بزانن ئاڵا ئەسەدی شانازی بە چیەوە دەكات؟
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 08/07/2021

بزانن ئاڵا ئەسەدی شانازی بە چیەوە دەكات؟

ئاڵا ئەسەدی، لەدوای خیانەتە گەورەكەی 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 بە ئاشكرا و لەبەردەم ڕاگەیاندنەكاندا، ناوی خۆی لە ئاڵا تاڵەبانیەوە گۆڕی بۆ (ئاڵا ئەسەدی) و ئەو گرووپەی ناو حزبەكەشی كە وەك خۆی وان! لەجیاتی لێپرسینەوە لەگەڵیدا، پاداشتیان كرد و لە پەرلەمانی عێراق كردیان بە واجیھەی خۆیان.

ئەم ئاڵایە لە تازەترین چالاكیی كوردانەیدا! دوای ئەوەی لەگەڵ (ئەبووفەدەك محەمەداوی) سەرۆكی دەستەی ئەركانی حەشدی شەعبی كۆبووەتەوە، ئەم كۆبوونەوەیەی كردووە بە چالاكیەكی كەموێنە و لای خۆیشیەوە ئا ئەوەھا ئەم ھەواڵە جوانەی! بڵاو كردووەتەوە: (ئەمڕۆ شەرەفمەند بووین بە پێشوازیكردن لە موجاھید ئەبووفەدەك مەحەمەداوی، سەرۆكی دەستەی ئەركانی حەشدی شەعبی. لە دیدارەكەدا گفتوگۆی ئاڵنگاریە ئەمنی و سیاسییەكانی وڵاتمان كرد، لە بیروبۆچوونەكانماندا كۆك بووین لە بابەتەكانی دەربازكردنی وڵات و گەیاندنی بۆ كەناری ئارامی و بەجێگەیاندنی كەش و ژینگەیەكی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەكان لە كاتی دیاریكراویدا بەپێی سازانەكان)!

وەك ھاووڵاتیەكی كوردستان و وەك نەریتی پێشوازیكردن لە میوان، ھیچ لەسەر خودی پێشوازیكردنەكە ناڵێم، بەڵام لەسەر ئەو وشە جوانانەی! ئاڵا ئەسەدی ئەم ڕا و سەرنجە شەخسیانەی خۆم ھەیە و وابزانم مافی دەربڕینی بیروڕایش پارێزراوە:

1- ئاڵا ئەسەدی وەھای خستووەتە ڕوو كە ئەبووفەدەكی حەشدی شەعبی، بەشێكە لە چارەسەركردنی كێشە سیاسی و ئەمنیەكانی عێراق، كەچی حكوومەتی عێراق و نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەو ھیشام ھاشمیەی شرۆڤەكاری ئەمنییی بەتوانای عێراقیش كە ساڵێك زیاترە ھەر بەشێك لە گرووپەكانی حەشدی شەعبی تیرۆریان كرد، زانیان و دەزانن كە بەشێكی زۆری حەشدی شەعبی، بەشێكن لە كێشە ئەمنی و سیاسییەكانی عێراق نەك بەشێكن لە چارەسەری ئەو كێشانە، بەھۆی بەشێكی زۆری گرووپەكانی حەشدی شەعبی، داوودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق ھیچ بەها و ھەیبەتێكیان نەماوە، ئەمە لە حاڵێكدا ئەگەر عێراق بە دەوڵەت حساب بكەین!

2- ئاڵا ئەسەدی، وەھای خستووەتە ڕوو كە بەھۆی ئەبووفەدەكی سەرۆك ئەركانی حەشدی شەعبیەوە، عێراق دەگەیەندرێتە كەناری ئارامی! بەڵام حكوومەتی عێراق و نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەوانەی شارەزای وردەكارییەكانی بارودۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقن، ئەوە دەزانن كە بەشێكی زۆری گرووپەكانی حەشدی شەعبی، بوونەتە ھۆی ئەوەی كە دنیای دەرەوە ھۆشداری بدات لەوەی كە عێراق بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەڕوات و نزیكە لە داڕمان و ھەڵدێری سیاسی و ئەمنی، كەچی بەلای ئاڵا ئەسەدیەوە ئەبووفەدەك ئەو كەرەستە گرنگەیە كە بەھۆیەوە دەتوانرێت عێراق بگەیەندرێتە كەناری ئارامی.

3- ئاڵا ئەسەدی، وەھای خستووەتە ڕوو كە بەھۆی ئەبووفەدەكەوە دەتوانرێت كەشێكی لەبار و گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردنەكانی عێراق دابین و مسۆگەر بكرێت، كەچی ئەوە دوو ڕۆژە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكانی عێراق دەدوێن و دەڵێن: بە دەیان كاندیدی ھەڵبژاردنەكان داوای ئەوەمان لێ دەكەن كە دەیانەوێ لە خۆكاندیدكردن بكشێنەوە، چونكە ھەڕەشەیان لێ دەكرێت!
ئێ خۆ ھەموو ئەوانەشی كە ئاگاداری بارودۆخی ئەمنیی عێراقن، باش دەزانن كە ئەوانەی ھەڕەشەی كوشتن لە نەیارانی خۆیان دەكەن كێن! ئایا ئاڵا ئەسەدی ھەڕەشەی كوشتن و ئینجاش دواتر كوشتنی ئیھاب ئەلوەزنیی چالاكوانەكەی كەربەلای بیر چووەتەوە كە كێ ھەڕەشەی لێ كرد و كێیش كوشتی؟

ئەی ئایا ئاڵا ئەسەدی نەیبیستووە كە بەشێك لە چالاكوانە عەرەبەكانی خۆپێشاندانەكانی شارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، پاش تیرۆركردنی دەیان چالاكوانی هاوڕێیان، لەبەر فشار و ھەڕەشەكانی ئەوانەی كە ئاڵا ئەسەدی بە فریشتەی ئارامیی عێراقیان دەزانێت، شوێنی خۆیان بەجێ ھێشتووە و ھاتوونەتە ھەولێر؟ - كە من خۆم لەگەڵ ھەندێك لەو چالاكوانە عەرەبانە لە ھەولێر دانیشتووم و گفتوگۆم لەگەڵیاندا ھەبووە -.

جا لە ھەمووی خۆشتر ئەوەیە، ئاڵا ئەسەدی دەڵێت لەگەڵ ئەبووفەدەك كۆك بووین! تەبعەن مەبەستی ئاڵا ئەسەدی لە بەكارھێنانی وشەی كۆك، سۆپەرماركێتی كۆك نیە، بەڵكوو مەبەستی لە بەكارھێنانی وشەی كۆك ئەوەیە كە بیركردنەوە و عەقڵ و تێفكرینی خۆی و ئەبووفەدەك وەك یەكن و موو بە بەینیاندا ناچێت!