كۆتایی چیرۆكەكە... كۆتایی پەیدابوون
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەبار جەمال غەریب 12/07/2021

كۆتایی چیرۆكەكە... كۆتایی پەیدابوون

مردنی یوسف
چیرۆكەكان بە ژیان دەست پێدەكەن و بە مردن كۆتاییان دێت، ئیبراهیم بۆ گەیاندنی پەیامی خودا لەدایك دەبێ، ئیسحاق جێگای دەگرێتەوە، دوای ئەو، چیرۆكی ژیانی یاقووب دەست پێدەكات، پەیدابوون بەشی یەكەمی تەورات، چیرۆكی دروستبوونی دنیایە، واتا تەورات بە چیرۆكی لەدایكبوونی دنیا دەست پێدەكات، بەڵام لە مردنی دنیایی، یان كۆتایی دنیای نەنووسیوەتەوە، بەڵكوو كۆتایی نینشانەكانی دیاری كردووە، كۆتایی یان مردنی هەر پێغەمبەرێك مردنی سەردەمێكیشە، واتا:
- یەكەم كاری تەورات دروستكردنی دنیا یان جیهانە.
- دووەم كاری تەورات دروستكردنی مرۆچەیە.
تا تەواوی مرۆڤ نەپێچێتەوە دنیا هەر دەمێنێ.

كۆتایی پەیدابوون
یاقووب گوتی:
{من دەچمە پاڵ گەلەكەی خۆم، لە لای باووباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشكەوتەی لەناو كێڵگەكەی عەفرۆنی حییتییە، كە ڕووە و مەمرێیە لە خاكی كەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ كێڵگەكە لە عەفرۆنی حیتی كڕی، هەتا بۆ گۆڕ ببێتە موڵك، ئیبراهیم و سارا لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لیئەم ناشت. كاتێك یاقووب لە ڕاسپاردەكەی تەواو بوو، دواهەناسەی دا. تەورات، پەیدابوون، لاپەڕە ٥٠}.

چیرۆكی ئیبراهیم، كۆچكردن و بت شكاندن و ژنهێنان و نەوە خستنەوەی، بڵاوكردنەوەی پەیامەكەی و ڕێكخستنەوەی نەتەوەكەی، بە مردن كۆتایی دێت، ئیسحاق دوای ژیانی سەختی بیابان و ململانێی كوڕەكانی، تا چیرۆكی خەمناكی یاقووب، هەموو ئەوانە بە مەرگ كۆتاییان هات.
- مەرگ خاڵێك لە كۆتایی جەستەی ئینسانێك دادەنرێ، بەڵام ژیانی پەیامبەر لەدوای مردنیش بەهۆی پەیامەكەیەوە درێژ دەبێتەوە، تا ئاوێتەی تەمەنی نەوەی هاتوو دەبێ.
- پەیامی ئیبراهیمە دەگاتە دەست ئیسحاق و ڕاسپاردەكانی ئیسحاقیشە دەبێتە بەرنامەی ژیانی یاقووب.
- هەرچەند نەوەكان لە سەرچاوەی بەدیهاتنیان دوورتر دەكەونەوە، ڕۆحیەتی فەساد لەنێوانیاندا زیاتر تەشەنە دەكات.

ڕۆحیەتی فەساد یان خراپەكاری
- ئەوە نەوەكانی ئیبراهیمن یەكتر دەكوژن، قابیل، هابیل دەكوژێ، تەنیا لەبەر ئەوەی دیارییەكەی ئەو لەلایەن خوداوە قبووڵ نەكراوە.
- ئەوە یاقووبە بەرەكەتی پیغەمبەرایەتی لە عیسۆی برا گەورەی داگیر دەكات و لە ماڵ هەڵدێت.
- كوڕەكانی یاقووب، كە نەوەی ئیسحاق و ئیبراهیمیشن، دڵڕقترین چیرۆكی خیانەت لە مێژوودا تۆمار دەكەن، ئەویش فڕێدانی یوسفی برا بچووكیانە بۆ ناو بیرێك، نەك هەر ئەوە، پێشتر شەڕ لەسەر كوشتنیشی دەكەن.

