گەشتێک بەناو کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ)دا
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتور و هونه‌ر
×

گەشتێک بەناو کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ)دا

"ئەو کەسەی قسە بکات و بیر بکاتەوە بێدەنگم کردووە"

2


ئایدۆلۆژیای فەرمی
محەمەد سەلیم چوروککایا، نووسەری کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ) دوای ١١ ساڵ ئەشکەنجە و ئازار لە زیندانی تورکیا و ١٩ ساڵ خەبات بۆ کورد و کوردستان و هەڵاتن لە ئایدۆلۆژیای فەرمی، دیسان لە کەش و دۆخی داخراوی سیستەمی پەکەکەدا تووشی ئایدۆلۆژیای فەرمی دەبێتەوە کە ئەو لەدژی شەڕی کردووە، بۆیە لە لاپەڕەکانی ٢٦ و ٢٧ی کتێبەکەیدا وەڵامی ئەو پرسیارانە دەداتەوە کە بۆچی هەڵاتووە.

لەمبارەیەوە دەنووسێت: "دوای بیرکردنەوەیەکی زۆر بڕیاری هەڵاتم دابوو و هەڵاتم، ناتوانم بچمە تورکیا، ناتوانم بچمە تورکیا، ناتوانم بچمە وڵاتێک کە ١٩ ساڵ دژی ڕژێم و دەسەڵاتەکەی شەڕم کردووە و ئەشکەنجە دراوم، نەفرەتم لێ کراوە، ملم کەچ نەکردووە. ئەستەمە بەتەنیا بتوانم بچمە کوردستان. ئەگەریش چووم چۆن دەژیم؟ کەسێکی نایاساییم، لەگەڵ ڕێبەری مەزن کەوتوومەتە ناو دژایەتییەکی قووڵەوە، نە لەگەڵ دەوڵەت و نە لەگەڵ گەریلا نەمدەتوانی بژیم“.

درێژەی پێدەدات و دەنووسێت: ”هەردووکیان ئایدۆلۆژیا فەرمییان هەیە، ئایدۆلۆژیای فەرمی گفتوگۆی لەگەڵ ناکرێت، ڕەخنەی لێ ناگیرێت، ڕەخنە قبووڵ ناکات، ئەوەی ڕەخنەی لێ بگرێت، یاخود لەدژی بوەستێت، تۆمەتی خیانەتکاری دەدرێتە پاڵ، سزا دەدرێت و دەکوژرێت. ئایدۆلۆژیای دەسەڵاتدار جیاوازە لە ئایدۆلۆژیای فەرمی، بەرگەی ڕەخنە دەگرێت، ڕەخنەگرەکانی سزا نادات، تۆمەتی خیانەتکاریان دەدات پاڵ“.
هەر لە درێژەی ئەم پرسەدا دەنووسێت: "لەکاتێکدا من ١٩ ساڵ خەباتم کرد تا ئەوەی ئایدۆلۆژیای فەرمی دەیڵێت جێبەجێی نەکەم، لەناو گەریلاشدا هەر ئایدۆلۆژیای فەرمییان بۆ پێشنیاز کردم".

بە ئامانجی زیاتری شیکردنەوەی دەستەواژەی (ئایدۆلۆژیای فەرمی) نووسەری كتێبی (ئایەتەكانی ئاپۆ) دەڵێت: "هەموو مەعریفەتەکەیان ئەوەیە، گۆڕینی ڕاستییەکان، سەراوژێرکردنی، بە هیچ ژماردنی مێژوو، دانانی درۆ لە جێگەی ڕاستی" هەر بۆیە پێی دەڵێم ئایدۆلۆژیای فەرمی، ئەو جۆرە ئایدۆلۆژیا فەرمییانە کاریگەری لەسەر خەڵکی دواکەوتوو و بەشێکی دیاریکراوی مێژوو دەکەن، خەڵکی دواکەوتوو لە ڕاستییەکان زیاتر لە باوەڕکردن بە درۆ نزیکە، بەڵام ڕابردوو لەناو نابردرێت، مێژوو ماوەیەکی درێژ ناگۆڕدرێت، تەمەنی درۆ درێژ نابێت، ئایدۆلۆژیای فەرمی تا هەتایی (ئەبەدی) فەرمی نابێت و دوای ماوەیەکی کورت بۆگەنەکەی بڵاو دەبێتەوە. لەگەڵ خۆیدا ئەو ڕێکخستنەی ئەنجامی دابوو دەیڕووخێنێت“.

