خائینانی ئۆكتۆبەر لە ڕاگەیاندنیشدا كاڵفامن!
كوردی عربي فارسى
Kurdî Türkçe English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
x
جەمال عەبدوڵا 07/07/2021

خائینانی ئۆكتۆبەر لە ڕاگەیاندنیشدا كاڵفامن!

خائینانی 16ی ئۆكتۆبەر، ھەر بەتەنیا لەوەدا كاڵفام نەبوون كە لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 پێش چەند ئەفسەرێكی ئەودیو سنوور و چەند گرووپێكی حەشدی شەعبی و بەشێك لە سوپا تائیفیەكەی عێراق كەوتن و بەم ھۆیەوە بوونە ھۆی لەدەستدانی نیوەی خاكی باشووری كوردستان بە كەركووكیشەوە، بەڵكوو لە ڕاگەیاندن و بەڕێوەبردنی ڕاگەیاندنەكانی خۆیشیاندا كاڵفامن.
بێ زەحمەت وەرن سەیری نموونەیەكی ئەم كاڵفامیەی ئەوان بكەن لە چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ھەواڵی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ 7- 7-2021ی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان:

یەكێك لە ڕاگەیاندنەكانی (پاڵەوانانی!) خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر، پێوەند بەم كۆبوونەوەیە دەڵێت: ”ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم كۆ ده‌بێته‌وه‌ و كێشه‌ هه‌نووكه‌ییه‌كانی هاووڵاتیان له‌ به‌رنامه‌ی كاردا نییه‌“، مەبەستیان لە وشەی (ھەنووكە) كێشەكانی ئێستا یان ئەمڕۆیە... ئینجا با پێتان بڵێم:

بەرنامەی كاری ئەم كۆبوونەوەیە، چوار بابەتە و بریتین لە:
- خستنەڕووی پوختەی دەرئەنجامی ئامادەبوونی شاندی وەزاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (16) لە ڕۆژی دووشەممە 2021/6/28 و وەڵامدانەوەی پرسیاری پەرلەمانتاران لەلایەن شاندی وەزارییەوە، هەروەها خستنەڕووی راسپاردەی کۆتایی دانیشتنی پەرلەمان.

- خستنەڕووی دەقی هەموارکراوی رەشنووسی پڕۆژەیاسای (هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووری لە هەرێمی کوردستان - عێراق ژمارە (5)ی ساڵی 2010)ی تایبەت بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی (التأمين).
- خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای (پەروەردە و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان - عێراق).
- خستنەڕووی بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ڕۆژی یەکشەممە 2021/7/4 سەبارەت بە رێکخستنەوەی داهاتی گشتیی باج و ڕسوومات.

دە ئینجا سەیری ڕادەی كاڵفامیی یەكێك لە ڕاگەیاندنەكانی خائینانی 16ی ئۆكتۆبەر لەگەڵ چۆنێتیی مامەڵەكردن لەگەڵ ھەواڵی كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیراندا، بكەن:

خاڵی یەكەمی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بریتییە لە خستەنەڕووی ڕاسپاردەی كۆتایی دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان لە 28– 6–2021. ئینجا ئەو كۆبوونەوەیەی پەرلەمانیش بەشی زۆری تایبەت بوو بە بابەتە داراییەكانی ھەرێم و لەناویاندا نەوت كە ھەتا ئێستاش بڕبڕەی پشت و سەرچاوەی یەكەمی داھاتی عێراق و ھەرێمی كوردستانیشە.
جا باشە ئایا ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەیەكی پەرلەمانی كوردستان كە بەشی زۆری ئەو كۆبوونەوەیە تایبەت بووبێت بە نەوت و بابەتە داراییەكان، ئەمە پەیوەندیی بە كێشەكانی ئەمڕۆی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانەوە نیە؟ ئەھا خائینان لە ڕاگەیاندنیشدا چەند نەزان و كاڵفامن؟

خاڵی دووەمی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بریتییە لە هەمواری یاسای وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە هێنانەکایەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دڵنیایی (التأمين). باشە ئایا وەزارەتی دارایی ھیچ پەیوەندیی بە كێشەكانی ئەمڕۆی ھاووڵاتیانەوە نیە؟ جا ئەگەر دارایی و ئابووری بە یەكێك لە كێشەكانی ئەمڕۆی ھاووڵاتیان دانەنرێت، ئەی چی كێشەی ئەمڕۆی ھاووڵاتیانە؟ ئەی ئایا ئەم وەزارەتی داراییە لە ڕاپەڕاندنی كارەكانیدا پێویستی بە یاسا نیە، یان ھەر كاك حەمەدی و شەلم كوێرم ئیش بكات؟

