كوردی عربي بادینی
Kurdî English

هه‌واڵ وتــار ڕاپۆرت چاوپێكه‌وتن ئابووری مه‌ڵتیمیدیا لایف ستایل كولتوور و هونه‌ر
×

نووسەری كتێبی (ئایەتەكانی ئاپۆ) لە دیمانەیەكدا زانیاریی مەترسیدار و نەبیستراو لەبارەی پەكەكەوە ئاشكرا دەكا

"ئۆجەلان پیاوی دەوڵەتی توركیایە و میتی توركیا چۆنی ویستبێت وای بەڕێوە بردووە"

زۆرن ئەو سەركردانەی لەناو پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)، ناوێكی دیار بوون و مێژووی پەكەكە بەبێ ئەوان كەموكورتە، محەمەد سەلیم چوروككایا یەكێك بووە لەو كەسایەتییانەی لە مێژووی پەكەكەدا ناوێكی دیار و گرنگ بووە. ئەو ١١ ساڵ لە زیندانی دیاربەكر لەژێر ئەشكەنجەی دەوڵەتی توركیادا بووە، بەڵام چونكە بڕوای بە شۆڕش و دەوڵەتی كوردی و ئەو دەم بڕواتشی بە خەباتی پەكەكە هەبووە، خۆڕاگرانە لە زینداندا بەرخۆدانی كردووە.

كاتێك لە زیندان دێتە دەرەوە، بە گوڕوتینەوە بۆ لای سەرۆكەكەی دەچێت، ئەویش عەبدوڵڵا ئۆجەلانە، بەڵام دوای مانەوەی لای ئۆجەلان و نزیكبوونی لە سەركردەكانی پەكەكە، ئیدی بڕوای بە شۆڕش نامێنێت، وەكوو خۆی باسی دەكات بۆی دەركەوتووە، كە ئەو شۆڕشەی ئەوان بەدوای كەتوون و قوربانییان بۆی داوە، لەپێناو هیچدا بووە، چونكە سەرۆكەكەیان پیاوی دەوڵەتی توركیایە و توانیویەتی هەموویان هەڵبخەڵەتێنێت. چوروككایا لە كتێبەكەیدا كە ماوەیەك بەر لە ئێستا وەرگێڕدرایە سەر شێوەزاری كوردیی سۆرانی بە ناوی (ئایەتەكانی ئاپۆ) و بڵاو كرایەوە، دەڵێت: ”ئاپۆ خۆی لە شوێنی خودا داناوە و ئەو چی بڵێت دەبێ جێبەجێ بكرێت و هەر كەسێكیش لە فەرمانی ئەو لایدابێت، لەناوی بردووە“.

چوروككایا بۆی دەردەكەوێت ئۆجەلان بڕوای بە دەوڵەتی كوردی نییە، تەنانەت ئەوەی هەوڵیشی بۆ بدات دژی دەوەستێتەوە، لە كاتێكدا كاتێك پەكەكەی دروست كردووە، یەكێك لە دروشمەكانی دروستكردنی دەوڵەتی كوردی بووە.
لە هەمووی سەیرتر و مایەی شۆكتر بۆ خوێنەر ئەوەیە، چوروككایا دەڵێت: ”ئۆجەلان خۆی بەپێی خۆی هاتووەتە توركیا و خۆی رادەستی توركیا كردووەتەوە، چونكە پێیان گوتووە وا بكات و ئەركی تا ئێرە بووە“، بۆ هەموو ئەو شتانەی كە باسیشی دەكات بەڵگەی هێناوەتەوە و دەڵێت: ”خوێنەر مافی خۆیەتی بۆ هەموو تۆمەتێك كە دەیدەمە پاڵ پەكەكە و ئۆجەلان داوای بەڵگەم لێ بكەن“.

ئاژانسی هەواڵی (باسنیوز)، بۆ زیاتر تیشكی خستە سەر ئەم پرسە و خستنەڕووی زانیاریی زیاتر لەمبارەیەوە، دیمانەیە˜كی تایبەتی لەگەڵ محەممەد سەلیم چوروككایا ساز داوە ˜و ئەمەی خوارەوە دەقە˜كەیەتی:


(باسنیوز) با لەوێوە دەست پێبكەم، ٢٨ ساڵ بەر لە ئێستا كتێبی (ئایەتەكانی ئاپۆ)ت نووسیووە، بەڵام چەند رۆژێكە بۆ سەر شێوەزاری سۆرانی وەرگێڕدراوە و بڵاو كرایەوە، دەمەوێت بپرسم ئایا كتێبەكە هەر وەكوو ٢٨ ساڵ بەر لە ئێستایە، یان گۆڕانكاریت تێیدا كردووە؟ چونكە لەو ماوەیەدا پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) گۆڕانی بەسەردا هاتووە و عەبدوڵا ئۆجەلان كەوتووەتە زیندان و لەڕووی پێكهاتەشەوە پەكەكە گۆڕاوە؟

محەمەد سەلیم چوروككایا نەخێر هەمان شت نییە، ئەو كتێبەی لەبەر دەستی ئێوەیە، بەشی یەكەمی چاپی ستۆكهۆڵمە و لەوێ چاپ كراوە، بەشی دووەمیش دوای ١٥ ساڵ نووسراوە. واتە ناوی ئەو ٧٢ كەسەی لە كتێبەكەدا هاتووە، دوای ١٥ ساڵ عاقیبەتیان چی لێ هاتووە، ئەوكات نوسیوومە و قسەم لەبارەیەوە كردووە. بۆ نموونە، دوای ١٥ ساڵ عەبدوڵا ئۆجەلان چی گوت؟ دكتۆر سولەیمان چی گوت و عوسمان ئۆجەلان چی گوت و ئیسماعیل بێشكچی چی گوت؟

ئەمانە هەمووی دوای ١٥ ساڵ نووسراون. لە كتێبەكەدا گوتوومە، خوێنەری بەڕێز بەشی یەكەمی ئەو كتێبەم لە لوبنان لە بەیرووت نووسیوە، كاتێكیش ئەو بەشەم نووسیوە هیچ بەڵگەیەكم لەدەستدا نەبووە، خوێنەر مافی خۆیەتی بپرسێت، باشە ئەو گوتانەی تۆ دەیڵێیت بەڵگەت بۆیان چییە و چۆنیان دەسەلمێنیت؟ بۆیە لە بەشی دووەمدا بەڵگەكانم باس كردووە، ئەو بەڵگانەی كەوتووەتە دەستم و بە خوێنەرم داوە و پێم گوتوون، لە بەشی یەكەمدا ئیدعایەكانی من قبووڵ بكەن كە لەبارەی پەكەكە و ئۆجەلانەوە نووسیومن، لە بەشی دووەمیشدا بەڵگەكان ببینن و ئەویش قبووڵ بكەن.

