ئایا بەشوودانی كچان بەرامبەر بڕێك پارە، لە كوردستاندا هەیە؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x

ئایا بەشوودانی كچان بەرامبەر بڕێك پارە، لە كوردستاندا هەیە؟

 

خێزانێك جا هۆكارەكەی هەژاری و دەستكورتی بێت، یاخود چاوچنۆكیی باوان بێت، كچێكیان دەدەن بە شوو بە پیاوێك كە هاوسەری دڵخوازی كچەكە نیە، لە بەرامبەردا بڕێك پارە بۆ خۆیان وەردەگرن، جاران بەم كارەیان دەگوت (شیربایی وەرگرتن) لێ ئێستا دەڵێن بەشوودانی كچ بە پارە، ئەم پرۆسەیە كە تاوانێكە و بەرامبەر كچان دەكرێت، لە كۆمەڵگە دواكەوتووەكان و لەو وڵاتانەی لە دۆخی شەڕی ناوخۆ و ئاژاوە و ئابوورییەکی خراپدان، هەیە، بەڵام ئاخۆ لە هەرێمی كوردستاندا ئەم رووداوانە هەن؟

بەپێی بەدواداچوونی رۆژنامەوانیم و بەپێی ئەو راپۆرتانەی دەزگاكانی نەهێشتنی توندوتیژی و ئەو كەیسانەی بەشێك لە رێكخراوەكان بڵاوی دەكەنەوە و هەندێ لە كەیسەكانی دادگاش، گەلێك لە رووداو و تاوانە كۆمەڵایەتیەكان یاخود كاتێ ئافرەتان دەكەونە داوی هەندێ لە گرووپە سێكسفرۆشیەكان یان ناپاكیی هاوسەری، هۆكارە راستەقینە و سەرەكیەكەی دەگەڕێتەوە بۆ بەشوودانی هەندێ لەو كچانە بەرامبەر بە بڕێك پارە لەلایەن كەسوكاریانەوە.

هەتاو ئەحمەد، توێژەری کۆمەڵایەتی، پێوەند بە حاڵەتی بەشوودانی کچان لەبەرامبەر بڕە پارەیەک، دەڵێت: "ئەم حاڵەتە لە زۆر کۆمەڵگەدا هەیە، چونکە لە کولتووری زۆر لە کۆمەڵگەکان، بەتایبەتیش وڵات و خێزانە دواکەوتووەکان، وەک کاڵا مامەڵە لەگەڵ ئافرەتدا دەکەن، کاتێکیش شەڕ و ناسەقامگیری هەبوو، ئەم حاڵەتە زیاتر تەشەنە دەکات".

لەبارەی رێگاچارەی گونجاو بۆ ئەم كێشەیە، هەتاو ئەحمەد پێی وایە: "پێویستە رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئەو رێکخراوانەی بۆ داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان دامەزراون، هۆشیاریی کۆمەڵایەتی بڵاو بکەنەوە و کاریان تەنیا لە سەنتەری شارەکان نەبێت، بەڵکوو خول و راهێنانەکانیان ببەنە شوێنە دوورەدەستەکانیش“.

دەشڵێت: ”هەر کەسێک حاڵەتێکی لەم جۆرەی بیست یان بینی، پێویستە دەزگا ئەمنییەکانی لێ ئاگادار بکاتەوە، چونکە ئەمە بازرگانیکردنە بە مرۆڤ".

هەروەها عەبدوڵا ئەحمە، مامۆستای ئایینی، لەبارەی بەشوودانی کچان بەرامبەر بە پارە، یان هەر کەرەستەیەک، کە لەجیاتی کچەکە وەربگیرێت، بە حەرام دەزانێت: "پێویستە خەڵک بزانێت، ئەوەی موسڵمان بێت نابێت بە هیچ جۆرێک شیربایی وەربگرێت، بەپێی ئایینی پیرۆزی ئیسلام، ئەم کارە نەفرەتی لێ کراوە، بۆیە ئەو کەسانەی کڕین و فرۆشتن بە کچەکانیان دەکەن، دەکەونە بەر نەفرەتی خودا".

وێڕای ئەوەی دەزگا ئەمنییەکانی هەرێم کوردستان دەڵێن، تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر کڕین و فرۆشتنی کچان تۆمار نەکراوە، بەڵام بەپێێ هەندێ زانیاری لە کەمپەکانی ئاوارەکانی سووریا، هاوسەرگیریی کچان لە تەمەنی جیاجیادا هەیە و هەندێ لە خێزانەکان دەڵێن: "لەبەر ناچاری ئەم کارە دەکەین".

سەلوا عابدین، خانمێکی چل و چوار ساڵەی خەڵكی سووریایە، لە یەکێک لە کەمپەکانی هەرێمی كوردستان دەژی. لەبارەی هاوسەرگیریی کچەکەی لەبەرامبەر حەوت هەزار دۆلاری ئەمریکی، بە پیاوێك، گوتی: "ئێمە کچەکەمان بەرامبەر بە حەوت هەزار دۆلار بە کوڕی ماڵێکی کورد بەشوو دا، چونکە هەم نەماندەتوانی پێداویستییەکانی بۆ دابین بکەین، هەم پێویستمان بە پارە بوو، ئەوە یارمەتییەکی باش بوو بۆ ئێمە و بۆ کچەکەشمان".

هۆکارێکی تری ئەم هاوسەرگیرییە لای ئەو ژنە سوورییە ئەوەیە، کە: "کچەکان کە لە کەمپ و لەژێر چادردا گەورە دەبن، دەبن بە ئەرک و بارگرانی بۆ خێزانەکان، هەمیشە لە نامووسمان دەترسێین، خێزانەکان کاتێک کچەکانیان دەگەنە قۆناغی باڵقبوون، دەیانەوێ زوو بەشوویان بدەن ".