی پیاوی قەیسەر بوو، گەییشتە کۆمیتەی ناوەندیی بەلشەفیکەکان، لە ساڵی ١٩١٤دا، کۆمیتەی شاری پەترۆگرادی بەلشەفیکەکان، لە حەوت، سێ ئەندامیان، داردەستی قەیسەر بوون، بۆیە هیچ سەیر نییە، هەندێک لەو نووسەرانەیشی خۆیان وەک دۆستی میللەت پیشان دەدەن، لە بنەوە سەر بە ڕژێم بن. یەکێک لەو بەڵگە زۆروزەبەندانە بۆ ئەو بادانەوەیە لە هەڵوێستی سەرۆکی نووسەراندا، کتێبی: (عەمەری جەلالی)یەکەیەتی کە وەک خۆی لە پێشەکییەکەیدا سەرنجی خوێنەری بۆ ڕاکێشاوە، لەسەر خواست و بەپێی ئارەزووی موسڵیح جەلالی نووسیویەتی و هاتووە بۆ تیمارکردنی برینە بەناسۆرەکانی ناوبراو، مێژووی شێواندووە. لینین، کاوتسکی بە سەگێکی نابینای بەرەڵا ناو دەبات، لە سۆنگەی ئەوەوە لە مارکسیزمدا، تەنیا بایەخ بەو لایەنانە دەدات کە بۆرژواکان ڕەتی ناکەنەوە، وەک ڕەخنەگرتن لە چاخەکانی ناوەڕاست، ئەو لایەنانەیش فەرامۆش دەکات، کە بۆرژواکان زەندەقیان لێی چووە، وەک شۆڕشی پرۆلیتاریا، سەرۆکی نووسەرانیش هەموو ڕەوتاری فاشیستانەی ڕژێمی لە بیری خۆی و نووسەران دەبردەوە و باسی هەڵوێستی جوامێرانەی تاریق عەزیز، شەفیق کەمالی، موسڵیح جەلالی و شێخ سەتتاری دەکرد، تەنانەت بە نووسینیش، بەبێ شەرمکردن و بەبێ پێچوپەنا، هەمان بیروڕای دەربڕیوە.(١)

سەرۆکی نووسەران بۆ چاوبەست و فریودانی نووسەران، بە هاوکاری لەگەڵ نوێنەرانی ڕژێمدا، نیمچەگۆڕینێکی هێنایە ئاراوە و سێ ئەندامەکەی تری دەستەی بەڕێوەبەری بەغدایشی بە ترساندن و خەڵەتاندن و دەستکەوت فریو دا، پاشان بانگەوازێکی بڵاو کردەوە، تێیدا نووسەرانی کوردی بۆ کۆبوونەوەی ١١ و ١٢ی کانوونی دووەمی ١٩٨٣ی هەولێر بانگ کرد. سەرۆکی نووسەران، شێخ سەتتار و عەبدولئەمیر مەعەلـلە سەرۆکایەتیی کۆبوونەوەکەیان دەکرد، سەرەتا عەبدولئەمیر مەعەلـلە کە چونکە گفتی ئەوەی لە سەرۆکی نووسەرانەوە پێ درابوو، هەموو نووسەرانی کورد قایلن بە یاساکەی ڕژێم و بە هەڵوەشاندنەوەی ی. ن. ک، بۆیە بە دڵنیایییەوە گوتی: (داوای لێبوردن دەکەم کە ئیستیمارەی تەواوم لەگەڵ خۆم نەهێناوە، تا هەر ئێستا پڕیان بکەنەوە.) پاشان سەرۆکی نووسەران گوتی: (من وام پێ باشە هەموومان بەم یاسایە ڕازی ببین، چونکە ڕازینەبوونمان تووشی گەلێک چەرمەسەری و گێرمەوکێشە و تەنگوچەڵەمەمان دەکات، بەڵام ئەگەر ئێوە قایل نەبن، ئەوا منیش ناچارم لەگەڵ ئێوەدا بم.) کاوتسکی سەرزارەکی کەسی لە خۆی بە مارکسیتر نەدەزانی، بەڵام وەک هەڵوێست، دژی ڕۆح و کرۆکی مارکسیزم و خزمەتکارێکی ملکەچی بۆرژوا بوو، سەرۆکی نووسەرانیش هەرچەندە دەیگوت: من لەگەڵ مانەوەی یەکێتیی نووسەرانی کورددام، بەڵام بە کردەوە، سەرەکیترین ڕۆڵی لە هەڵوەشاندنەوەیدا بینی، ئەمەیش ئاواتێکی دێرینی ڕژێم بوو.