(باسنیوز) باشە لەو ماوەیەدا، واتە لە ماوەی ٢٨ ساڵدا ئایا كەسێك نەهات قسەكانی تۆ بەدرۆ بخاتەوە و قسەیان لەسەر بكات؟
_ محەمەد سەلیم چوروككایا: نەخێر ٢٨ ساڵ بەر لە ئێستا چیم نووسیووە، ئێستا هەمووی هاتووەتە دی و جێبەجێ بووە، واتە پێشبینییەكانم هەموو راست دەرچوون. ئۆجەلان بۆ ئەوە دروست بوو، كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نەدات دەوڵەتی كوردی دروست ببێت، بۆ ئەوەش دروست كراوە رۆڵەی كورد بە كوشت بدات، من ئەمەم ٢٨ ساڵ بەر لە ئێستا لە كتێبی (ئایەتەكانی ئاپۆ)دا باس كردووە و ئێستا هاتووەتە دی.

(باسنیوز) كەواتە تۆ پێتوایە ئۆجەلان پیاوی دەوڵەتی توركیایە و ئەوان دروستیان كردووە تا كورد نەبێتە خاوەنی دەوڵەت؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: ئەگەر بە ڕوونی قسە بكەم و بگەڕێمەوە بۆ ساڵی١٩٩٣، یەكەم یاڵچن كووچوك كە پیاوی دەوڵەتی توركیایە و لە ئاستی باڵای دەوڵەتی توركیا كار دەكات، ئەو پیاوە هاتە شام و لەوێ لە لای ئۆجەلان مایەوە و نیشتەجێ بوو. ئەوكات ئۆجەلان قسەی هیچ ئەندامێكی لیژنەی مەركەزیی پەكەكەی وەرنەدەگرت و گوێی پێ نەدەدا، بەڵام پێشنیاری یاڵچن كووچوكی١٠٠٪ وەردەگرت و جێبەجێی دەكرد. ئەو ماوەی سێ ساڵ لای ئۆجەلان لە ماڵەكەی خۆیدا مایەوە و پاشانیش كە چووە پاریس، هەر ئۆجەلان كرێی خانووەكەی بۆ دەدا و لە (مێد تی ڤی) باسیان لە كورد دەكرد و ئەو میدیایەی خستبووە خزمەتی یاڵچن.

دووەم، لە ساڵی١٩٩٣ كاتێك یاڵچن كووچوك هاتە شام و لای ئۆجەلان مایەوە، (سەبری جەنگ و دوعا تەپە) كە دارودەستەی یاڵچن بوون، سەبری وەكوو سەركونسولی توركیا لە شام دامەزرا، ئەمەش لەسەر داوای یاڵچن كووچوك بوو، جا ئەوان تەنیا لە كونسوڵ كاریان نەدەكرد، بەڵكوو دوو كارمەندی هەواڵگریی سەر بە وەزارەتی دەرەوەی توركیاش بوون.

سێیەم كاتێك ئۆجەلان هاتەوە توركیا لە ١٩٩٩، ئەوەی لێكۆڵینەوەی لەگەڵ ئۆجەلاندا كرد ناوی (ئاڵبای حەسەن ئۆغوور) بوو، ئەو كەسە لە شام لە هەمان ئەو باڵەخانەیە بوو كە ئۆجەلانی تێیدا بوو، ئەو لە نهۆمی شەشەم بوو و ئۆجەلانیش لە نهۆمی چوارەم بوو. ئەو تەنیا ئاڵبای نەبوو - ئاڵبای بە واتای ئەو كەسەی لە دوای فەرماندە دووەم كەسە لە سوپا قسەی دەڕوات و هەرچی بڵێت فەرمانەكانی جبێەجێ دەكرێت و باڵادەستترین كەسی ناو سوپایە - بەڵكوو لە دەزگای هەواڵگریی (میت)ی توركیاش كاری دەكرد و كەسێكی گرنگ بوو. سەیری بكە، یەكەم مەبەستم یاڵچن كووچوكە، راوێژكار و رێنیشاندەری دەزگای سەربازیی توركیا بووە، دووەم لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا كاری هەواڵگرییان كردووە و سێیەمیش هەر لە دەزگای هەواڵگری بووە و لە بەشی تەكنیكی جەندەرمەی توركیا وەكوو راوێژكار بووە لە سوپا ئاڵبای بووە.

(باسنیوز) باشە دەمەوێت بپرسم، ئایا جەنابت چۆن ئەو بەڵگانە دەسەلمێنێت ˜كە باسیان دەكەیت لەبارەی ئەو ناوانەی باست كردن و ئۆجەلانت پێی تۆمەتبار كرد، بەوەی پیاوی دەوڵەتی توركیا بێت؟
محەمەد سەلیم چوروككایە: كاتێك دەڵێم ئاڵبای حەسەن ئووغور لە قاتی شەشی هەمان باڵاخانە دەمایەوە كە ئۆجەلانی لێ بوو، دوو بەڵگەم هەیە، یەكەم عەبدلحەلیم خەدام یاریدەدەری حافیز ئەسەدی سەرۆكی ئەوكاتی سووریا، كاتێك لە سووریا رایكرد و چووە پاریس، لەوێ رۆژنامەیەك دیمانەی رۆژنامەوانیی لەگەڵدا ساز كرد و دەتوانن ئەو دیمانەیە لە گوگڵ ببیننەوە، دەڵێت ئێمە بە ئۆجەلانمان گوت فەرماندەیەكی سەربازیی سەر بە توركیا لە هەمان ئەو باڵاخانەیەدا دەمێنێتەوە كە تۆی تێدایت، ئۆجەلانیش گوتوویەتی زۆر باشە، من دەزانم ئەو لەوێ دەمێنێتەوە، بەڵام ئەو نازانێت من لێرەم، مانەوەی ئەو بۆ پارێزگاریكردنی من و سەلامەتیی من گرنگە. دووەم بەڵگەم، ئۆجەلان بە پارێزەرەكانی خۆی گوتبوو، بەڵێ راستە حەسەن ئۆغوور لە باڵاخانەكەی مندا مابووەوە، سەرەتا وامزانی هاتووە پیلان بۆ كوشتنم دابنێت، بەڵام دوایی دەركەوت ئەو هاتووە تا دەرگای گفتوگۆ بكاتەوە.

مەڕوان زیكری كە سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی سووریا بوو، چاودێریی ئۆجەلانی دەكرد لە شام و دەیپاراست، ئەو سەرپەرشتیی چۆنیەتیی چوونی ئۆجەلانی كرد بۆ رووسیا و پاشان لە ١٩٩٣ لەگەڵ ئۆجەلاندا قسە كرا تا چۆن بگەڕێتەوە بۆ توركیا و ١٩٩٦ بڕیاری گەڕانەوەی ئۆجەلان بۆ توركیا درا، دەمەوێت بڵێم ئەگەر مەروان رێگەی نەدایە، هەرگیز حەسەن ئوغوور نەیدەتوانی لە هەمان ئەو باڵاخانەیە بمێنێتەوە كە ئۆجەلانی لێ بووە.