هەروەها نووسیویەتی: ”من ڕامکرد، لە زیندانی ئایدۆلۆژیا فەرمی ڕامکرد، ئەو بەندیخانە لەگەڵ دەستبەسەرکردنی جەستەم، هەوڵی دەستبەسەرکردنی مێشکیشمی دەدا، من بۆ دەستبەسەرنەبوونی مێشکم ڕامکرد. بۆ ڕەتکردنەوەی ئەو ئایدۆلۆژیا فەرمییە ڕامکرد، کە دەیویست درۆکان بە من پشتڕاست بکاتەوە و بیخاتە بەردەمی هەموانەوە. گۆشتخۆر (مرۆڤخۆرەکان) و خواردنی گۆشتی مرۆڤم بە چاوەکانم بینی، ڕامکرد چونکە تێگەیشتم کە لە خەیاڵێکدا دەژیام، ڕامکرد تا ڕاستییەکان ئاشکرا بکەم ئەوەی خەڵکەکەم دوای ماوەیەکی زۆر درێژ دەیبینێت و دەیڵێت زۆر لە پێشی ئەو من ئەوڕۆ بیڵێم، ڕامکرد تا ڕاستییەکان بە شاراوەیی نەمێننەوە، تا درۆیەکان شوێنی ڕاستییەکان نەگرنەوە، ڕامکرد تا نەوەکانی داهاتوو تف لە ڕووی من نەکەن، بەڵکوو لە رووی ماستاوچییەکانی ئەمڕۆی بکەن".

خەیاڵی خۆ بەخودا زانین!
نووسەر لە لاپەڕە٣٢ی کتێبەکەیدا شێوازی ئاخاوتن و بیركردنەوەی عەبدوڵا ئۆجەلان شی دەكاتەوە و دەنووسێت،: "لە سەرەتا دەبێ شێوازتان بگۆڕن، بە من دەڵێن هەڤاڵ عەبدوڵا ئەوە شێوازی پەکەکە نییە، بە گوتنی هەڤاڵ عەبدوڵا من دادەبەزێنن بۆ پلەی خۆتان، بڵێن ڕێبەر و من پێش بخەن، دوای شەهیدبوونی ئێوە زۆر شت گۆڕا، من لە نەبوونەوە هێنامە کایەوە، من گیانم دا بە مردوو، ئەوەی نەیدەتوانی قسە بکات، من هێنامە ئاخاوتن، من ئەوەی کوێرە چاو و ئەوەی کەڕە گوێم پێ دا، من لە جێگایەک بەقەد نووکی دەرزییەک بەقەد شاخێک توانام دروست کرد، من بەرز بوومەوە، من بەتەنیا لەدژی هەموو دەوڵەتە ئیمپریالیستەکان شەڕ دەکەم، هیچ کەسێک تا ئێستا لە من نەگەیشتووە، من چوومە ئاسمانەکانەوە، ئا سەیر کەن هەر یەکێکتانم لە شوێنێکی دنیاوە کۆ کردووەتەوە، لێرە لەگەڵتان قسە دەکەم".

