سروشت خۆى به‌خشنده و میهره‌بانه، ئه‌وه‌ى له‌سه‌ر گۆى زه‌وى هه‌یه به‌شى هه‌رچى بوونه‌وه‌ره ده‌كات، به مرۆڤ و ئاژه‌ڵه‌وه، به‌ڵام هه‌رچی هه‌یە و نییه له‌سه‌ر گۆى زه‌وى به‌شى چاوچنۆكیى تاكه یه‌ك كه‌س ناكات. بڕوانه ئه‌م هاوكێشه‌یه چه‌ند نه‌خۆشانه‌یه.
هه‌واڵى ناخۆش و نه‌خۆشانه ئه‌وه‌یه، كه له سه‌دا نه‌وه‌دى مرۆڤ دووچارى نه‌خۆشیى چاوچنۆكی هاتوون!
ماڵ و نوا، خواردن و ئاو و پڕپۆشى بۆ هه‌موان ده‌سته‌به‌ره. نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان به هه‌موو پڕوپووچیى خۆیه‌وه، پێوه‌رێكى داناوه ده‌یسه‌لمێنێت، له‌دواى بوونى ماڵ و نوا و ده‌سته‌به‌ربوونى خۆراك، شتێك نییه بیسه‌لمێنێت، كه بوونى پارە و داهات و سه‌رمایه مرۆڤ به خته‌وه‌ر ده‌كات، كه‌چى سه‌ره‌ڕاى ئه‌وه ده‌بینین هه‌موو مرۆڤایه‌تى به‌دواى بازاڕ و پاره و كه‌ڵه‌كه‌كردنى سه‌رمایه‌وه‌یه، وه‌ك ئه‌وه‌ى چاوچنۆكى یه‌كسان بووبێت به به‌خته‌وه‌رى!
به ڕاده‌یه‌ك، ئه‌گه‌ر كه‌سێك له‌ناو ئه‌م چه‌رخى چاوچنۆكییهدا ئیستێك بكات و ڕابوه‌ستێت و پرسیار له خۆى بكات، من بۆ ئه‌مه ده‌كه‌م؟
ئه‌و وه‌ڵامه‌ى له‌وپه‌ڕیدا پێی ده‌گات، ته‌نیا (نازانم)ه!
نه‌زانین، نازانم، نازانین، ئه‌و زنجیره‌یه‌یه، كه مرۆڤ و مرۆڤایه‌تیش بۆ شوێنێكى نادیار ڕاده‌كێشێت. له ڕاستیشدا نه‌زانین سه‌باره‌ت شتێك، خۆى وه‌ڵامه سه‌باره‌ت زانین!
بۆچى؟
له‌به‌رئه‌وه‌ى زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى پێیان وایه زۆر ده‌زانن، هه‌ر هیچ نازانن، ئه‌وانه‌ش كه پێیان وایه تۆزێك شت ده‌زانن، ده‌زانن هیچ نازانن!
زانین و نه‌زانین، نه‌زانین و زانین هاوكێشه‌ى ماریفهتى سه‌رده‌من!
سه‌رده‌مى كۆرۆنا خۆى وا ده‌كات زانست وه‌ڵام بداته‌وه و بڵێت: ئێمه نه‌زانین!
له به‌رامبه‌ر ئه‌م گومانه‌شدا، یه‌قینێك هه‌یە، كه باسى چیرۆكى زانایى ئێمه‌ى مرۆڤ ده‌كات، یاخود باشتره ناوى بنێین سه‌باره‌ت (خولیاى زانین)ى ئێمه‌یه. عه‌یامێكه فێر بووم گومانى خۆم نهگۆڕمهوه به یه‌قینى كه‌س.
لێره‌دا هێندێك سه‌باره‌ت یه‌قین و گومان ده‌نووسمه‌وه:
- مرۆڤه‌كان كاتێك ده‌یانه‌وێت سه‌رمایه كه‌ڵه‌كه بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى به‌خته‌وه‌ر بن، پاره كۆ بكه‌نه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى ئاسووده بن، پێیان وایه زۆر ده‌زانن، به‌ڵام ده‌ره‌نجام بۆیان ده‌رده‌كه‌وێت هیچ نازانن.