(باسنیوز) دەتەوێت بڵێیت دەستگیركردنی ئۆجەلان یارییەكە و كردوویانە؟ واتە ئۆجەلان پێی گوتراوە بگەڕێتەوە توركیا خۆی بەدەستەوە بدات و ئەركی تەواو بووە، ئەویش لە ڕێگەی مەروان زیكرییەوە؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: بەڵێ بەڕێزم، گەڕانەوەی ئەو بۆ توركیا بەو شێوەیە بوو، كە یۆنان و ئیسرائیل و ئەمریكا تۆمەتبار بكرێت و بڵێین دەزگای هەواڵگریی ئەوان ئۆجەلانیان رادەست كردووەتەوە، چونكە ئەو سێ دەوڵەتە زۆر بە گەرمی باسیان لە چارەسەریی كێشەی كورد دەكرد، بەڵام بەرلەوەی ئۆجەلان بگەڕێننەوە بۆ توركیا، سەرلەنوێ پەكەكەی دیزاین كردەوە.

(باسنیوز) چۆن دیزاینی كردووە بۆم باس كە؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: دەبوا پەكەكە وا لێ بكات، لە زیهن و دیدی ئەورووپا و ئەمریكاوە وەكوو تیرۆریست بناسرێت، واتە فەرمانیان پێی كرد لە ئەورووپا كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدەن، ئۆجەلانیش بانگەوازی بۆ مستەفا كەرەسوو كرد كە سەرپەرشتیاری پەكەكە بوو لەو ئەورووپا و گوتی: "ئەورووپا بسووتێنن و بیڕووخێنن"، ئیدی هەموو تێرمیناڵ و شوێنە گشتییەكان لەبەر پەكەكە زیاتر پاسەوانیان بۆ دانراوە و پەلاماری خاوەنكاری توركیان دەدا و هەرچی كردەوەی تیرۆریستییە ئەنجامیان دەدا، تەنانەت توركیا بۆ خۆی كۆمەڵێك كردەوەی خراپی كرد و خستییە ئەستۆی پەكەكە.

ئیدی ئەمە وای لێ هات تا پەكەكە وەكوو رێكخراوێكی تیرۆریستی لە ئەورووپا و ئەمریكا بناسرێت. بە ئۆجەلانیان گوت تۆ ئەو كارە بكە و پاشان بڕۆ بۆ ئەورووپا و سەلام و عەلەیكومیان لێ بكە، ئیدی ئەوانیش بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ تۆدا دەكەن و وەرت ناگرن. لەناو گەریلاش بە هەمان شێوە، فەوزایەكی گەورەی دروست كرد، ئەویش گرووپێكی دروست كرد تا فشار بخەنە سەر گرووپەكانی تر و یەكتری قبووڵ نەكەن، بەمەش دابەشیان بكات، ئاخر لە ١٩٩٣ نزیكەی ٣١ هەزار گەریلا هەبوون و ناویان گەریلای تۆڵەسەندنەوە بوو، ئەوانی دابەش كرد و فەرتەنەی خستە ناویان، ئەویش فەرمانی پێ كرابوو وا بكات. دەمەوێت بڵێم تەسفییە و پاكتاوی گەریلای كرد، لە ٣٠ هەزارەوە بۆ پێنج هەزار گەریلا كەم بوونەوە.

(باسنیوز) تەسفیەكە چۆن بوو، گەریلایان كوشت، یان لە پەكەكەی دوور خستنەوە؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: ئەوەی پێویستی بكردایە بەڵێ دەیكوشتن، بەڵام بۆ نموونە لە ناوچەیەك بەڕێوەبەرایەتییەكی گەریلا هەبووە و زۆر یەكگرتوو بوون و كاری خۆیان كردووە، ئۆجەلان گرووپێكی دەناردە ئەوێ و دەیگوت خۆتان ببن بە هەموو شت و ئەركەكانی ئەوان كەم بكەنەوە، بەمەش دژی یەكتری دەوەستانەوە و یەكتریان لەناو دەبرد، یان دابەشیان دەكرد.
ئەو فەرماندەكانی پەكەكەشی تەسفیە كرد، بۆ نموونە شەمدین ساكیك كە فەرماندەی پەكەكە بوو و ١٨ ساڵ لەدژی دەوڵەتی توركیا وەستایەوە و شەڕی كرد، بەڵام ئۆجەلان ئەوی رادەستی توركیا كردەووە.

(باسنیوز) شەمدین ساكیك لە گرتووخانەی توركیا كتێبێكی لەبارەی ئاپۆ بڵاو كردەوە، لەو كتێبەدا زۆر رەخنە لە ئاپۆ دەگرێت و بە چەندین تاوان تۆمەتباری دەكات، باشە بۆچی شەمدین بەرلەوەی زیندانی بكرێت ئەو بۆچوونەی لەسەر ئۆجەلان نەبووە و دوای زیندانیكردنی بۆچوونی لەبارەی ئۆجەلانەوە گۆڕا؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: ئەوەی لەناو پەكەكە بوایە، هەرگیز بۆی نەبووە رەخنە لە ئۆجەلان بگرێت و ئەمە مەحاڵ و كوفر بووە، بۆیە شەمدین بەرلەوەی دەستگیر بكرێت رەخنەی نەگرتووە. پرسیارێك لە موراد قەرەیلان و جەمیل بایك دەكەم، لەوەتەی پەكەكە دروست بووە، بە هەزاران لاپەڕە و بگرە بە ملیۆنان لاپەڕە لەسەر پەكەكە نووسراوە لە لایەن خۆیانەوە، ئایا لە یەك شوێندا توانیویانە یەك رەخنەش لە ئۆجەلان بگرن؟ با نیشانم بدەن، منیش لە هەموو ئەو ئیدعایانەی كردوومە پەشیمان دەبمەوە و وازیان لێ دێنم.

شەمدین ساكیك یەكێك بووە لەو سەركردانەی ١٨ ساڵ دژی دەوڵەتی توركیا شەڕی كردووە، لە توركیا و تەواوی جیهاندا ناوێكی دیار و بەناوبانگ بوو، ئۆجەلان ئەمەی پێ هەزم نەكرا، چونكە ئەوان نایانەوێت هیچ كەسێك لە ئۆجەلان زیاتر بەناوبانگ بێت و دەركەوێت، ئەوەی دەركەوێت و بیەوێت ناوبانگ دەربكات، لەناوی دەبەن. ئەگەر بۆ ئەم قسانەم بەڵگەت دەوێت با بۆت بسەلمێنم، ئۆجەلان لە ئیفادەكەیدا لەگەڵ حەسەن ئوغوور، دەڵێت ئەگەر هەر كەسێك لە بەرامبەر مندا ئەڵتەرناتیڤ بوایە، تەسفییەم كردووە، بۆیە گەیشتمە ئەم خاڵەی ئێستام، ئەمەش لە یوتیوبدا بە دەنگ هەیە و سەیری بكەن.