وەهمێکی قووڵ سەراپای ئەم ڕێبەرەی داگرتووە و شوێن پێگەی خۆی لێ تێک چووە و خۆی بە پێغەمبەر لەقەڵەم دەدات و دەوروبەرەکەی بە بەندە و نۆکەر و زۆر جاریش بە نەزان و گێژ و کۆیلە، بۆیە چوروککایا لە زمانی ئەوەوە نووسیویە: "تا ئیستا پێغەمبەرەکان هەر یەکە و یەک پەرتووکیان هەبووە، ڕاستییەکەی لەنێو ئەوانەی پەرتووکیشیان نەبووە، پێغەمبەر دەرکەوتووە، بەڵام من پێشی هەموویان کەوتمەوە، ئێستا ملیۆنان کەس هەیە من دەپەرستێ، بەدوام کەوتوون، زۆر جوان ئەدەبیاتیان بەسەردا دەکەم. بەڵێ کەسایەتیشی دەکەمەوە، هەر پەرتووکێکم ڕۆمانێکە، ئەوانەی یەشار کەمال دەیاننووسێت لەچاو ئەوەی من هیچ نییە. دەڵێم "یەشار کەمال تەنها چەتەیەکی رێگری گێڕاوەتەوە. خۆ من کەسایەتییەکەشی دەکەمەوە، دەیڕووخێنم و دووبارە دروستیان دەکەمەوە. بەڵێ، مرۆڤەکان دووبارە دەخولقێنمەوە، بە واتای وشە دەیخولقێنم. من مرۆڤ دەخولقێنم و هیچ بۆم کارێکی زەحمەت نییە، کردنی ئەو کارانە پێشتر ئەرکی خوداکان بوو، ئێستا من دەیکەم، پێشتر زۆر حەزم دەکرد بزانم خوداکان چۆن مرۆڤەکان دەخولقێنن، دەرچوو زۆر کارێکی سادەیە".

شکاندنی کەرامەتی گەریلا بە قسەی سووک و جنێو
نووسەری کتێبی (ئایەتەکانی ئاپۆ) بە وردی تیشکی خستووەتە سەر لایەنی سایکۆلۆژیی دەزگای سەرکردایەتیی (ئاپۆ) و هەموو ڕەهەندەکانی شی کردووەتەوە و لە زمانی ئەوەوە لە درێژەدا دەنووسێت: "ئەوانەی نەیاندەویست من بفڕم بۆ ئاسمان و لەگەڵ ئێوەی هەڤاڵی ئازیز پەیوەندیم هەبێت، منیش دەمویست بەرز ببمەوە بۆ ئاسمان و و ببم بە عیسا، سەیرم کرد لەڕێگەی ئاساییەوە نابێت، ئەوانەی منیان نەدەپەرست، کوشتمن، ڕفاندمن و بە بەکارهێنانی ڕێگا تایبەتەکانم بەرەو خۆکوشتم بردن، ئەوانەش کە مانەوە ملم پێ کەچ کردن! هەر خۆی ئەوانەی ماونەتەوە بە کەڵکی هیچ نایەن، زۆر زۆر گەمژەن، ناتوانن شۆربایەک لە سووتان ڕزگار بکەن. هەردەم من بەرز دەکەنەوە، لەڕاستیدا زۆر چێژ لەمە وەردەگرم، بەڵام پێیان دەڵێم: (واز لە ستایشکردنی من بهێنن و شتێک بۆ خۆتان ئەنجام بدەن، کەمێک خۆتان بەرز بکەنەوە، ئەرکی من بەرزکردنەوەی ئێوەیە) باوەڕ دەکەن. خۆی لە خۆیدا تەواو پێچەوانە بوو، ئەرکی ئەوان بەرزکردنەوەی من بوو، ئەرکی من نزمکردنەوەی ئەوان بوو، لەگەڵ بەرزبوونەوەی من، ئەوان نزم دەبوونەوە، لەگەڵ سووکبوونەوەی ئەوان، من بەرز دەبوومەوە. ئەوان بە شایستەترین شێوە بچووک دەکەمەوە و دەڵێن: (ئێمە لە ئایەتەکانی ڕێبەر هێزێکی زۆرمان وەرگرت). چی بکەم کۆیلەیە و بە لێبووردەییەوە هەڵسوکەوتیان لەگەڵ دەکەم، ئەگینا دەڵێم: (باشە خوێڕی کوڕی خوێڕینە، پێتانم گوت کەر کوڕی کەر، ئەوەتان خوێندەوە هێزتان لە چی وەرگرت؟ لەبەر ئەوەی بەخشەرێکی گەورەم لە بەندەکانم خۆش دەبم)".

