باسکردنەوەی پرسی چارەسەری لە باکووری کوردستان ئۆپۆزسیۆن و حكوومەتی ڕووبەڕووی یەكتر كردووەتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

باسکردنەوەی پرسی چارەسەری لە باکووری کوردستان ئۆپۆزسیۆن و حكوومەتی ڕووبەڕووی یەكتر كردووەتەوە

لە ساڵی ٢٠١٣ رەجەب تەیب ئەردۆغان، پرسی چارەسەری لە توركیا هێنایە بەرباس، کە ئەوە بۆ یەكەمجار بوو لە مێژووی توركیا سەرۆكێك بە دەنگی بەرز و لە ئامەد بڵێت "لە توركیا كێشەیەك هەیە بە ناوی كێشەی كورد، دەبێت لەسەر دەستی من چارەسەر بكرێت" كە پێشتر هیچ سەرۆكێكی توركیا ئەو بوێرییەی نەبووە باس لە چارەسەركردنی كێشەی كورد بكات. لە دوای هەوڵی كودەتاكەی ١٥ی تەمووزی ٢٠١٦ لە توركیا، ئەردۆغان پرسی چارەسەری لەبار برد و گوتی شتێك نییە بەناوی كێشەی كورد، بەڵام هەفتەیەكە دیسان ئەو پرسە بووەتەوە پرسێكی گرنگی ئەردۆغان و ئۆپۆزسیۆنی توركیا و باكورییەكان.

لە پرسی چارەسەریدا، ئەردۆغان و پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) لەسەر ئەوە رێك كەوتن كە لە دەستووری توركیادا هەموو ئەو مادانە جێگیر بكرێن كە لەسەری رێك دەكەون، دیارترینیان چۆنیەتیی دانانی چەك بوو لە لایەن پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)ەوە، بەڵام لە ماوەی ٢٤ سەعاتدا هەموو پرۆسەكە گۆڕا و ئەو پرسە كۆتایی پێهات.

دوای هەوڵی كوودەتای ١٥ی تەمووزیش، ئەردۆغان توندتر بوو بەرامبەر بە چارەسەركردنی كێشەی كورد و گوتی لە توركیا كێشەیەك نییە بەناوی كێشەی كورد، ئەوەی هەیە كێشەی تیرۆرە.

هەر دوای ئەوە پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە)، داوای كرد سیستەمی توركیا لە پەرلەمانییەوە ببێتە سەرۆكایەتی، ئەمەش وەكوو دیارییەك و موژدەیەكی گەورە بوو بۆ ئەردۆغان، چونكە ساڵانێك بوو دەیویست سیستەم بكاتە كۆماری، بەڵام لەناو پەرلەمان وەكوو پێویست دەنگی نەبوو تا دەستورر هەموار بكەنەوە، بۆیە لە مەهەپە نزیك بووەوە و بوونە هاوپەیمان و توانیان دەستوور هەموار بكەنەوە و لە راپرسییەكدا بە ٥٢٪ی دەنگی گەلی توركیا توانیان سیستەمی وڵات بكەنە كۆماری.

نزیكبوونەوەی ئاكەپە و ئەردۆغان لە مەهەپە، وای كرد لە كورد دوور بكەونەوە، چونكە یەكێك لە مەرجەكانی مەهەپە بۆ پشتگیریكردن لە سیستەمی سەرۆكایەتی، لەناوبردنی پرسی چارەسەری بوو، هەروەها داخستنی هەدەپە و فشار بوو لەسەر ئەو پارتە، ئەردۆغانیش بەو مەرجانە رازی بوو و پشتی لە كورد كرد.

بەڵام ماوەی سێ ساڵە، هەموو دەزگاكانی راپرسی كۆكن لەسەر ئەوەی دەنگی ئاكەپە و ئەردۆغان لە باكووری كوردستان بەرەو كەومبوونەوە دەچێت، هۆكارەكەشی روونە، پشتكردنی ئەردۆغانە لە كورد و كۆتاییهاتنی پرسی چارەسەرییە.

