دەركەوتنى (كورد)
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
كه‌یوان ئازاد 12/07/2021

دەركەوتنى (كورد)

یەكێك لەو باسانەی تا ئێستاش گفتوگۆ و مشتومڕى مێژوونووسان و توێژەران و كوردناسانى لەسەرە، دەركەوتنی نەتەوەی كوردە لە مێژوودا. هۆیەكەش ئەوەيە، لەلایەك ئەو كۆمەڵ و پێكهاتانەى لەنێوان هەزارەكانی سێیەم بۆ یەكەمی پێش زایین ژیاون، وەك (سووئی، لۆلۆبی، گوتی، كاشی، میتانی، ئورارتوو)، لەپاڵ ئەو كۆمەڵانەى كۆچیان بۆ كوردستان كرد، هیچیان ناويان (كورد) نەبووە.

لە لايەكى ديكەوە، تا ساڵى (224ز) ناوى (كورد) وەك (كورد) لە هیچ تۆمارێكی مێژووییدا نەهاتووە. هەر بۆیە نەك تەنیا مێژووی دەركەوتنی كوردی وەك نەتەوە خستووەتە ژێر پرسیارەوە؟ كێشەی بۆ ڕیشەی نەژادی كوردیش دروست كردووە. جارێك بەر لە هەزاران ساڵ دەیان كۆمەڵ و پێكهاتەی جیاجیا و بە ناوی جیاجیا لەسەر ئەم خاكە ژیاون، هەمووشیان لەلایەن زلهێزەكانی مێژووى كۆنەوە دژایەتی كراون و لێ دراون.

ئەمانیش لەسەر خاك و زێدی خۆیان بەرگرییان لە هەر شاڵاو و هەڕەشەیەك كردووە، كرابێتە سەر خاك و سامانیان. كار گەیشتووەتە ئەوەی، بۆ ڕاگرتنی ئەو شاڵاوە بەردەوامانەش لەسەریان، هێرش بكەنە سەر خاك و نیشتمانی ئەو زلهێزانە. بەو هۆیەشەوە، مێژووی ئەوان تێكەڵ بە مێژووی چەندین زلهێز و كۆمەڵى تر بووە. ئەمانەش ڕیشەی نەژادی كورديان قورستتر كردووە.

كاتێكیش چەندین كۆمەڵى ئاسیایی و ئەورووپایی بە هۆكاری جیاجیا ڕوویان لە كوردستان كرد و تێكەڵ بە ژیان و شارستانییەتى ئەو كۆمەڵانە و خاكی كوردستان بوون، زنجیرەیەك پەیوەندیی (سیاسی، ئایینى، ئابووری، كۆمەڵایەتی، فەرهەنگی،...تاد) سەریان هەڵدا.

بە بۆچوونی دەیان مێژوونووس و توێژەر و كوردناسیش، ئەو ڕووداو و گۆڕانكارییانەی هاتنە دی، هۆكارى دەركەوتنی چەندین پێكهاتەی نوێ بوون لە ناوچەكە، كە یەكێك لەوان (كورد) بوو، بێ ئەوەی ناوی (كورد) بێت. بەڵگەش بۆ ئەوە، گێڕانەوەی ڕیشەی نەژادی نەتەوەی كوردە بۆ ڕەگەزی ئاری، كە لقێكە لە كۆمەڵى (هیندوئەورووپى).

جیاواز لەو ڕایانەش، نابێت ئەوەش لەبەرچاو نەگرین كە لێكچوونێكى زۆر لەنێوان ریشەی زاراوەی (كورد) و زاراوەی (كردا)ى سۆمەریدا هەیە. هەردووكیشیان بۆ یەك مانا و چەمك دەگەڕێنەوە، كە (بەرز) یان (دانیشتوانی چیایی) بوون. هەر بۆیە زۆر پێدەچێت، زاراوەی (كورد) بۆ ناوی نەتەوەیەك، لە زاراوەی (كردا)ى سۆمەری وەرگیرابێت. هەموو دانیشتوانی كۆنى كوردستانیش (كردا) بووبن و دواتر بووبنە (كورد).