(باسنیوز) ئەوەندەی زانیارییت هەبێت، تاكوو ئێستا پەكەكە چەند كەسی خۆی تەسفیە كردووە؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: لە كتێبی (بێدەنگی مردنە) باسم لەوە كردووە، پەكەكە ٢٤ كەسی لە ئەندامی لیژنەی مەركەزیی خۆی تەسفییە كردووە و لەسێدارەی داون، لەو كتێبەدا ئەو ٢٤ كەسەم بە تەواوی ناساندووە، ناوی خۆیان و باوك و دایك و تەواوی زانیارییەكان، با پەكەكە ناوی یەك كەسم لەو ٢٤ كەسە پێ بڵێت كە لە ژیاندا ماوە، من واز لەوانی تر دەهێنم و بڵاویان ناكەمەوە. هەروەها ٤٩ كەسی تریشیان لە لیژنەی مەركەزیی حزب بە خائین ناو بردووە. جەمیل بایك یەكێك بوو لەو كەسایەتییانەی تەنیا فەرمانەكانی ئۆجەلانی جێبەجێ كردووە و ئەو چی بوتایە ئەو دەیكرد و ئۆجەلان بیگوتایە كێ بكوژە ئەو دەیكوشت، بایك لە بكوژێك زیاتر هیچی تر نییە.

(باسنیوز) شەمدین ساكیك لە كتێبەكەیدا دەڵێت (مەعسووم كۆركماز) كە یەكەم شەهیدی پەكەكە بوو و فەرماندەیەكی سەربازی بووە، لەسەر داوای ئۆجەلان كوژراوە و دەوڵەتی توركیا ئەویان نەكوشتووە، تۆش هەمان بۆچوونت هەیە؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: لە كتێبی (تەسفییەكرنی پەكەكە) كە ئۆجەلان بۆ خۆی نووسیویەتی، لەو كتێبەدا ئۆجەلان لە چوار شوێندا باس لەوە دەكات، مەعسووم كۆركماز بە دەستی ناوخۆیی كوژراوە، لە شوێنێك دەڵێت هۆگر ئەوی كوشتووە، لە شوێنێكی تر دەڵێت شاهین باڵیچ ئەوی كوشتووە، لە شوێنێكی تریش شەمدین ساكیك تۆمەتبار دەكات و لە شوێنێكی تریش دەڵێت ئەمە پیلانێك بووە لە ناوخۆی پەكەكە كۆركمازیان كوشتووە.

باشە ئەگەر هۆگر كوشتوویەتی، كۆركماز لە ١٩٨٥ كوژرا، بەڵام هۆگر لە ١٩٩١ لەناو پەكەكە رایكردووە، ئەی باشە بۆچی لەو ماوەیەدا هۆگر فەماندەی باڵای پەكەكە بووە و كەسی یەكەم بووە لە لای ئۆجەلان، بۆچی بە سزای نەگەیاند؟ ئەگەر شاهین باڵیچیش ئەوی كوشتبێت، ئەو لە ١٩٨٨ كوژرا، بۆچی لە ماوەی ئەو سێ ساڵەدا ئەویشت بە سزا نەگەیاند بەوەی كۆڕكمازی كوشتووە؟ ئەگەر شەمدینیش ئەو كارەی كردبێت، بۆچی لە ١٩٨٥ كۆركماز كوژراوە، كەچی شەمدین تا ١٩٩٩ لای ئۆجەلان بووە و كەسێكی گرنگ و فەرماندەیەكی باڵا بوو، ئەی بۆچی ئەویشت سزا نەدا؟

وەڵامی ئەمانە ئەوەیە، كۆركماز لە ناوخۆی پەكەكە كوژراوە، كەسێكیش لە لایەن پەكەكە بكوژرێت، هەموو كەسێك دەزانێت ئەگەر بە فەرمانی ئۆجەلان نەبێت، كەس ناتوانێت هیچ كەسێك بكوژێت، تۆ خۆت فەرمانی كوشتنی دەدەیت و پاشان هەر كەسێك دژی تۆ بوەستێتەوە، ئیدی كوشتنەكە دەخەیتە ئەستۆی ئەو.

(باسنیوز): باشە دەمەوێت پێت بڵێم هۆكار چییە ئۆجەلان مەعسووم كۆركماز بكوژێت؟ یاخود ئۆجەلان چی قازانج دەكات كە كۆركماز بكوژێت و لەناوی ببات؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: بەڵێ هۆكار هەیە، ئۆجەلان پەكەكەی بە ١١٠ كەس دروست كرد، لە ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٧٨ واتە لەو رێژەیە هەموویانی بەسەر شارەكانی باكووردا دابەش كرد و لە قۆتابخانە و فەرمانگە و لادێ و ناوچە و شار و و قەزاكاندا بە نهێنی باسیان لە دروستكردنی پەكەكە كردووە تا لە دوای سێ كۆبوونەوەی عەنتاب پەكەكە دروست دەبێت، پاشان لەو ١١٠ كەسە نیوەیان دەستگیر دەكرێن و ئەوانی تریش بۆ دەرەوەی توركیا رادەكەن، یەكەم كەسیش كە توركیای جێ هێشت ئۆجەلان بووە و چووە سووریا، ئەگەر زۆرە لەسەر داوای دەوڵەتی توركیا چووبێتە سووریا، چونكە ئۆجەلان دەڵێت لەسەر داوای پیلۆت نەژاد و بەو پارەیەی دای بە من پەكەكەم دروست كرد، نەژادیش لە دەزگای هەواڵگریی توركیا بوو، بەڵام ئەمە درۆیە و پارەی وەرنەگرتووە، چونكە گەر وریبگرتایە ئەوانەی لەگەڵی بوونە دەیانزانی و پارەكەیان دەبینی. بەڵام ئەوكات بزووتنەوەی كوردی لە جموجۆڵێكی زۆر گەورە و گرنگ بوو، بۆیە دەوڵەت ویستی دەست بەسەر پەكەكەدا بگرێت و بەڕێوەی ببات.

مەحموود كەمال ئاكسۆی داڕێژەی كودەتایەكەی ١٩٨٠ بووە، ئۆجەلان دەڵێت من هەستم بەوە كردووە لە توركیا كودەتا دەك˜رێت بۆیە رامكردووە، بەڵام ئەگەر زۆرە ئەو ئاكسۆیە بە ئۆجەلانی گوتبێت بە نیازی كودەتان، چونكە هەموو هێزی ئاسمانی و زەمینی لەژێر دەستی ئەودا بووە، ئۆجەلانیش پەیوەندیی لەگەڵ دەوڵەتدا هەبووە، بۆیە زانیویەتی كودەتا دەك˜رێت و چووەتە سووریا، واتە پیاوی دەوڵەتی توركیا چووەتە سووریا و لەوێ حكوومەتی سووریا دەیخاتە ژێر چاودێری و پارێزگاریی لێ دەكات.

