هەبوو نەبوو، فراكسیۆنێك لە بەغدا هەبوو!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 11/07/2021

هەبوو نەبوو، فراكسیۆنێك لە بەغدا هەبوو!

ھەبوو نەبوو، فراكسیۆنێك لە بەغدا ھەبوو ناوی (هیوا) بوو! ئەم فراكسیۆنە تێكەڵەیەكی عەنتیكە بوو لەو ئەندام پەرلەمانە كوردانەی كە لە بەرامبەر مافە دەستوورییەكانی ھەرێمی كوردستان و لەناویشیاندا ماف و شاییستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و چۆنێتیی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021، وەك گرووپەكانی عەسائیبی ئەھلی حەق و نوجەبا و وەك ئەكرەم كەعبی و قەیس خەزعەلی بیریان دەكردەوە.

ئەم فراكسیۆنی ھیوابڕە، ئەوەندە بێھۆش كرابوون، ئیمزایان كۆ دەكردەوە و پرۆژەیان! ئامادە دەكرد تا ڕاستەوخۆ بەغدا خۆی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دابەش بكات. ئەم فراكسیۆنی ھیوا دەبەنگە، ئەوەندە بێھۆش كرابوون كە بە بەغدایان دەگوت خۆت ڕاستەوخۆ مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی كوردستان دابەش بكە، ئیتر ئەوەیان بیر چووبووەوە كە ئاخر خۆ نەوتی ھەرێمی كوردستان لای حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە نەك فراكسیۆنی ھیوا! ئێ كە نەوتی ھەرێمیش لای حكوومەتی ھەرێم بێت، ئیتر فراكسیۆنی ھیوا چۆن دەتوانێت نەوت بداتە بەغدا و بەغداش مووچەی ھەرێم بنێرێت؟

ئەم فراكسیۆنی ھیوایە، چونكە بیركردنەوەی سەردەستەی 16ی ئۆكتۆبەریان بەسەردا زاڵ كرابوو، داوای تەسلیمبوون و ھەڵكردنی ئاڵای سپیان لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە بەرامبەر عێراقدا دەكرد نەك ڕێككەوتن لەسەر بنەمای دەستوور. ئەم فراكسیۆنی ھیوایە، چونكە لە خەویشدا خەویان بە نەھێشتنی قەوارەی دەستووریی ھەرێمی كودستانەوە دەبینی، پێنجشەممە دەیانگوت ڕۆژی ھەینی ھەرێمی كوردستان نامێنێت، كە ھەینییش دەڕۆییشت و ھەرێمی كوردستان دەما، ئینجا دەیانگوت ئەوە بۆیە ڕۆژی ھەینی ھەرێم نەڕووخاوە، چونكە فراكسیۆنی ھیوا ڕۆژانی ھەینی پشوویەتی و پەلە مەكەن ڕۆژی شەممە ھەوڵ دەدەینەوە و بۆ یەكشەممە ھەرێمی كوردستان دەڕووخێت! ئینجا:  

دیسان ھەبوو نەبوو، برادەرێك ھەبوو، ھەر جارێك حكوومەتی ھەرێمی كوردستان شاندی دانوستانكاری دەناردە بەغدا بۆ گفتوگۆ و ڕێككەوتن لەسەر یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و جێگیركردنی ماف و شاییستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان لەو یاسایەدا، ئەو برادەرەش وەك ئەوەی گرێیەكی سەیری لە بەرامبەر حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەبێت، تەنانەت ڕێزی لەو چوار ئەندامەی ناو شاندی حكوومەت نەدەگرت كە لە حزبەكەی خۆی بوون بە سەرۆكی شاندەكەشەوە!

لەپڕ خۆی دەگەیاندە بەغدا و بە پەلەپرووزێ یەك دوو كۆبوونەوەی لەگەڵ یەك دوو كەسدا دەكرد و ئینجا كە دەھاتەوە سلێمانی، ئیتر منداڵە وردكە و ھەرچی و پەرچیەكانی ناو پەیجە ساختە و ڕاگەیاندنە شەق و شڕەكانی، بە بەژن و باڵای ئەو برادەرەدا ھەڵیان دەدا و بە خەڵكیان دەگوت خەمتان نەبێت ئەو برادەرە لە بەغدا زیكر و تەھلیلەیەكی كردووە كە دەتوانێت ئاسمانی كوردستان بە دینار و دۆلار دابپۆشێت.

ئینجا كە لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق و وەك جێبەجێكردنی یاسای بودجە عێراق بۆ ساڵی 2021  مستەفا كازمیی سەرۆك وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی 200 ملیار دیناری مانگانەی بۆ ھەرێمی كوردستان دا، ئەو برادەرە گوتی: ”ئەوە بە هیممەتی من بوو!“، بەڵام كە وەزیری دارایی عێراق لەبەر ھەر ھۆیەك بێت، ماوەیەك ئیمزای لەسەر ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە بۆ ھەرێم دوا خست، هەمان برادەر بە لاقرتێ و لەخۆباییبوونەوە و لەبەردەم مایكی ڕاگەیاندنەكاندا گوتی: ”ھھھھھھە بڵێم چی بەقوربان بەخوا ئیتر بۆ ئەمەیان دەبێت لە حكوومەتی ھەرێم بپرسن كە بۆچی ناردنی ئەو 200 ملیار دینارە بۆ ھەرێم دوا خراوە!“.

 واتە كە بڕیاری ناردنی 200 ملیار دینارەكە لە بەغداوە بۆ ھەرێمی كوردستان درا، ئەمەیان ھیممەتی ئەو برادەرەیە! بەڵام كە ناردنی ئەو بڕە پارەیە بۆ ھەرێمی كوردستان ماوەیەك دواكەوت، ئەمەیان حكوومەتی ھەرێمی كوردستانە! جا ئێستا 200 ملیارەكە خراوەتە سەر حسابی بانكی ھەرێم و  ئیتر نۆرەی منە كە لە بەرامبەر ئەو برادەرە و فراكسیۆنی ھیوادا بڵێم: ھھھھھھە خخخخخخ!