كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×
جەمال عەبدوڵا 13/07/2021

تۆ پەلە مەكە با خاوەنی تەڵەكە بێت!

نازانم موناسەبە چییە و بۆچی ئەمڕۆ ئەم چیڕۆكەم بە خەیاڵدا ھات، دەگێڕنەوە لە یەكێك لە گوندەكاندا گورگێك فێربووبوو ڕۆژانە مەڕێكی ئەو گوندەی دەبرد، كار گەیشتە ئەوەی خەریك بوو مەڕی ئەو گوندە نیوە بكات، ئیتر خەڵكی گوند ناچار بوون تەكبیرێك بكەن، ھەرچەندە بەشێك لە خەڵكی گوند بە نۆرە كەمینیان بۆ ئەو گورگە دادەنا، بەڵام بەردەست نەدەكەوت كەسێكی دنیادیدەی گوندەكە گوتی ڕاوەستن بۆ من، ئەو كەسە ھەڵسا تەڵەیەكی مەحكەمی لە دامێنی گوند بۆ ئەو گورگە دانا.

ڕۆژێك تەڵەكە بە گورگەكەدا تەقییەوە و خراپ دەستوقاچی پێوە بووبوو، ھەرچەندی دەكرد نەیدەتوانی خۆی لەو تەڵەیە دەرباز بكات، لەو كاتەدا ڕێوییەك بەلای گورگی بەتەڵەوەبوودا ڕۆیشت، گورگ بانگی ڕێوی كرد و گوتی: "ئەھا لە چ حاڵێكی خراپ دام، تۆ ڕێویت و زیرەك و فێڵبازیت، وەرە ئەم پیاوەتییەم لەگەڵ بكە و لەم تەڵەیە نەجاتم بدە"، ڕێویش جگە لەوەی كە نەچوو بەدەم گورگەوە و دەیزانی بۆچیش ناچێت، بە گورگی گوت: "حاڵت چیەتی؟ حاڵت زۆر باشە! گورگ لە وەڵامدا گوتی ئەمە حاڵم باشە كە دەستوقاچم بووە بە تەڵەوە و ھەموو گیانم بووە بە خوێن؟".

ڕێویش گوتی: "بەڵێ زۆر باشیت جارێ خراپەكەت نەدیوە، ڕاوەستە و پەلە مەكە با خاوەنی تەڵەكە بێت و بزانێت و بتبینێت كە بوویت بە تەڵەوە، ئینجا بەزم خۆش دەبێت، چونكە كە خاوەن تەڵە ھات جگە لەوەی باش دەتبەستێتەوە، ئینجا با بە برینداری بەناو گونددا بتگێڕێت و كاسەیەك خۆڵ و دۆت بەسەردا بكات و منداڵە وردكەی گوندیش ھەریەك لە لایەكەوە گاڵتەت پێ بكەن و ئینجاش دواتر بەو كەسەرەوە بمریت، ئا ئەوە حاڵە خراپەكەیە و من ھیچم بۆ تۆ پێناكرێت و خوا شیفات بدات!".