(باسنیوز) جەمیل بایك لە كتێبی (شۆڕشێك لە ئاگر)، كە حەسەن جوودی دیمانەی لەگەڵدا ئەنجام داوە و پاشان لە چوارچێوەی كتێبێكدا بڵاو كراوەتەوە و بۆ خۆم كتێبەكەم خوێندووەتەوە، لەو كتێبەدا، جەمیل بایك تۆ و محەممەد شەنەر تۆمەتبار دەكات، بەوەی لەناو زیندانی ئامەددا، ورە و مۆڕالی زیندانیانتان كەم كردووەتەوە و بۆ دەوڵەتی توركیا كارتان كردووە. بایك ئێوە تۆمەتبار دەكات كە سیخووڕن و كارتان بۆ دەوڵەتی توركیا كردووە. دەمەوێت بڵێم ئەم تۆمەتانەی ئاراستەت كراوە، ئایا بەر لە بڵاوكردنەوە كتێبەكانت بووە، یان دوای بڵاوكردنەوەی بووە؟ بۆ خۆت چۆن وەڵامی بایك دەدەیتەوە؟

محەمەد سەلیم چوروككایا: ئەوانە بە هیچ شێوەیەك ئاگاداری بارودۆخی زیندانیانی ئامەد نەبوون، بۆیە كە قسەی وا دەكەن، بەتەواوی رەتی دەكەمەوە و درۆیە. من و محەممەد شەنەر ماوەی ١١ ساڵ لە زیندانی ئامەد ماینەوە و لەگەڵ شەنەردا رێبەڕایەتیی ٣٠ هەزار زیندانیمان كردووە، هەموو ئەو ئەشكەنجەیەی دەوڵەت هی ئێمەی داوە بە خۆڕاگریمان بەتاڵمان كردەوە، من بۆ خۆم چوار جار بۆ ماوەی ٤٦ رۆژ مانم لە خواردن گرتووە، محەممەد شەنەریش ٤٥ رۆژ مانی مردنی لە خواردن گرت، ئێمە بووین لەبەردەم دادوەر مەبەستم ئەوەیە كە دادگایی كراین، هاوارمان كرد (ئێرە كوردستانە و ئێوە خاكی ئێمەتان داگیر كردووە، ئێوە زمانی ئێمەتان قەدەغە كردووە و ئێوە گوندەكانی ئێمەتان رووخاند و سووتاندتان، ئێمە كاتێك دەستمان داوەتە چەك و داوای مافی خۆمان بە چەك دەكەین ئێوە هۆكارن، چونكە لە زمانی چەك زیاتر لە هیچ شتێكی تر تێناگەن). ئەم هاواركردنەی من و شەنەر و مەزڵووم دۆغان و خەیری و زۆری تر بوون، جیاوازییەكە ئەوەیە ئێمە نەمردین و ئەوان مردن، پێویستی نەدەكرد هەموومان بمرین و دەبوایە بەشێكمان بمێنینەوە، گەر پێویستی بكردایە هەموومان بمرین ئێمەش دەمردین.

ئەگەر من سیخووڕ بووم، ئەی چۆن لە دوای كودەتای ١٢ی ئەیلوول دوو كتێبم بڵاو كردەوە كە بە هەردووكیان هەزار لاپەڕە بوو، لە لایەن كتێبخانەكانی پەكەكەوە بۆم چاپ كرا و ١١ هەزار گەنج بەهۆی كتێبەكانی منەوە چوونە شاخ و بوونە گەریلا، باشە چۆن كتێبی سیخووڕێك بە ئەورووپادا بڵاو دەكەنەوە و لە زینداندا دابەشی دەكەن، هەروەها لە شاخیش وەكوو كتێبی فێركاری بۆ گەریلای بەكار دەهێنن، بۆچی تا ئەوكاتەی نەمگوت ئۆجەلان خائینە و رەخنەم لێی گرت بەوەی پیاوی دەوڵەتی توركیایە، من سیخووڕ نەبووم، ئەمانە درۆیەكە و هەڵیدەبەستن و ناكرێت بڕوایان پێ بكرێت.

(باسنیوز) واتە ئەگەر مەزڵووم دۆغان لە ژیاندا بمایە، ئەویش وەكوو تۆ بیری دەكردەوە؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: بەڵێ وەكوو من بیری دەكردەوە، وەكوو منیش لە لایەن پەكەكەوە بە خائین و سیخووڕ ناو دەبرا، ئەگەر بهاتایە رەخنەی لە پەكەكە و ئۆجەلان بگرتایە. ئێمە بۆ رەخنەمان دەگرت؟ دەمانگوت ئەگەر پارتێكی كۆمۆنیستین، كە ئەوكات كۆمۆنیست مۆدێل بوو، دەمانگوت با كۆنگرە ببەستین و لەوێ بڕیارەكان بدەین، بەڵام ئۆجەلان رێگریی دەكرد و كاتێكیش كۆنگرە دەبەسترا، قسەی كەس وەرنەدەگیرا و ئۆجەلان چی بگوتایە ئەوەی ئەو جێبەجێ دەكرا. دوای چوار ساڵی تر بە هەمان شێوە، ئەندامانی لیژنەی مەركەزی ناچار دەكران لە ئۆجەلان بپاڕێنەوە و دیكتاتۆریەتی ئەو بپارێزن، تۆ سەیری هەموو نووسینەكانیان بكەن، دەڵێت ئۆجەلان تۆ گەورەیت و ئێمە بچووكی تۆین.

(باسنیوز) جەمیل بایك دەڵێت ئێمە تونێلێكمان لێ دا بۆ ناو زیندانی ئامەد، بەو مەبەستەی زیندانیان ئازاد بكەین، بەڵام محەمەد شەنەر و سەلیم چوروككایا رێگرییان لێی كرد و دەوڵەتیان ئاگادار كردەوە، ئایا مەسەلەی تونێلە حەقیقەتی تێدایە؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: رێك پێچەوانەكەی راستە، ئۆجەلان ئەو تونێلەی ئاشكرا كرد و لەناوی برد. ئێمە لە ١٩٨٥ لەناو زیندان بینیمان لەناو یەكێك لە دیوارەكاندا بۆشاییەك هەیە و دەشێت تونێل لێ بدرێت و خۆمان رزگار بكەین، ئێمە ١١٠ كەس بووین و دوای لێكۆڵینەوە دەركەوت كە ئەو بۆشاییەی لە دیواردا دۆزیمانەوە دەكرێت تونێلی بۆ لێ بدەین و بڕیارمان دا تونێل لێ بدەین، بەڵام گوتمان با ٣٠ ˜كەسی بزانێت و ٨٠ ˜كەسەكەی تر ئاگاداری نەبن.