- مرۆڤه‌كان خاوه‌نى هه‌موو شتن، به‌ڵام هه‌ڵپه‌یان بۆ به‌ده‌ستهێنانى هه‌موو شت وایان لێ ده‌كات، ده‌ره‌نجام خاوه‌نى هیچ نه‌بن، بگره كاتێك به‌ئاگا دێنه‌وه، چۆڕى ژیانیان له هه‌ڵپه و هه‌ڵمه‌ت و خۆتاوداندا، تكاوهتهوه.
- ئایدۆلۆجیا، بیروباوه‌ڕ، ئایین، چیرۆك و ئه‌فسانه‌كان، هیچ نین، ئه‌ى چى شته؟!
زانست، هه‌موو شته.
پێناسه‌ى زانستیش ئه‌وه‌یه، كه كۆنكرێتى نییه و ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌ى ڕاسته، سبه‌ینێ ڕاست نییه.
هه‌موو ئه‌مه‌م بۆ ئه‌وه‌یه، پاساو و ڕه‌وایه‌تى بۆ (گومانكردن) بهێنمه‌وه، به‌و شێوازه‌ى (ڕێنیه دیكارت) ده‌یكاته سه‌ره‌تایه‌ك بۆ ڕێنوێنیى زانست و لێكۆڵینه‌وه‌ى به‌رهه‌مى ماریفى.
ئه‌م تێزه ئه‌گه‌رچى له هه‌ناوى ئەرووپا و خۆرئاوادا دێته كایه، به‌ڵام تا ئێستا نامۆیه به‌و شارستانییهتهى كه سه‌نته‌ره‌كه‌ى ئەرووپا و خۆرئاوایه، له‌به‌رئه‌وه‌ى ئه‌و (ڕۆشنگه‌ری)یەى كه سهرچاوەى ئومێدى مرۆڤایه‌تى بوو، یه‌كه‌مین جار له خودى خۆرئاوا و ئەورووپاوه خیانه‌تى لێ كراوه!
با بزانین چۆن؟
ئه‌و رۆشنگهرییهى كه زانست و زانین چاوگى بوونى بوو، له‌ڕاستیدا گرێ دراوه به به‌هاى قازانج و سوود و به‌ها و پاره و بازاڕه‌وه!
یه‌كه‌مین به‌هاى ڕۆشنگه‌رى و هه‌موو ڕۆشنگهرییهك زاسته، ئه‌ى چۆن قازانج و پاره و سه‌رمایه، بوو به به‌ها، به نۆرم و پێوه‌ر؟
له‌به‌رئه‌وه‌ى هاوكێشه‌كه هه‌ڵگه‌ڕاوه‌ته‌وه، زانست گرێ دراوه به سوود و به‌رژه‌وه‌ندى و پاره‌وه!
به بازاڕكردنى زانست، وێنه و نیگایه‌كى وه‌هاى دروست كردووه، كه ته‌كنۆلۆجیا به‌ته‌نیا، سه‌رمایه و پاره كه‌ڵه‌كه بكات.
زانست و ماریفه‌ت، بێكه‌س و ته‌نیا و غه‌واره‌یه، زانست كه‌ڵكى به‌رژه‌وه‌ندیى مرۆیى پێوه‌یه، كاتێك كه‌ڵكى به‌رژه‌وه‌ندى، گرێ ده‌ده‌درێت و ده‌بێته شتێكى تر، كه پێچه‌وانه‌ى خۆیه‌تى.
زانست و زانین نامۆترین نامۆى ئه‌م زه‌مانه‌ى ئێمه‌ن، به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه، نه‌زانین و جه‌هل و درۆ و بیروباوه‌ڕ و ئایدیای پووچ، سه‌ردارى هه‌موو شتن!
ملیاره‌ها مرۆڤ به‌دواى پووچیهتییهوهن، به‌دواى خۆته‌فره‌دان و خۆلاواندنهوه و درۆى گه‌وره‌وه‌ن، زانستیان ته‌رخان كردووه بۆ ئه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ هۆشمه‌ندیى ئه‌ماندا بگونجێت و یه‌كترى بلاوێننه‌وه، هه‌رگیز ئه‌وه‌ى بۆ بازاڕكردنه، زانست نییه.
ململانێی هه‌موو زلهێزه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و نه‌وه تهكنۆلۆجییانهى ته‌له‌فۆن و كۆمپیوته‌رن، كه زۆرترین بازاڕیان هه‌یه، نه‌ك زۆرترین به‌رژه‌وه‌ندیى بۆ مرۆڤ هه‌یه؟!
