کچێک: ئامۆزاکەم هەڕەشەم لێ دەکات، سزاکەی چییە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

کچێک: ئامۆزاکەم هەڕەشەم لێ دەکات، سزاکەی چییە؟

بە بێزارییەوە دەیگێڕایەوە و دەیگوت: "زۆری نەمابوو دایکم لەداخان بمرێت، چونکە هەموویان دەیانگوت خەتای دایکتە، لەکاتێکدا دایکم هەرگیز پێی خۆش نەبوو، کە من شوو بەو کوڕە بکەم".

شەوبۆ، کچێکی تەمەن ٢١ساڵە، لەدوای دەرچوونی لە پۆلی دوازدە، باوکی رێگەی پێ نەداوە خوێندن تەواو بکات و نەیهێشتووە بچێت بۆ زانکۆ. ئەو کچە ئێستا لەژێر هەڕەشەی کوڕی مامی دەژیت.

شەوبۆ گێڕایەوە: "تەمەن پازدە ساڵ بوو، کاتێک کوڕی مامم گوتی، دەبێ شووم پێ بکەی، منیش پەیوەندیم لەگەڵ دانا، بەڵام کاتێک تەمەنم گەورەتر بوو، زانیم کوڕێکی زۆر دڵپیس و رەفتار توندە، بۆیە بڕیارم دا لێی جیا ببمەوە و پێم گوت من و تۆ بەیەکەوە ناگونجێین".

شەوبۆ، ئێستا لە دۆخێکی خراپدایە، وەك دەڵێ: "ئەو کوڕە بەردەوام هەڕەشەم لێ دەکات و دەڵێت، شوو بە هەر کەسێک بکەی دەیکوژم، بە ئۆتۆمبێل بە بەردەرگاماندا هاتوچۆ دەکات. سەرەڕای هەڕەشەکانی مامەکانم دەڵێن، خەتای دایکتە، لەکاتێکدا دایکم هیچ خەتایەکی نییە".

ئەم کچە داوای هاوکاری دەکات، بەڵام کاتێک پێم گوت سکاڵا تۆمار بکات، گوتی: "ناتوانم سکاڵا تۆمار بکەم، چونکە باوکم لەوە زیاتر تووڕە دەبێت و ئەمجارە بە یەکجاری نێوانی لەگەڵ دایکم تێکدەچێت، منیش نامەوێ چیتر دایکم بەهۆی منەوە فشاری بخرێتە سەر".

دایکی شەوبۆ سەبارەت بە پاڵپشتیکردنی کچەکەی دەڵێت: "ئەو منداڵ بووە کە پەیوەندیی داناوە، ئێستا دەزانێ هەڵەی کردووە، ناکرێ لەسەر ئەوە ژیانی کچەکەم بفەوتێنن. من بە هەموو جۆرێک لەگەڵ کچەکەمم، بەڵام ئەوەی ژیانمانی تێکداوە ئەوەیە، کە باوکی لەگەڵ ئێمە نییە و هەموو شتێ بە قسەی براکانی دەکات".

شەوبۆ ئێستا دەڵێت: "ناتوانم هاوسەرگیری بکەم و ئاژاوە کەوتووەتە ماڵمان، ئەم کوڕەش بەردەوام هەڕەشە دەکات، باوکیشم لەجیاتی لەو تووڕە بێت، قسە بە ئێمە دەڵێت، من نازانم چی بکەم".

بەپێی ماددەی (٩) لە یاسای باری کەسێتی، رێگریکردن لە هاوسەرگیری بە تاوان ئەژمار دەکرێت. هەروەها بەپێی ماددەی (٤٣٠) لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە (١١١) ساڵی ١٩٦٩، هەر کەسێک هەڕەشە لە کەسێکی دیکە بکات، سزا دەدرێت بە بەندکردن، کە لە ٧ ساڵ زیاتر نەبێت.

ئەگەر هەر کەسێک هەڕەشە لە کەسی بەرامبەر بکا، جا بە ئەنجامدانی تاوانێک بێت لە دژی کەسەکە خۆی، یان یاخود ماڵی کەسەکە، یان لە دژی ماڵ و کەسێکی تر غەیری ئەو، یاخود گەر هەڕەشەی لێ کرد، بە تۆمەتدانە پاڵ بە چەند کارێکی ئابڕووبەرانە، یان هەڕەشەی درکاندنی کارێکی ئابڕووبەرانەی کردووە لەبەرامبەردا، داوای ئەنجامدانی کارێک، یان ئەنجام نەدانی کارێک بکات، بە هەمان ئەو سزایەی سەرەوە سزا دەدرێت. ئەگەر کەسێک هەڕەشە بکا و هەڕەشەکەش لە ڕێگەی نامەوە بێت، بێ ئەوەی ناوی ئەو کەسەی نامەکەی ناردووە بزانرێت، یاخود درابێتە پاڵ کۆمەڵەیەکی نهێنی، کە دەکرێت هەبن یانیش تەنیا گومان بێت.

یەکێک لە کێشەکانی ئەو ئافرەتانەی لەژێر فشار و هەڕەشەدان ئەوەیە، کە بەشێکی زۆریان ناتوانن سکاڵای یاسایی تۆمار بکەن، ئەمەش بە هۆکاری جیاجیای کولتووری، وەکوو ئەوەی، کە بە شوورەیی دەزانن کێشەکانیان بڕواتە دادگا.