ئێمە نامەیەكمان نووسی بۆ ئۆجەلان، لە رێگەی محەمەد شەنەرەوە كە دایكی دەهاتە سەردانی، نامەكە ئەوەندەی دەنكە نۆكێك بوو و لەناو دەمیدا خستییە ناو دەمی دایكی و لێی نووسرا و نامەكە بگاتە دەستی كۆمیتەی پەكەكە لە ئامەد و ئەوانیش بۆ لیژنەی بنێرین و لەوێشەوە بە پارە بۆ ئەڵمانیای دەنێرن كە سەلاحەدین چەلیك وەری دەگرێت، بەبێ ئەوەی هیچ لایەنێك نامەكە بكاتەوە، چەلیك بۆ ئۆجەلانی دەنێرێت لە شام. نامەكە دوای دوو مانگ چاوەڕوانی هیچ وەڵامی نەبوو، ناچار نامەیەكی ترمان بە هەمان رێگەدا نارد و هەر وەڵامی نەبوو تا چوارەمین نامە، كە چوارەمینی حەیدەر كەرەسوون، بە ئایسەلی خێزانم دەڵێت ئەمە چوار جارە هەمان نامە دەنێرن و با بیكەینەوە بزانین چی تێدا نووسراوە.

ئێمە لە نامەكەدا باسمان لەوە كردبوو كە تونێل لێ دەدەین، بەڵام پێویستمان بە پێنج گەریلا دەبێت لەگەڵ ١٠ چەك و كامیۆنێك بۆ رزگاركردنی ئێمە، ئەو شوێنەمان باس كردبوو كە لە تونێلەكەدا دێینە دەرەوە، ئەوانیش ئەوەی ئێمە ویستمان كردیان و پێنج گەریلا و١٠ چەك و كامیۆنیان ئامادە كردبوو، بەڵام ئێمە لە شوێنێكی هەڵە هاتینە دەرەوە و رێك شوێنێك بوو جەندەرمەی توركیای لێ بوو و ئێمەش تونێلەكەمان داخست.

ئەمە لە چی شوێنێك هەیە، ٣٠ كەسی سەر بە پارتەكەت فەرمانی لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە و دەیانەوێت لە رێگەی تونێلێكەوە رابكەن و چوار نامە بۆ سەرۆكەكەیان دەنێرن و ئەویش وەڵامیان نەداتەوە، ئێستاش لە رێگەی جەمیل بایكەوە ئێمە تۆمەتبار بكرێین بەوەی دەوڵەتمان ئاگادار كردووەتەوە كە دەیانەوێت تونێل لێ بدەن! سەیرە، ئەوان دەیانەوێت تاوان و سیخووڕیی خۆیان بەسەر ئێمەدا ساخ بكەنەوە.

(باسنیوز): زۆر جار باس كراوە، پەكەكە دەڵێت یەك پارت و یەك ئاڵا و یەك سەركردە، واتە ئەوان لە خۆیان زیاتر كەسیان قبووڵ نییە. سەلاحەدین دەمیرتاش كە سەركردەیەكی باڵای كوردە و پێشتر هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) بووە، شەیدای ئۆجەلانە و ئایدۆلۆژیای ئەوی قبووڵە و پێی سەرسامە، ئەمەشی لە چەند شوێنێك باس كردووە و نزیكەی دوو جار لە ئیمیراڵی سەردانی ئۆجەلانی كردووە. لە ڕوانگەی كەس قبووڵنەكردنەوە، ئایا دەستگیركردنی دەمیرتاش دەستی پەكەكە و ئۆجەلانی تێدایە؟ چونكە بەڕێزت بە ئاشكرا دەڵێیت ئۆجەلان پیاوی دەوڵەتی توركیایە؟

محەمەد سەلیم چوروككایا: پەروین بەڵدان، سەلاحەدین دەمیرتاش، سری سوورەیا ئۆندەر، چوونە ئیمیڕاڵی ئۆجەلانیان بینی، لە چاوپێكەوتنەكانی پارێزەرەكانی ئۆجەلاندا بڵاو كراوەتەوە، كە ئۆجەلان بە دەمیرتاشی گوتووە: "دەمیرتاش تۆ دروست دەكەن شوێنی من بگریتەوە، بەڵام من تەدبیری خۆم كردووە لەو ڕووەوە، چونكە گوناحە و تۆ خاوەنی منداڵیت" ئەمە مانای چییە، دەزانیت شەڕی سووریا بەرپا بووبوو و كەس گوێی لە ئۆجەلان نەدەگرت، چونكە قەندیل كەوتبووە ژێر ركێفی ئێران و سیاسەتی ئەوانی جێبەجێ دەكرد.

واتە ئێران و عێراق و شام و قەندیل لەو شەڕەدا لە بەرەیەك بوون، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سعوودیاش لە بەرەیەك بوون و باشووری كوردستان و ئەورووپا و ئەمریكاش لە بەرەیەك بوون، ئۆجەلان لە بەرەی ئەردۆغان بوو، چونكە ئەوان دەیانگوت ئەگەر قەندیل لەگەڵ بەرەی ئەردۆغان بوایە، ئێران هەموویانی دەگرت و رادەستی توركیای دەكردنەوە، هەدەپەش گوێی لە ئۆجەلان نەگرت و گوێی لە قەندیل گرت، ئەمەش وای كرد حكوومەتی توركیا هەموو شارەوانییەكان لە هەدەپە وەربگرێتەوە و بەشێكی زۆری ئەندام پەرلەمانەكانی دەستگیر كرد و گوتی لەناو زیندان ئیسڵاحیان بكەن تا بچنە بەرەی ئۆجەلانەوە.

ئەگەر سەیری لێدوانەكانی دەمیرتاش بكەیت، لەگەڵ لێدوانەكانی وەزیری ناوخۆی توركیا جیاوازیی نییە، بەوەی بەرگری لە توركیا دەكەین و بەرگری لە ئاڵاكەی و زۆر شتی تریش، ئێستاش دەیانەوێت هەدەپە دابخەن كە پێموایە دایناخەن و دەیانەوێت هەدەپە بكەوێتە ژێر هێڵەكانی ئۆجەلان، بۆ ئەمەشیان دەمیرتاش دەهێننەوە و ئەو ئەركەی پێ دەدەن. قەندیل و ئۆجەلان دژی یەكتری نین، بەڵام ئۆجەلان لەژێر چەتری ئەردۆغانە و قەندیلیش لەژێر چەتری ئێران، ئەمەیە جیاوازی و ناكۆكییەكە.