ئەمەو دواى هاتنی شەپۆلی خێڵە كۆچكەرەكانی ئاسیا و ئەورووپا، سیمای نەتەوەیی نەتەوەیەكیان وەرگرتبێت، كە دواتر پێی بڵێن (كورد) و لە ساڵى (224ز) چووبێتە تۆمارى نامەیەكی (ئەردەوانی پێنجەمی) پادشای ئەشكانی بۆ (ئەردشێرى كوڕى بابەكی كوڕى ساسان). لێرەوەش (كورد) وەك نەتەوەیەك دەركەوت و بوونى خۆى سەلماند. بەڵگەش بۆ نەتەوەبوونی كورد زۆرن، دیارترین بەڵگەكانمان، ئەم خاوەنداریەتییەی كوردەكانە لە مێژوودا:

1- نیشتمان: كوردستانی وڵاتی كوردان، هەزاران ساڵە خاكی رەسەنی كوردە. ئەگەرچی بەدرێژایی مێژوو داگیر كراوە و چاوی بێگانەی بەسەرەوە بووە، بەڵام بەردەوام تاك و خێزانى كورد، تا بە خێڵ و هۆز و تیرەكانی دەگات، بەرگرییان لە خاك و نیشتمانی خۆیان كردووە. ئەوانەیشی پشتیان كردووەتە خاك و نیشتمانی خۆیان، لای خودی كورد بە (خۆفرۆش) یان (خیانەتكار) ناسراون و بێزراون.

2- زمان: زمانی كوردی زمانی نەتەوەيی كورد بووە بە هەر (چوار) شێوە زارەكەى (كرمانجی ژووروو، كرمانجی خواروو، لوڕی، گۆرانی). زمانەكەیشى هۆكاری لەیەكگەیشتنی ناوچە و خێڵ و هۆز و تیرەكانى كورد بووە لەگەڵ یەكدا.

3- مێژوو: تاكەكانی كورد خاوەنی یەك مێژوو بوون و بە هەمووشيان ڕابردوویەكی شكۆداريان بۆ خۆیان دروست كردووە. ئەو مێژووەش بە یەك شێواز دروست بووە و بەدرێژایی رەوتەكەش بە یەك مەینەتی و خۆشییەوە هاتوون.

4- باوەڕ و ئایین: ڕاستە لە مێژوودا تێكڕای كورد خاوەنی یەك ئایین و ئایینزا نەبووە، بەڵام لە مێژووییەكی كۆنەوە، خەڵكی كوردستان دواى سروشتپەرستی، بووەتە بتپەرست و دواتر دوانەپەرست. دوا باوەڕ و ئایینیش (یەكتاپەرستی) بووە، كە باوەڕیان پێی هێناوە. ئەو ڕێچكەیەش بەڵگەی یەك باوەڕیى كورد بووە لە مێژوودا.

5- بەرژەوەندیی هاوبەش: تێكڕای كورد یەك بەرژەوەندیی تایبەتی و گشتی و یەك چارەنووس بوون. هەموویان ڕووبەڕووی یەك چارەنووس بوونەتەوە، كە لە قۆناغە جیاجیاكانی مێژوودا دووچاریان بووە.

لێرەوە دەگەینە ئەوەی، كە (كورد) سەرجەم پێكهێنەرەكانی بوون بە نەتەوەی تێدا بووە، بەڵام كێشەی سەرەكیی ئەوە بووە، كە لە كۆنەوە وەك (كورد) نەناسراوە و نەچووەتە تۆمارەكانی مێژووەوە. هۆكارێكی سەرەكیی ئەو كێشەیەش ئەوە بووە، كە خودی كورد، مێژووى خۆى نەنووسیوەتەوە، بەڵكوو تۆمارەكانی مێژووی ژیانی لەسەر خاكەكەی (كوردستان)، لەلایەن دراوسێ و نەیارەكانی و كۆمەڵ و پێكهاتەكانی دەرەوەی نووسراوەتەوە.

ئەوەش هۆكاری ئەوە بووە، نەك تەنیا مێژووەكەی، بەڵكوو ناوی پێكهاتەكانی، تا بە ناوی (نەژاد، خێڵ، هۆز، تیرە، گوند، شار، ناوچە، دەریاچە، ڕووبار، زێ، چیا، دۆڵ و دەشتەكانی)، وەك خۆى تۆمار نەكرێت و لەسەر زار و بە شێوەی دەربڕینی ئەو كۆمەڵ و پێكهاتە و نەتەوانە بنووسرێتەوە، كە لەسەر زاریان هاتووە. وەك ئەوەی (كردا) لای سۆمەرییەكان بووەتە (كوتی) لاى ئەكەدییەكان.

هەروەها (خوری) لای سۆمەرییەكان بووەتە (ئاراپخا) لای ئەكەدییەكان و (میتانی) لای سۆمەرییەكان. دیارە ئەگەر كورد خۆى ئەو مێژووەی بنووسیایەتەوە، ئەوا (كردا و كوتی) دەبوونە (كورد) و (خورى و ئاراپخا و میتانی) دەبوونە (خۆر)، نەك شتی تر.