دوای خۆبەدەستەودانی ئاشکرای سەرۆکی نووسەران، هەموو نووسەرە کوردە ڕژێمپەرستەکانیش، ڕازیبوونی خۆیان ئاشکرا کرد، چەند نووسەرێکی تریش بیروڕای خۆیان لەسەر یاساکە دەربڕی، ئەو نووسەرانە تەنیا لە هەولێر وەک بێلایەن هەڵسوکەوتیان کرد، ئاخر پاش دوو ڕۆژ، لەبەردەم پارێزگار و بەرپرسی بەعسییەکانی سلێمانیدا، سەنگەری ڕژێمیان هەڵبژارد. هەر لە سەرەتاوە بۆم دەرکەوت، ئەم کۆبوونەوەیە تەڵەیە و دەیانەوێت پێوەی ببین، بۆیە پێشنیازم کرد، یاساکە پێویستی بەوە نییە مشتومڕی لەسەر بکرێت، چونکە ئاشکرایە و نووسەری وریا نەک هەر بەم یاسایە، بەڵکوو بە یاسایەکی چاکتریش ناخەڵەتێت و لەگەڵ ئەم ڕژێمەدا، ئەوەندەی ئەزموون هەیە کە بڕوای پێ نەکات، کەواتە گرنگ ئەوەیە وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە، ئایا نووسەرانی کورد بە هەڵوەشاندنەوەی یەکێتییەکەیان قایلن؟ هەروەها گوتم: ئەوی دەچێتە هەر سەندیکا و حیزبێکەوە، سەرەتا پێڕەو و پرۆگرامەکەی پەسەند دەکات، پاشان داوای بوون بە ئەندام دەکات، ئێمە کە یاسا و پێڕەو و پرۆگرامی یەکێتیی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق ڕەت دەکەینەوە و خواستەکانی خۆمانی تێدا نابینین، ئیتر چۆن دەبین بە ئەندام تێیدا؟ ئێمە خۆمان یەکێتییەکی سەربەخۆمان هەیە و تاوانێکی مێژوویییە، دەستبەرداری ببین و بچینە ناو نەقابەیەکی زەردەوە. عەبدولئەمیر مەعەلـلە سەری لەم قسانە سووڕ ما، ڕووی کردە سەرۆکی نووسەران و پێی گوت: (ئەم قسانە چین! ئەدی تۆ لە بەغدا نەتگوت، هەموو نووسەرانی کوردم ڕازی کردووە!)

سەرۆکی نووسەران کەوتە هەڕەشە و گوڕەشە و تۆقاندنی نووسەران و داوای لێ کردن کە ڕازی ببن و چیمان دەوێت، لە کۆنگرەی یەکێتییە عیراقییەکەدا داوای دەکەین. ترۆتسکی دەڵێت: (بۆرژوای بچووک لەبەردەم ڕووداوە گەورەکاندا زەندەقی دەچێت و تەنیا هەست بە کۆسپ و تەگەرەکان دەکات و زمانی ترس تاقە دەستمایەیەتی، چونکە دەزانێت بە ترساندن دەتوانێت هەستی خەڵک ببزوێنێت.)(٢) لینین دەبێژێت: (کۆمەڵەی سەد ڕەشەکە، گەلێک لە مەنشەفیکەکان ئابڕوومەندترن، چونکە سەد ڕەشەکە بە گرتن و ئازاردان و کوشتنی کرێکاران کارێک دەکەن، پرۆلیتاریا هەڵوێستی شۆڕشگێڕانە بنوێنن و بەرەو گەرمەی خەباتی چینایەتی بچن، بەڵام مەنشەفیکەکان پرۆلیتاریا لە خەبات سارد دەکەنەوە و سەری پێ نەوی دەکەن.) ئەگەر ڕژێمی بەعس سەد ڕەشەکە بن و نووسەرانیش کرێکارانی ڕووس، ئەوا سەرۆکی نووسەران لە باشترین دۆخدا، ڕۆڵی مەنشەفیکەکانی دەبینی.