لە لایەكی ترەوە، مەهەپەی هاوپەیمانی ئاكەپە دەنگەكانی زۆر كەمی كردووە، كە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ناتوانێت هاوكاری ئەردۆغان و ئاكەپە بێت تا هەڵبژاردن ببەنەوە، بۆیە تاكە رێگەی بردنەوە و بوون بە سەركۆماری توركیا نزیكبوونەوەی ئەردۆغان و ئاكەپەیە لە كورد.

ئەردۆغان چەند رۆژێك بەر لە ئێستا چووە ئامەد و لەوێ هەدەپە و پەكەكەی تۆمەتبار كرد، بەوەی ئەوان بوون پرسی چارەسەرییان كۆتایی پێهێناوە نەك ئاكەپە، ئەمەش دەریدەخات كە مەیلی هەیە ئەو پرسە بهێنێتەوە بەرباس.

ئەگەر سەیری وتارەكانی عەبدولقادر سەلفی زۆژنامەنووسی نزیكی ئەردۆغان و رۆژنامەكانی سەر بە ئاكەپە (یەنی شەفەق، تەقویم، خەبەر تورك و حوریەت) بكەین، بە ئاشكرا دەڵێن پرسی چارەسەری دێتەوە بەرباس، بەڵام نەك لەگەڵ هەدەپە و پەكەكە، بەڵكوو لەگەڵ كوردەكانی باكوور وەكوو (مامۆستای زانكۆ، نووسەر و رۆشنبیر و رێكخراوە مەدەنییەكان).

زۆرجار ئەو پرسیارە دەكرێت ئەگەر كورد پشت لە ئەردۆغان بكات، ئایا ئەردۆغان هەڵبژاردن دەدۆڕێنێت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دەكرێت بڵێین بەڵێ، بەڵام دەبێ نموونەشی بۆ بهێنرێتەوە.

یەكەم لە هەڵبژاردنی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥، كورد لە باکووری کوردستان پشتیان لە ئاكەپە كرد و وەكوو پێویست دەنگیان پێی نەدا، بەتایبەت كوردە موحافیزكارەكان، دەركەوت ئاكەپە بۆ یەكەمجار دوای ١٣ ساڵ زۆرینەی پەرلەمانی لەدەست دا.

لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩ش، كاتێك كورد لە ئیستەنبۆڵ و ئەدەنا و مێرسین و ئەنقەرە و ئەنتاڵیا پشتیان لە ئاكەپە كرد، كاندیدی ئۆپۆزسیۆن سەركەوتنی لەو شارانە بەدەست هێنا، ئەمانە دوو نموونەی دیار و بەرچاون.

ئەردۆغان دەزانێت دەنگی كورد چەند گرنگە، دەزانێت دەنگی كورد ئەو دەكاتەوە بە كەسی یەكەمی توركیا، بۆیە هاتووەتەوە ئامەد و دەڵێت من لەگەڵ ئەوەدا بووم پرسی چارەسەری ئەنجامی هەبێت، بەڵام تێكیان دا.

ئەوەی وای كرد ئەردۆغان پەلە بكات لە هاتنی بۆ ئامەد، نزیكبوونەوەی پارتی گەلی كۆماری (جەهەپە) بوو لە كوردەكانی باكوور، چونكە ئەو پارتە كە گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی توركیایە، لیژنەیەكیان پێكهێناوە بۆ سەردانی باكووری كوردستان و لە نزیكەوە لەگەڵ كورد قسە دەكەن و دەڵێن ئێمە بێینە سەر دەسەڵات، كێشەی كورد چارەسەر دەكەین.

جەهەپە بەڵێنی داوە، ئەگەر بێنە سەر دەسەڵات، لە ماوەیەكی كەمدا لە دەستووری توركیادا كێشەی كورد چارەسەر دەكەن، تا ئەگەر هەر پارتێك بێتە سەر دەسەڵات نەتوانێت پرسی كورد وەلا بنێت و یاسای تایبەتی بۆ دەردەكەن.

ئەم هەنگاوەی جەهەپە ئەردۆغانی هان داوە تا لە كورد نزیك ببێتەوە و بڵێت وەكوو چۆن پێشتر بەڵێنم دابوو كێشەی كورد چارەسەر بكەم، ئێستا پرسی چارەسەری لە لە چەقبەستووییەوە دەرەوە و بە یەكەوە بەركاری دەهێنن بەر لەوەی بۆگەن ببێت.