لە مۆزەخانەی سینەمای ئیستانبۆڵ یڵماز گونای بوونی نییە
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

لە مۆزەخانەی سینەمای ئیستانبۆڵ یڵماز گونای بوونی نییە

 

چەند رۆژێك بەر لە ئێستا، لەناوەڕاستی ئیستانبۆڵ و لە شەقامی بەیئۆغڵو، مۆزەخانەی سینەمای ئیستانبۆڵ كرایەوە، كە وێنە و ژیاننامەی سەدان سینەماكاری توركیای تێدا ئەرشیڤ كراوە، بەڵام یڵماز گونای كە ئەستێرەی سینەمای توركیایە و دەیان ئەكتەری سینەمایی دروست كردووە، لەو مۆزەخانەیەدا بوونی نییە.

بە گوێرەی گوتەی زۆرێك لە سینەماكارانی توركیا، تاوەكوو ئێستا هیچ دەرهێنەرێكی توركیا نەیتوانیوە یڵماز گونای تێپەڕێنێت، بۆیە نەبوونی وێنە و ژیاننامەی گونای لە مۆزەخانەی سینەمای ئیستانبۆڵ، عەیبەیەكی گەورەیە.

ناگیهان ئاڵچی نووسەری دیاری رۆژنامەی (خەبەر تورك)، دەڵێت: "وای بۆ دەچم بە هۆی ئەوەی گونای كوردە بۆیە لەو مۆزەخانەیە بوونی نییە".

ناگیهان دەڵێت: "مۆزەخانەكە زۆر گرنگ و بە كوالێتییەكی بەرز دروست كراوە و جێگەی شانازییە، بەڵام كاتێك بەناویدا گەڕام عەیبەیەك و شەرمەزارییەكی گەورەی ئەو مۆزەخانەیەم بینی، ئەویش نەبوونی یڵماز گونای بوو، كە ئەو ناوە هیچ گفتوگۆی لەبارەوە ناكرێت بەوەی لە پێشەنگی سینەماكارەكانی توركیایە. تەنانەت لەو مۆزەخانەیە باسی فیلمی (رێگا)ی گونای نەكراوە، كە خەڵاتی كانی بەدەستهێناوە، ئەمەش سكانداڵێكی گەورەیە".

باسی لەوەش كردووە، كە لەو مۆزەخانەیەدا هەشت هەزار و 500 سینەماكار بوونی هەیە، كە تاوەكو ئێستا هیچ ناوبانگیان نییە، كەچی گونای تێدا نییە كە گەورەترین ئەستێرەی سینەمای توركیایە.

ئاڵچی زیاتر دەڵێت: "بە بۆچوونی من نەبوونی گونای لەو مۆزەخانەیە هۆكارەكەی ئەوە نییە ئەو خاوەنی ناسنامەی ماركسست بووە، چونكە چەندین سینەماكاری تر بوونی هەیە و ناسنامەیان ماركسست بووە. بە بۆچوونی من و سەرتان نەیەشێنم، بە هۆی ئەوەی یڵماز گونای سەر بە نەتەوەی كوردە بۆیە ناوی لەناو ئەو مۆزەخانەیەدا نییە. لە فیلمی (رێگا) دا بۆ یەك چەركە ناوی كوردستان هاتووە، بۆ خۆم فیلمەكەم چەندین جار بینیوە و ئەو وشەیەم بەر گوێ نەكەوتووە و، دەڵێن كاتێك نێردراوە بۆ فێستیڤاڵە نێودەوڵەتییەكان ئەو چركەیە زیاد كراوە، ئەمەش روون نییە، بەڵام رەنگە لەسەر ئەو وشەیەش بێت گونای لەو مۆزەخانەیەدا نییە".

پرسیارەكە ئەوەیە، ئاخۆ رەجەب تەییب ئەردۆغانە رێگەی نەداوە گونای لەناو گەورەترین مۆزەخانەی سینەمای ئیستانبۆڵدا بوونی هەبێت؟ ئاڵچی لەوڕووەوە بە نەخێر وەڵام دەداتەوە و دەڵێت تاوەكوو ئێستا یەك وشەی ئەردۆغانتان گوێ لێ بووە دژی گونای؟ ئەمە لە هەر كێ بپرسیت دەڵێت ئەردۆغان پەیوەندی بەو بابەتەوە نییە.

پێشتر ئەردۆغان لەبارەی گونایەوە گوتوویەتی: "ئەگەر تاكڕەوانی ئەم وڵاتە، گوێیان لە فیلمەكانی گونای راگرتبا و وانەیان بە هەندیان وەربگرتایە، ئەمڕۆ توركیا لە شوێنێكی زۆر جیاواز دەبوو".