پاش هەڕەشەی سەرۆکی نووسەران، عەبدولئەمیر مەعللە گوتی: (ئێمە نیازمان پاکە و ئەگەر یاساکەیش کەموکووڕیی تێدا بێت، ئەوا لە بیرمان چووە.) لێرەدا ناچار بووم بڵێم: ئەوی هیچیش لە سیاسەت نەزانێت، پازدە ساڵ لە تەمەنتان فێری ئەوەی کردووە، بڕوای بە نیازپاکیتان نەبێت. بەم شێوەیە بەبێ ئەوەی بگەینە ئەنجام، کۆبوونەوەی یەکەم ڕۆژی هەولێر دوایی هات. بۆ سبەینێ ١٢ی ١ی ١٩٨٣ جێگری سەرۆک یادداشتێکی ئامادە کرد، کرۆکەکەی دەیگوت: (ئێمە بە هەڵوەشاندنەوەی ی. ن. ک قایلین و هەندێک داخوازیمان هەیە، دەیانخەینە بەردەمی کۆنگرەی ئەدیبان و نووسەرانی عێراق،) بەڵام یادداشتەکە لە فریودان بەولاوە هیچی تر نەبوو، چونکە:

* داخوازییەکان هیچیان پێشنیازی هیچ کام لەو نووسەرە ترسنۆکانە نەبوون کە ئیستیمارەیان پڕ کردەوە، بەڵکوو هی ئەو نووسەرانە بوون، کە ملیان کەچ نەکرد و ئیستیمارەیان پڕ نەکردەوە، بۆیە ئەو نووسەرانە دەچنە کۆنگرە داکۆکی لە داخوازییەک ناکەن کە خۆیان خاوەنی نەبن.
* گریمان لە کۆنگرەدا داکۆکییان لەو پێشنیازانەیش کرد، کۆنگرە دەسەڵاتی ئەوەی نییە، ئەو پێشنیازانە بکات بە یاسا، ئەگەر بوون بە یاسایش، لە عێراقدا چی لەوە ئاسانترە ڕژێم لە بەڵێنەکانی پاشگەز ببێتەوە. سەرۆکی ڕژێم لە گەشتێکیدا، لەژێر چادرێکدا، لە یاسای کۆمەڵەی هەرەوەزی جووتیاران پاشگەز بووەوە و گوتی: (من خۆم یاسا دادەنێم و خۆیشم کەی ویستم هەڵیدەوەشێنمەوە.)

* زۆربەی ئەندامانی کۆنگرە، ئەگەر نەڵێم هەموویان، لە کورد و عەرەب و پێکهاتەکانی دیکە، سەر بە ڕژێم دەبن، کەواتە هەر پێشنیازێک دژی خواستی ڕژێم بێت و نووسەرێکی ترسنۆک بوێرێت بیخاتە پێش چاو، بە دەنگدان نایباتەوە، بۆیە ماقووڵ نییە، ئینسان بچێتە شەڕێکەوە، پێشەکی لەوە دڵنیا بێت، دەیدۆڕێنێت.
* ئەو نووسەرانەی باس لەوە دەکەن ئەگەر داخوازییەکانیان جێبەجێ نەکران، کۆنگرە بەجێ دەهێڵن، ڕاست ناکەن، چونکە هەر ئەوانە لە میهرەجانی نالیدا، (٢ تا ٤ی کانوونی دووەمی ١٩٨٣) کە دوو نووسەری نابەرپرس گوتیان: کورد کەرە، من داوام لێ کردن و پێم گوتن: (ئەگەر خۆتان بە کورد دەزانن، وەک دەربڕینی ناڕەزایی هۆڵەکە بەجێ بهێڵن!) بەڵام نە هۆڵیان بەجێ هێشت و نە ورتەیان کرد، ئیدی لە بەغدا بە ئامادەبوونی سەرۆکی ڕژێم، چاوەڕێی هەڵوێستی چاکیان چۆن لێ دەکرێت، بە مەرجێک لە فێستیڤاڵی نالیدا، شوێن سلێمانی بوو، تەنیا دوو سیخوڕیش لە دەرەوەی هۆڵەکە بوون.(*)