كاتێك ده‌رده (كۆرۆنا) ئارا بوو، هاوكێشه‌كه هه‌ڵگه‌ڕایه‌وه، ده‌ردێك په‌یدا بووه زۆرترین زیانى هه‌یه، ده‌بێ ده‌رمانێك دروست بكرێت، كه ئه‌م دهردهرده كۆنترۆڵ بكات.
پرسیارى گوماناوى ئه‌وه‌یه، ده‌رده‌كه دروست كراوه بۆ ئه‌وه‌ى ده‌رمان دروست بكه‌ین؟ یان دروستكردنى ده‌رمان ده‌رده‌كه‌ى دروست كردووه؟
له ڕاستیدامن خۆم كە هه‌میشه خانهگومانانم، لایه‌نگرى ئه‌وه‌م بڵێم، ده‌رمانه‌كه ده‌رده‌كه‌ى دروست كردووه، بۆ ئه‌وه‌یه بره‌و به بازاڕى ده‌رمان بدات.
ئه‌مه قسه و پشتیوانى لێكردنى زۆری زانستى ده‌وێت، به‌ڵام گومانكردن خۆى كۆڵهیهكى زانستییه.
خه‌ریكه ئایین و بیروباوه‌ڕى درۆزنانه ئاوێته‌ى سوود و قازانج و پاره‌كۆكردنه‌وه ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ى درۆكه به‌هێز بكه‌ن، زۆرترینى پێ ته‌فره بده‌ن و زۆرتریشى پێ كۆ بكه‌نه‌وه.
زۆرترین كه‌ڵه‌كه‌كردنى پاره و سه‌رمایه، زۆرترین بیروباوه‌ڕ و ئه‌فسانه، قورسكردنى تاى ته‌رازووى پووچیهتییه، بێ هوده نییه جیهانى ئێمه و شێوازى ژیانمان پڕى پووچییه و دژى ئه‌وه‌یه، كه ڕاستگۆ بین و درۆ نه‌كه‌ین.
درۆى زۆرمان به نرخى راِستى پێ ده‌فرۆشن، زۆر ده‌به‌خشین بۆ ئه‌وه‌ى به‌هاى درۆى پووچ وه‌ربگرین، كه‌م به ده‌ست ده‌خه‌ین و زۆر ده‌به‌خشین، سه‌ر و سامانمان له‌ده‌ستدان و به‌فیڕۆدان و پڕوپووچییه.
(سلاڤواى ژیژاك) له بیرمه‌ندانى سه‌رده‌مه و قسه و باسى سه‌ر و سه‌وداى هه‌یه، كتێبێكى داناوه سه‌باره‌ت به ده‌ردودووى (كۆرۆنا) و چه‌ند وتارێكى گرنگن و لاى من و لاى كه‌سانى تریش جێى ستایش و هه‌م ڕهخنهشن، به‌ڵام ئه‌مه باسه‌كه نییه، ئه‌و له‌وێدا پێشبینیى گه‌ڕانه‌وه و دووباره هه‌ڵهاتنى خۆرى كۆمۆنیزمى نوێ ده‌كات، زۆر له بیرمه‌ند و رۆشنبیران و به‌تایبه‌ت فه‌ره‌نساییه‌كان بێ ئه‌وه‌ى بیخوێننه‌وه، سه‌ر و پۆتهڵاكیان كوتاوهتهوه، ئه‌و له‌وه‌دا، كه پێشبینیى ئارابوون و دووباره ده‌ركه‌وتنه‌وه‌ى كۆمۆنیزمى كردووه، مه‌به‌ستى كۆمۆنیزم نه‌بووه به تێزه كۆنه‌كه‌ى، به‌ڵكوو باسى له هاوكاریى نێوان وڵاتان كردووه له‌سه‌ر ئاستى جیهانگیر، بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى كۆرۆنا.
له ڕاستیدا من له‌م زنجیره وتاره‌دا زۆر باشتر باسم له كۆمكارى و هاوكاریی نێوان مرۆڤ و هاوغهمیى جڤاكی كردووه، كه چۆن بێنهوایى گه‌وره‌ى زه‌مانى كۆرۆنا، ده‌شێ وانه‌مان دابدات، بۆ دروستكردنى په‌یوه‌ندیى مرۆیى و چنینى ڕایه‌ڵه‌ى كۆمه‌ڵایه‌تیى نوێ، به‌پێچه‌وانه‌ى ئه‌و ڕه‌وته بازاڕگهرهى، كه هه‌موانى تاك و ته‌ریك خستووه.
قسه ماوه و دواتر ته‌واوى ده‌كه‌ین...