ئەی بۆ باشتر بەڕێوەبردنی ئەم وەزارەتە گرنگە، ئەگەر بڕگە و مادەیەك یان زیاتری ئەو یاسایە پێویستی بە ھەمواركردنەوە ھەبوو، نابێت ھەموار بكرێت؟ دڵنیایی واتە تەئمینكردنی ژیان و موڵكی ھاووڵاتیان چ وەك كەلوپەل و مومتەلەكاتیان یان دامەزراوە و شوێنی كاریان لە كاتی ڕوودانی ھەر ڕووداوێك كە زیانیان پێ بگەیەنێت، ئینجا خۆ ھەر وشەی دڵنیایی خۆی دژی ترسە، جا ئایا ئەگەر بەڕێوەبەرایەتیەكی گشتی بۆ نەھێشتن یان ڕەواندنەوەی ترسی ھاووڵاتیان لە كاتی ڕوودانی ھەر رووداوێك و كاراكردنەوەی كەرتی دڵنیایی لە كوردستان، دروست بكرێت و یاسای بۆ ھەموار بكرێت، ئایا ئەمە ھیچ پەیوەندیی بە ھاووڵاتیان و كێشەكانی ھاووڵاتیانەوە نیە؟ ئەھا خائینان لە ڕاگەیاندنیشدا چەند كاڵفامن؟

خاڵی سێیەمی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بریتییە لە خستنەڕووی ڕاپۆرتێکی شیکاری سەبارەت بە ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای پەروەردە و فێرکاری لە هەرێمی کوردستان. باشە ئایا پەروەردە و فێركاری لە ھەرێمی كوردستان، ھیچ كێشەیەكیان نیە؟ ئەی ئایا كێشەكانی پەروەردە و فێركاری بەشێك نین لە كێشەكانی ئەمڕۆی ھاووڵاتیان؟ ئەی ئایا وەزارەتی پەروەردە بۆ بەڕێوەبردنی كاروبارەكانی خۆی و بۆ ھەرچی باشتر و ھەرچی زووتر چارەسەركردنی كێشەكانی پەروەردە و فێركاری، پێویستی بە یاسا نیە؟

ئێ خۆ وەزارەتی پەروەردە وەك خائینانی 16ی ئۆكتۆبەر نیە تا شەلم كوێرم تێكەوێت و پێویستی بە یاسا نەبێت، ئەوانەی پێویستیان بە یاسا نیە و بەدەر لە یاسا و بگرە بە پێچەوانەی یاسا لەسەر مەرزەكان، پارە بۆ گیرفانی خۆیان و چەورەكانی دەوروبەری خۆیان كۆ دەكەنەوە، ئەوە خائینانی 16ی ئۆكتۆبەرن، نەك وەزارەتی پەروەردە. ئەھا خائینان لە ڕاگەیاندنیشدا چەند كڵۆڵ و كاڵفامن؟

خاڵی چوارەمی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، بریتییە لە خستنەڕووی بڕیاری کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری لە ڕۆژی یەکشەممە 2021/7/4 سەبارەت بە رێکخستنەوەی داهاتی گشتیی باج و ڕسوومات. لێرەدا یەك پرسیار دەكەم: ئایا خائینانی 16ی ئۆكتۆبەری لێ دەرچێ كە لە راگەیاندنیشدا كاڵفامن، كێی تر جورئەت دەكات و عەقڵی ڕێگەی پێدەدات كە بڵێت رێکخستنەوەی داهاتی گشتیی باج و ڕسوومات پەیوەندیی بە كێشەكانی ئەمڕۆی ھاووڵاتیانی ھەرێمی كوردستانەوە نیە؟ لەناو ئەم خاڵی چوارەمەی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیراندا، تەنیا وشەی (داھات) بەسە بۆ ئەوەی بزانیت كە ئایا داھات واتە پارە! یەكێكە لە كێشەكانی ئەمڕۆی ھاووڵاتیان یان نەخێر؟ ئەھا خائینان لە ڕاگەیاندنیشدا چەند كاڵفامن؟