ئەم خاڵانەی سەرەوە ئەوە دەچەسپێنن کە یادداشتە بێجگە لە چاوبەست هیچی دیکە نەبوو، بۆیە لە پێناوی بەتاڵکردنەوەی پیلانەکەدا پێشنیازم کرد: پێویستە نەبین بە ئەندام لە یەکێتییە عێراقییەکەدا، تا چی داخوازیمان هەن، جێبەجێ نەکرێن. سەرۆکی نووسەران و جێگرەکەی بە توندی ئەو پێشنیازەیان ڕەت کردەوە، هەرچەندە نووسەران داوایان کرد، پێشنیازەکەم بخرێتە دەنگدانەوە، بەڵام سەرۆکی نووسەران گوتی: (من سەرۆکی ئەم کۆبوونەوەیەم و بەپێی ئەو دەستوورەی لە هەموو دونیادا پێڕەو دەکرێت، ماوە نادەم بخرێتە دەگدانەوە،) کەچی هەر کە شێخ سەتتار پێشنیازی ئەوەی کرد، دوور نییە کات ماوەی جێبەجێکردنی داخوازییەکان نەدات، بۆیە با هەڵیانبگرین بۆ کۆنگرە، ئەگەر لەوێ جێبەجێ نەکران، کۆنگرە بەجێ دەهێڵین، سەرۆکی نووسەران بەبێ یەکودوو، پێشنیازەکەی شێخ سەتتاری خستە دەنگدانەوە، چونکە هەردووکیان کۆرسی یەک گۆرانیبێژ بوون. تەنانەت کاتێک شێخ سەتتار لە کۆبوونەوەکە تۆرا، بەپەلە بە دوایدا چوون و هێنایانەوە، کەچی کە پێش شێخ سەتتار، نووسەرێکی تر هۆڵەکەی بەجێ هێشت، سەرۆکی نووسەران بە دوای ئەویدا نەنارد.

سەرۆکی نووسەران لەم کۆبوونەوەیەدا، بە مەبەستی ترساندنیان ئەو نووسەرانەی ناونووس کرد کە بەرەنگاری پیلانەکەی ڕژێم بوونەوە و وەک ئامێرێکی سەر بە دەزگا سەرکوتکەرەکانی ڕژێم، هەڵسوکەوتی دەکرد و تەنیا ئەوەی مابوو بڵێت: کێ دژی ڕژێمە با دەست بەرز بکاتەوە. تەنانەت نووسەرێک گوتی: (گەییشتمە ئەو ئەنجامەی کە سەرۆکی نووسەران، لە کاروبار و شێوازی سیخوڕیدا، گەلێک لە جاسووسە دێرێنەکانی ڕژێم وریاترە، با خۆیشی دەرکی پێ نەکردبێت و مەسەلەکە هەر سەلیقە بێت.)
*
(١) لە پێناوی یەکێتیی نووسەرانی کورددا، گۆڤاری نووسەری کورد، ژمارە: ١١ لاپەڕە ١٦٤ بەغدا.
(٢) تروتسکی، الثوره‌ الروسیه‌ لاپەڕە ٨٤٨
(*) ئەو ئەدیبانەی هۆڵەکەیان بەجێ هێشت، ئەوانە بوون کە دەستەمۆ نەبوون.