(باسنیوز): باشە ئەگەر حاڵی پەكەكە و سەرۆكەكەی وایە، بۆچی لە پارچەكانی تری كوردستان دەچنە ریزی پەكەكە و بڕوایان پێی هەیە؟ ئیلكەر باشبوغ سوپاسالاری پێشوور توركیا لە چاوپێكەوتنێكی تەلەڤزیۆنی (CNN)ی توركی گوتی: "هەموو جار گووتوومانە ژمارەی چەكدارانی پەكەكە تەنیا پێنج هەزارە، گەر ئەوەندەیە ئەی خێرە چەندین ساڵە كۆتاییان پێی نەهاتووە؟دەمەوێت بپرسم بۆچی پەكەكە ژمارەی چەكدارەكانی لە زیادبوونە؟

محەمەد سەلیم چوروككایا: كێشەی كورد تەنیا لە باكوور نییە، لە هەر چوار پارچەی كوردستان هەیە، دەوڵەتی توركیا دەیەوت لەڕێگەی پەكەكە ئەو كێشانە لەبار ببات، ئەوان نایانەوێت پەكەكەیەكی بێچەك بوونی هەبێت، چونكە ئامانجەكەیان لەناو دەچێت، بۆ ئەمەشیان بەڵگە هەیە، بۆ نموونە یەشار یاكش وەزیری دەرەوەی پێشووتری توركیای سەر بە ئاكەپە دەڵێت، با لە ناوەوەی توركیا پەكەكە بێچەك بكەین و لە دەرەوەش پڕچەكیان بكەین.

ئێستا توركیا و ئێران رێك كەوتوون بۆ لەناوبردنی ئەو فیدڕاڵییەی لە باشووری كوردستان هەیە، ئەویش لەڕێگەی حەشدی شەعبی و پەكەكەوە، تۆ سەیری كە توركیا لە عەفرینەوە تا قەندیل بنكەی سەربازیی داناوە و ٤٠ كیلۆمەتر هاتووەتە ناو قووڵایی هەرێمی كوردستان، تاكە بەهانەشی ئەوەیە لەو ناوچانە پەكەكە هەیە و پەكەكەش تیرۆریستە، بۆیە نەتەوە یەكگرتووەكانیش هیچی پێ ناكرێت.

توركیا بە عێراقی گوتووە، مادام ئێرە خاكی تۆیە وەرە حاكم بە بەسەریدا و پەكەكە لەناو ببە، گەر ناتوانیت ئەوا من جێبەجێ دەكەم. ئێستا توركیا لە عەفرینەوە تا قامیشلی چووە و لە سلۆپیشەوە تا قەندیل دەچێت، واتە ئەگەر پەكەكە لەو نالۆژیكییەی بەردەوام بێت تا قەندیل دەچن و توركیاش لە قەندیلەوە تا عەفرین بۆ خۆی حاكم دەبێت و دەسەڵاتی بەسەردا دەبێت. بڕۆن لە شنگالیش لێكۆڵینەوە بكەن، لەوێ حەشدی شەعبی و چەكداری توركمان و پەكەكە بوونیان هەیە و دەیانەوێت هێڵێك تا كەركووك و مووسڵ دورست بكەن، ئەمەش مەقەستێكە ئێران و توركیا لە كوردستانی دەدەن، ئەوان هەرچەندە دژ بە یەكتری بن، بەڵام دژی كوردستان یەكگرتوون و بۆ لەباربردنی دەوڵەتی كوردی و هەر شتێكی كورد یەكگرتوون.

(باسنیوز): لە ٢٠١٣ لەیلا زانا دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی (حورییەت)ی توركیدا كردووە، لەوێ ئاماژە دەدات، كێشەی كورد لەسەر دەستی ئەردۆغان چارەسەر دەكرێت، پێتوایە ئەردۆغان كێشەی كورد چارەسەر بكات؟ چی دەڵێیت لەبارەی ئەو گوتەیەی زاناوە؟
محەمەد سەلیم چوروككایا: خۆی كێشەی كورد بۆیە چارەسەر نەكرا، رەنگە بڵێین پەیوەندیی بەو كێشەیەی زاناشەوە هەیە، تۆ دەزانیت چەند ساڵێك بەر لە ئێستا زانا ژمارە یەك بووە لە دنیادا وەكوو كەسایەتی كە هەوڵی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد داوە، ئەو خاوەنی چوار خەڵاتی نێودەوڵەتییە و لەڕووی نێودەوڵەتییەوە وەكوو كورد ژمارە یەك بووە و بەناوبانگترین كەسایەتی بووە.

باشە بۆ ناپرسن ئێستا زانا لە كوێیە؟ ئەو لەسەر داوای پەكەكە و بە فەرمانی ئەوان پێیان گوت بڕۆ ماڵەوە دانیشە و هیچ قسەیەك نەكەیت، تەنانەت بۆت نییە لەناو پەرلەمانیش وەكوو ئەندام پەرلەمان سوێند بخۆیت، چونكە ئەو ئەندام پەرلەمانی هەدەپە بوو، بۆ وایان لێی كرد؟ چونكە ئەو فیگۆرێكی گرنگی نێودەوڵەتی بوو. ئەگەر من قسەیەك یان لێدوانێك بدەم، رەنگە ١٠ بۆ ١١ هەزار كەس گوێی لێ بێت، بەڵام كاتێك لەیلا زانا لێدوان یان قسەیەكی بكردایە، یەك ملیار كەس گوی لێ دەگرت، چونكە فیگۆرێكی نێودەوڵەتی بوو، بۆیە لەیلا لە لایەن پەكەكەوە بێدەنگ كرا.

باشە كوردەكان بۆ ناپرسن كوا لەیلا زانا؟ بۆ لێدوانێك نادات؟ بۆ لە دەرەوەی سیاسەتە؟ ئۆجەلان هەڕەشەی كوشتنی لێی كرد. سری سوورەیا ئۆندەر و پەروین بولدان و دەمیرتاش كاتێك چوونە لای ئۆجەلان لە ئیمیڕاڵی، ئۆجەلان پێیانی گوتبوو، لەیلا زانا لەگەڵ دوو كەسایەتیدا دەیانەوێت بێنە لای من، پێی بڵێن ئێمە بەجدی سیاسەت دەكەین و كاری وا نەكات، گەر نا باجەكەی بە گیانی دەدات، دیارە میت بە گونجاوی نەزانیوە زانا لەگەڵ ئەو دوو كەسەدا بێت بۆیە وا تووڕە بووە.

