ئەردۆغان بەبێ دەنگی كورد هەڵبژاردن ناباتەوە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

ئەردۆغان بەبێ دەنگی كورد هەڵبژاردن ناباتەوە

هاوپەیمانیی ئاكەپە و مەهەپە لە لێواری هەڵوەشانەوەدایە

چوونی رەجەب تەییب ئەردۆغان سەركۆماری توركیا بۆ ئامەد، چەندین جۆر شرۆڤەی سیاسیی بەدوای خۆیدا هێنا، دیارترینیان گوتەیەكی نزیكترین رۆژنامەنووسی ئەردۆغان بوو، كاتێك گوتی ئەردۆغان بەبێ دەنگی كورد ناتوانێت هەڵبژاردن بباتەوە.

كورد رۆڵێكی گرنگی لە هاوكێشەی سیاسیی توركیادا هەیە، بەشێكی زۆری دەنگی دەنگدەری كوردیش بۆ پارتی داد و گەشەپێدان (ئاكەپە) چووە، بۆیە ئەردۆغان بۆ ئەوەی دەنگی كورد زیاتر لە خۆی نزیك بكاتەوە و ئاشتیان بكاتەوە، سەردانی ئامەدی كرد و بەردی بناغەی چەندین پڕۆژەی لەو شارەدا دانا.

عەبدولقادر سەلفی رۆژنامەنووسی زۆر نزیك لە ئەردۆغان، لە رۆژنامەی (حوریەت) وتارێكی بڵاو كردووەتەوە و، دەڵێت ئەردۆغان و ئاكەپە بەبێ دەنگدەری كورد هەرگیز ناتوانن هەڵبژاردن ببەنەوە، بۆیە پێی گرنگ بووە ئەردۆغان چووەتە ئامەد و لە نزیكەوە لەگەڵ كورد قسە دەكات و گفتوگۆیان لەگەڵدا دەكات.

بەڵام هەندێك لە شرۆڤەكاران پێیانوایە، هەڵبژاردنی پێشوەختە بەردەوام لە رۆژەڤی ئەردۆغاندا هەیە، بۆیە لە ئێستاوە دەیەوێت دەنگدەری كورد لە خۆی نزیك بكاتەوە و پروپاگندەی هەڵبژاردنی بە ناڕاستەوخۆ دەست پێكردووە.

ئیبراهیم كیراس نووسەری دیاری رۆژنامەی (قەرار)ی توركی، پێیوایە هاتنی ئەردۆغان بۆ ئامەد بۆ ئەو مەبەستەیە كە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكرێت.

كیراس لە وتارەكەیدا باس لە گرژیی نێوان پارتی بزووتنەوەی ناسیۆنالیستی (مەهەپە) و ئاكەپە دەكات، بەوەی هەڵوەشانەوەی هاوپەیمانییەتەكەیان لە ئان و ساتدایە، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت بەدیلێك بۆ مەهەپە بدۆزێتەوە.

ئەگەرچی ئەردۆغان بە تەواوی پشتگیری لە سیستەمی سەرۆكایەتی دەكات بۆ توركیا، بەڵام بە گوێرەی گوتەی كیراس، پێشنیار بۆ ئەردۆغان كراوە كە سیستەمی پەرلەمانی بەهێز بكاتەوە و دەستبەرداری سیستەمی كۆماری ببێت، بۆ ئەمەشیان ئەردۆغان نەرمی نواندووە، بۆیە مەهەپە بەمە تێك چووە و ئەگەر زۆرە هاوپەیمانییەتەكەیان هەڵبوەشێتەوە.

لە لایەكی ترەوە چەند دەزگایەكی راپرسیی سەر بە ئاكەپە، ئەنجامی راپرسییەكیان خستووەتە بەردەم ئەردۆغان، كە كوردەكان زۆر نیگەرانن لە ئەردۆغان، بەتایبەت لەوەتەی لەگەڵ مەهەپەدا چووەتە ناو هاوپەیمانییەوە زۆر رەقە بەرامبەر بە كورد، بۆیە ئەردۆغان دەیەوێت بەر لە هەڵبژاردن كوردەكان ئاشت بكاتەوە، ئەمەشی بە ئاشكرا بە دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە گوتووە، بۆیە باخچەلی لە دوا وتاریدا پشتگیری لە كورد كرد و گوتی: "ئەوەی پێی وابێت كورد تیرۆریستە، خیانەتكارە و لە نەتەوەی ئێمە نییە".

ئەردۆغان هەرچەندە ئاستی جەماوەری لە توركیا زۆر بێت و لە پێشەنگی هەموو پارتەكانی ترەوە بێت، بەڵام ئەگەر باكورییەكان پشتی تێ بكەن، ئەستەمە بتوانێت لە هەڵبژاردندا سەركەوتوو بێت، بۆیە زمانی نەرمتر كردووە بەرامبەر بە كورد، بەڵام ئەوەی ئاستەنگێكی گەورەیە بەرامبەر بە ئەردۆغان، پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە)یە، چونكە  هەدەپە خاوەنی زۆرترین دەنگدەری كوردە لە باكووری كوردستان.

هەرچەند کاتی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی لە توركیا کە كاتی خۆی واتە لە ٢٠٢٣یە، بەڵام هەموو پێشبینییەكان پێمان دەڵێن، توركیا لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢٢ دەچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.