سیخووڕ لە ڕوانگەی ئاپۆوە
لە سیستەمی پەکەکەدا هەموو کۆیلە و بەندە و گوێ لەمست و گوێڕایەڵن، هەر گەیلایەک ڕەخنە بگرێت و بەڵێ نەکات و بیر بکاتەوە خائین و سیخووڕە، لەمبارەیەوە نووسەر لەدیدی پەكەكەوە پێی وایە: "وتەکانی ئاپۆ ئایەتن و لادان لێیان تاوانە، شیکردنەی ئاپۆش لای بەندەکانی وەک ئایەتەکانی قورئان وان و گفتوگۆیان لەسەر ناکرێت، ناگۆڕێت و ڕەخنەی لێ ناگیرێت، بڕوای پێ دەکرێت و جێبەجێ دەکرێت. ئەوەی باوەڕی بە قورئان نییە، پێی دەڵێن کافر و ئەوەی بڕوای پێی نییە جێبەجێ ناکات، مونافقە. لەناو کۆیلەکانی ئاپۆدا ئەوەی بڕوای بە ئایەتەکانی ئاپۆ نەبێت، خیانەتکارە. ئەوەی وا خۆی دەردەخا کە بڕوای پێی هەیە و ئەوەی پێویستە نایکات، سیخووڕی کارلێکراوی پێ دەڵێن. بەپێی یاساکانی شەریعەت، کوشتنی کافر و مونافیقەکان واجبە، بەپێی ئایەتەکانی ئاپۆش کوشتنی خیانەتکار و سیخووڕی کارلێکراو واجبە."

لەبارەی ئەوانەوە کە ملکەچ نابن و بەڵێ ناکەن و پرسیار دەکەن و گومانیان هەیە دەڵێت: "تۆ بووی بە سیخووڕی کارلێکراو، تۆ کۆیلەی کەمالیزمی، تۆ کەسێکی کە ڕێکخستن دروستی کردووی، تۆ سووکی، تۆ غافڵی، تۆ خەبەرت نابێتەوە، ئەو ڕاستییەی تۆ لێی دەژیت ڕاستیی تۆ نییە، تۆ بەو حاڵەتەوە هیچێکی! ئەوانەی تازە هاتوون، ئاقڵ ئاقڵ گوێم لێ دەگرن. ئەوەیان هێناومەتە ئەو حاڵەتەی کە ببێت بە کۆیلە، غافڵ، خەبەر نەبووە و نزمە، سیخووڕ بە مۆڵەت وەرگرتن لە منەوە قسە بکات و بووە بە هیچێک".

لەبارەی مافی قسەکردن و ڕادەبڕینی گەریلاکان محەمەد سەلیم چوروککایا لە زاری ئۆجەلانەوە دەڵێت: "مافی قسەکردنی زۆر دەدەم بە بەندەکانم، بەڵام ناتوانن قسە بکەن، ناتوانن چەند وشەیەک بە یەکەوە کۆ بکەنەوە، زۆر گەمژەن. زۆر سووکن، هەر من قسە دەکەم و ئەوانیش گوێ دەگرن. ڕۆژنامەنووسێکی ئافرەتی ئاڵمانی هاتە ئێرە و گوتی: "لە جیهاندا کەس نییە بە قەد تۆ مۆنۆلۆگ بکات". من چی بکەم پیاوێک نییە لە بەرانبەرم بئاخڤێت، گوتم کۆمەڵگای ئێمە ئاوا بێزمان کراوە، خۆ ئافرەتەکە نەیدەزانی ئەو کەسەی قسە بکات و بیر بکاتەوە من بێدەنگم کردووە، پێویست بوو بیدەنگی بکەم، چونکە خواداوەند دەفەرموێ و بەندە دەڵێ: ئامین".