كەسێك ئەوەندە هەوڵی دابێت بۆ كورد و ناوێكی ئەوەندە گرنگ بێت و ئۆجەلان هەڕەشەی كوشتنی لێ بكات، بۆچی هەدەپە دەنگی لێوە نایەت؟ بۆچی هیچ لایەنێك لەو ڕووەوە قسە ناكات و میدیا هیچ ناڵێت؟ ناڵێم میدیای توركیا، چونكە ئەوان ئەوەیان دەوێت، مەبەستم میدیای كوردییە، هەروەها ئافرەتێك ئەوەندە هەوڵی بۆ مافی مرۆڤ دابێت، ئەی بۆچی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤی جیهانی و توركیا نایەنە دەنگ، كە ئۆجەلان هەڕەشەی كوشتنی لێی كردووە.

(باسنیوز): لە پاریس ساكینە جانسس كە كەسایەتییەكی گەورەی پەكەكە بوو و لەگەڵ دوو ئافرەتی تردا لەناو ماڵەكەیدا بە كوژراوی دۆزرانەوە، تۆ پەكەكە و میتی توركیا بە كوشتنی ئەو سێ كەسایەتییە تۆمەتبار دەكەیت، پەكەكە چ قازانجێك دەكات لە كوشتنی ساكینە و دوو هاوڕێكەی تری؟

محەمەد سەلیم چوروككایا: بۆچی ساكینە و هاوڕێكانی لەلایەن پەكەكە و میتەوە بكوژرێن؟ ئەمەتان بۆ ئیسپات دەكەم. عومەر گونەی لە دەزگای هەواڵگریی توركیا كاری كردووە، ئەمەشی چەندین جار گوتووە و تۆماری دەنگییشی هەیە و لە هەمان كاتدا ئەندامی پەكەكەش بووە، عومەر گونەی دوو ساڵ لە هۆڵەندا رێبەرایەتیی پەكەكەی كردووە و لە پاریسیش بە هەمان شێوە ئەركی پێ سپێردراوە و لە ٢٠١٢دا دوو جار چووەتە قەندیل. ساكینە لەگەڵ مندا بووە لە زیندانی ئامەد و زۆر ئەشكەنجە دراوە و باجی زۆر قورسی لەسەر كورد و پەكەكە داوە، بەڵام ئەو ئەوەندە بڕوای بە عومەر گونەی هەبووە، ژمارەی نهێنیی كارتی بانكی خۆی داوەتە گونەی و پۆلیسی پاریسیش ئەوەی ئیسپات كردووە، كە یەك رۆژ بەر لە كوشتنی ساكینە لە لایەن گونەیەوە، گونەی هەژماری بانكی ساكینەی سفر كردووە و هەموو پارەكانی راكێشاوە، پرسیار ئەوەیە بۆچی لەم كاتەدا ساكینە بكوژرێت و حیكمەتی ئەوە لە چیدایە؟

دەزانن كاتێك ئۆجەلان خۆی رادەستی توركیا كردەوە، ئەو لەژێر چاودێریی سوپای توركیا بووە، ئەگەر ئاكەپە نەهاتایەتە سەر دەسەڵات، ئۆجەلان تا ژیان ماوە كەس نەیدەبینی و كەس نەیدەتوانی قسەی لەگەڵدا بكات، لە سەردەمی ئاكەپەشدا تا ١١ ساڵ ئۆجەلان نەبینرا، پاشان گەریلایان راپێچی باشووری كرد و لەگەڵ (پەدەكە و یەنەكە) شەڕیان پێ كردن و پاشان ئەمریكا سەدام حوسێنی رووخاند و فیدڕاڵی بۆ كوردانی باشوور مسۆگەر كرا، پاشان سوپا داوای كرد گەریلا لە باشوور بكشێتەوە، هۆكارەكەشی ئەوە بوو سوپا نەیدەویست ئاكەپە لە دەسەڵاتدا بمێنێتەوە، بۆیە گەریلای لەگەڵ ئاكەپەدا دایە شەڕ و تا لەو رێگەیەوە شەڕ گەورە ببێت و كودەتا بەسەر ئاكەپەدا بكەن، لەو كاتەدا دۆسیەی ئەرگەنەكۆن هاتە بەر باس و ٨٠ جەنەڕاڵ دەستگیر كران و ئاكەپە دەرگای ئیمیڕاڵیی كردەوە.

لەو سەردەمەدا ئاكەپە و ئۆجەلان ئیدی بەیەكەوە كاریان كرد، واتە لە ماوەی ١١ ساڵدا سوپا و پەكەكە كارێكیان كرد، كە كێشەی كورد هەمووی لە دەستی ئاكەپەیە و ئەگەر ئەوان بیانەوێت چارەسەری دەكەن و بەبێ ئاكەپە هیچ ناكرێت، وەكوو بڵێی كێشەی ١٠٠ ساڵی كورد لە توركیا لەسەر دەستی ئاكەپە چارەسەر ببێت، كاتێكیش سەرۆكەكەیان لەگەڵ ئاكەپە كار دەكات، ئەمە چۆن لە رای گشتی بگەیەنن و چۆن بڕوا بە خەڵك بهێنن، بۆیە دەستپێكردنی پرۆسەی چارەسەری لەگەڵ لێدانی ساكینە دەستی پێكرد.

پیلانەكە بەو شێوەیە بوو، ئاكەپە و ئۆجەلان مادام بە یەكەوە كار دەكەن با رایبگەیەنن و ئاشكرای بكەن، بەڵام لەناو پەكەكەدا كەسانێك هەن دژی ئەو هەنگاوەن و دەڵێن ئەو لایەنەی بە دوژمنی خۆتان و كوردتان دەزانی، خێرە ئێستا بوون بە یەك و بە یەكەوە كار دەكەن؟ لێرەدا حكوومەت دەیزانی پیاوێكی خۆیان بەناوی گونەی هەیە لە پاریس كە لەگەڵ ساكینەیە و ساكینەش وەكوو (كەوی ناو قەفەس لە دەستی خۆیانە)، گوتیان با ساكینە و دوو هاوڕێكەی بكوژین، ئیدی بە رای گشتیی توركیا و پەكەكە دەڵێن، لەو كاتەی ئۆجەلان دەیەوێت هەنگاوێكی مێژوویی بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد بنێت لەگەڵ ئاكەپەدا، هێزی دەرەكی ئەمەی پێ هەزم ناكرێت و لە ساكینەیان داوە و دەیانەوێت كێشەی كورد لەناو ببەن، ئەگەر ساكینەتان خۆش دەوێت لە پشت هەنگاوەكەی ئەردۆغان بن و ببنە خاوەنی پرۆسەی چارەسەری. میدیای دەوڵەت و پەكەكە بە یەكەوە رێوڕەسمی ناشتنی تەرمی ساكینە و دوو هاوڕێكەیان نیشان دەدا و بەیەكەوە و بە یەك ئاواز دەیانخوێند، بەمەش ئەوانەی دژی نزیكبوونەوەی ئاكەپە و ئۆجەلان بوون، بێدەنگ كران و لەو نێوەندەشدا ساكینە جانسز بووە قوربانی.