- دەكرێ ئەتواری كوڕانی پێغەمبەران بە ئەتواری تەواوی مرۆڤایەتی وەرگرین، بێ گومان بەڵێ، ترسناكترین كوشتنیان گرتووەتە ئەستۆ، كە كوشتنی برایە، خیانەتیان لە یەكتر كردووە، ئەوەش دەبێتە ڕەگێكی قووڵی ڕەوشتی ئینسانی و ڕۆژ بە ڕۆژ پەرەی پێدەدرێ.
- بابەتی ئەم وتارە هەم گەڕانەوەیە بۆ چیرۆكەكانی پێغەمبەران و هەم مەرگ خۆیەتی.

لاوانەوە و ناشتنی مردوو
{یوسف خۆی دا بەسەر باوكیدا و بەسەریدا گریا و ماچی كرد}. پەیدابوون، تەورات.
ئەگەر ئینسان دەگەڕێتەوە بۆ پەنای خودا، گریانی بۆ چییە؟ كە ئەو كەسە پلەی پێغەمبەرایەتیشی هەبێت؟ ئایا ئەوە ڕێگای ئەوەی خۆش نەكردووە بۆ خەڵكانی دیكە، كە مردووەكانیان بلاوێننەوە و غەمبار بن بۆ بەجێهێشتنی ئەو دنیایە؟ كە ئایین وەك دنیای فانی وێنای دەكات؟
{یوسف فەرمانی دا بە خزمەتكارە پزیشكەكان، كە باوكی مۆمیا بكەن، پزیشكەكانیش ئیسرائیلیان مۆمیا كرد، چل ڕۆژی پێ چوو، چونكە بە ئەوەندە ڕۆژە كاری مۆمیاكاران تەواو دەبوو، میسرییەكانیش حەفتا ڕۆژ بۆی گریان. تەورات، پەیدابوون}.

كولتوور و ناشتن
ئیبراهیم گۆڕی كڕیوە تا مردووەكانی تێدا بنێژێ، ئیسحاقیش هەر وای كردووە، بەڵام یوسف، یاقووب پێغەمبەری مۆمیا كردووە، كە نەریتی فیرعەونەكان بووە، مەبەست لە مۆمیاكردنیش مانەوەی مردووەكەیە بۆ كاتێكی زیاتر و مانەوەی رووخساریەتی وەك خۆی، تا ڕووحیانەتەكەی بیناسێتەوە، ئەو نەریتەی میسرییەكان مەبەستی ئایینی لەدواوەیە، كە هیچ لەگەڵ ئایینە ئیبراهیمییەكان ناگونجێ، بەڵام كولتوور بەسەر یوسفیدا سەپاندووە، هەرچەند یوسف نێردراوی خودا بووە، یاقووبیش یەكێكە لە پێغەمبەرە هەرە بەهەیبەتەكان. لە بەرامبەر ئەوەش، فیرعەون ڕێز لە ویستی باوكی یوسف دەگرێت و دەڵێت:
{ - بڕۆ باوكت بنێژە، وەك چۆن سوێندی داویت. تەورات}.
دوای مردنی باوكی، یوسف دڵنەوایی براكانی كرد، كە ئەوان زۆر لە تۆڵەكردنەوەی یوسف دەترسان.
{ - یوسف سەد و دە ساڵ ژیا}.

مردنی یوسف و پەیامی پیرۆز
یوسف بە براكانی گوت:
{ - من دەمرم، بەڵام خودا خۆی بەسەرتان دەكاتەوە، لەم خاكەوە دەتانباتەوە ئەو خاكەی بە سوێند بەڵێنی داوە بیداتە ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقووب. یوسف نەوەی ئیسرائیلی سوێند دا و گوتی: ”بێ گومان خودا بەسەرتان دەكاتەوە، دەبێ ئێوەش لێرەوە پرووسكەكانم ببەنەوە.. تەورات، كۆتایی پەیدابوون}.
یوسف مۆمیا كرا و هەر لە میسریش خرایە تابووتەوە.
بەپێچەوانەی ناونیشانەكەیەوە، پەیدابوون دوا بەشی هەموو مردنە و تاڵترینیشیان مردنی یوسفە.
بەشی دووەمی تەورات دەرچوونە، دەرچوون لە مردن و خاك و كۆیلایەتی، دەرچوون ناوێكی دیكەشی هەیە، ئەویش مووسایە، بۆیە خۆمان بۆ چیرۆكی مووسا ئامادە دەكەین.